رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان: پێویسته‌ كۆتایی به‌ هێرشی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك بهێنرێت

سكرتاریه‌تی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان داوا له‌ كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كات سوپای توركی داگیركه‌ر ناچار بكه‌ن كۆتایی به‌ داگیركارییه‌كانی له‌ باشوری كوردستان بهێنێت.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا سكرتاریه‌تی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، سوپای تورك به‌ داگیركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاخاوی باكوری هه‌رێمی كوردستان به‌ بیانووی بوون یان تێپه‌ڕبوونی رێكخراوه‌ كوردییه‌كانی به‌رهه‌ڵستكاری ده‌وڵه‌تی تورك، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی كردووه‌ته‌ ئامانجی تۆپباران و بۆردومان.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌م داگیركاری و ده‌ستدرێژییه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك رووبه‌ڕووی بایكۆتی میدیایی و بیچده‌نگی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ سیاسیه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ هه‌رێمییه‌كان باس له‌ زیانی گیانی به‌ربڵاو و زیانی قورسی ماددی و دارایی و زیانگه‌یشتن به‌ ژینگه‌ ده‌كه‌ن له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌.

سكرتارییه‌تی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان داگیركردنی ناوچه‌كانی باكوری هه‌رێمی كوردستانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر و بۆردمانه‌كانی به‌ پاساوهه‌ڵنه‌گر ناوبردووه‌ و وه‌ك ده‌ستدرێژی ئاشكرا بۆ سه‌ر مافه‌كان و ئاسایشی مرۆیی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ و پێشێلكردنی یاسا و رێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناوبردووه‌ و داوای له‌ كۆڕ كۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ كردووه‌، ده‌وڵه‌تی تورك ناچار بكه‌ن ده‌ستبه‌جێ كۆتایی به‌ ده‌ستدرێژی و داگیركارییه‌كان و راوه‌ستاندنی تۆپباران و بۆردومانه‌كانی بهێنێت.

هـ . ب