"عەرەبی هاوردە بەپشتبەستن بەهێزی چەکداری هێرش دەکەن سەر کوردانی پەلکانە"

فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، رایگەیاند: " لەلایەن ئیدارەی شاری کەرکوکەوە پشتیوانی لە هێرش کردنە سەر گوندە کوردییەکان دەکرێت".

سنووری سەرگەڕان لە ٤٢ گوند پێکدێت و تەواوی ناوچەکە کوردییە جگە لە دوو گوندی، عەرەبی هاوردە هەوڵدەدەن زەوییەکانی کورد لە سنوری شارۆچکەکە داگیربکەن و جوتیارانی کوردیش سوپای عێراق تۆمەتبار دەکەن بە پشتیوانیکردنیان.

ماوەی دوو رۆژە پشتئەستوور بەهێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە خۆیان لە گوندی پەلکانە لە رۆژئاوای شاری کەرکوک جێگیر کردووە، جارناجار شەڕ بە دانیشتووانی کوردی گوندەکە دەفرۆشن و جارجارەش پاشەکشە دەکەن، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جوڵەی بە لیوای دەی پێشمەرگە کرد بۆ سنووری گوندەکە، ئێستا جگە لە هەندێک ئۆتۆمبێلی هەمەری سوپای عێراقی ئەوانەی دیکە هەمووی کشاونەتەوە.

دوور لە یاسا و دەستور هێرش کراوەتە سەر کورد

فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەمرۆ یەکشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەركۆنەی هێرشەكانی چەند رۆژی رابردووی ژمارەیەك "عەرەبی هاوردەی" بۆ سەر گوندنشینە كوردەكانی پەڵكانە كرد و رایگەیاند، دوور لە هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوری لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان هێرشكرایە سەر گوندنیشان و هاووڵاتییانی كوردی گوندی پەڵكانە".

عەرەبی هاوردە هێرش دەکەنە سەر کورد

هەروەها فەهمی بورهان ووتی: "ئەمە شتێكی زۆر نامۆیە بۆ برایەتی و پێكەوە ژیانی نێوانمان، پێشتر رووینەداوە، لەجیاتی جەژنە پیرۆزە و گەردەن ئازاكردن، هەڕەشكردن، چاو سووركردنەوە و هێرشكردنە سەر كورد رووبدات".

پێویستە بە دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەین

فەهمی بورهان، وتیشی "چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی ناوچە كوردستانییەكان، تەنها بە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستور دەبێت و پێویستە دەستوور بكرێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد ناكرێت لە عێراقی نوێدا كار بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بكرێت و وتی "ئەم بڕیارانە ئاشتی و تەبایی نێوانمان (پێكهاتەكان) و ئەو متمانەی بەیەكدیمان هەیە، هەڵدەوەشێنێتەوە".

لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە پشتیوانی لە هێرش کردنە سەر گوندە کوردییەکان دەکرێت

فەهمی بورهان، ڕەخنەی لە ئیدارەی كەركوك گرت و ووتی "هەندێك جار هەستدەكەین لە ئاستی 'ئیداری' لە شاری كەركووك پشتیوانی لەم جۆرە كارانە (هێرشكردنە سەر ناوچە كوردستانییەكان) دەكرێت و نازانین چ نیەتێكیان لە پشتەوە هەیە".

لە کۆتایدا سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، دەڵێت "هەموومان ئومێدێكی گەورەمان لەسەر كابینەی محەمەد شیاع سوودانی هەڵچنیوە و كارنامەیەكی كوردی هاوبەشمان لەگەڵ ئەم كابینەیە هەیە و چەندین جار پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم حكومەتە دووپاتكردووەتەوە، بەو ئومێدەیەی بتوانێت ئەركە دەستووری و دیموكراسییەكانی بەرامبەر بە هەموو گەلانی عێراق بێ جیاوازی جێبەجێبكات".

جێگای باسە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، دوای سەپاندنێکی پارێزگارێکی عەرەب، هەوڵەکانی عەرەبی هاوردە بۆ داگیرکردنی زەوییەکانی کورد زیاتر بوون، زۆرترین هەوڵی عەرەبی هاوردە بۆ شارۆچکەی سەرگەڕان بووە کە ٧٠%ـی نەوتی کەرکوک لەو سنورەدایە، لە چەند ساڵی رابردووشدا گوندی پەلکانە زۆرترین ئاڵۆزییەکانی نێوان عەرەبی هاوردە و جوتیارانی کوردی بەخۆیەوە بینیوە، رۆژی هەینی ٢١ـی نیسانی ٢٠٢٣، جارێكی دیكە كێشە لەنێوان جوتیارە كوردەكان و ئەو كەسانە ڕوویدایەوە كە بە عەرەبی هاوردە ناودەبرێن و شەڕ و ڕووبەڕووبونەوە ڕوویدا.

ف.ق