رۆناک مەجید: شەنگال ئارامە، پشتگیری لێبکەن

رۆناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کوردستان رایگەیاند، شەنگال ئارامە و نوێنەرایەتی ئاشتی دەکات و داوای لە هەموو هێزە سیاسیەکان کرد پشتگیری لە داواکاری خەڵکی شەنگال بکەن.

رۆناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کوردستان لەگەڵ ئەو شاندەی بە سەرۆکایەتی یوسرا ڕەجەب پەرلەمانتاری عێراق لە شەنگالن، سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی چیای شەنگال کرد.

رۆناک مەجید لەبارەی سەردانە قسەی کرد و جەژنی چارشەمەی سوور کە جەژنێکی کۆن و پیرۆزی ئێزدیانە وەک چارشەمەی سەری نیسانیش دەناسریت، لە هەموو کۆمەڵگای ئێزدی و گەلی کورد پیرۆز کرد.

رۆناک مەجید ئاماژەی بە کۆمەڵگای ئێزدی کرد و وتی، "کۆمەڵگای ئێزدی کۆمەڵگایەکی دێرینی گەلی کوردە."

رۆناک مەجید هەروەها رایگەیاند، گۆڕستانی شەهیدان لە چیای شەنگال، نیشانەی بەرخۆدانی کۆمەڵگای ئێزدیە لەدژی چەتەکانی داعش.

'سەرەتا دەوڵەتی تورک و پەدەکە و هەموو داگیرکەران لە رێکخستنی ئێزدیان دەترسن'

رۆناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کوردستان وتی،"کۆمەڵگای ئێزدی دوای فەرمانەکە، خۆی رێکخستەوە و پیشانیدا کە بەم بیر و باوڕە دەتوانێت لەدژی هەرجۆرە هێرشێکی دڕندانە لە جیهاندا خۆی بپارێزێت. سەرەتا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەدەکە و هێزە داگیرکەران، لەم فەلسەفە و بیر و بڕوایەی ئێزدیان دەترسن. لەبەرئەوەش ئەو هێزانە بە بەردەوامی سەرقاڵی پیلان دروستکردنن و بە شێوەی جیاواز هەوڵی ئەنجامدانی پیلانەکانن.

کۆمەڵگای ئێزدیمان گەیشتوەتە ئەو بیروباوڕەی کە رێکخستنی خۆی دروست کردووە و بە خوێنی شەهیدان گەیشتووەتە ئەم ئاستە. دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات و بپارێزێت.

لەبەرئەوەی لە لەسەر ئەم خاکە بە هەزاران کچ و کوڕی لە دەڤەر و هەرێمە جیاوازەکان هاتوون لێرە خوێنیان رژاندووە. شەهیدان یەکێتی نەتەوەییان لە شەنگال دروست کرد. پیشانیاندا کە ئێرە بناغەیە بۆ گەلی کورد و شوێنێکی ستراتیژیە."

'شەنگال ئارامە، پەدەکە و دەوڵەتی تورکیش ئارامیان ناوێت'

رۆناک مەجید لەبارەی سەردانەکەی قسەی کرد و وتی،"یەکێک لە ئامانجەکانمان لەم سەردانەدا نیشاندانی ئارامی و دۆخی شەنگالە. شەنگال ئارامە و ئەوەش دڕکێکە لە چاوی دوژمندا.

'شەنگال بکەنە نمونەی خۆبەڕێوەبەری'

رۆناک مەجید وتی،"ئێمە داوا دەکەن کە پێویستە گەلی کورد یەکبگرێت. لەدژی هەر جۆرە هێرشێکی داگیرکەری کە دەیانەویت گەلی کورد قڕ بکەن، یەکبگرن و هەڵوێستیان هەبێت. پێویستە هەموومان کۆبینەوە و شەنگال وەک نمونەیەکی یەکێتی نەتەوەیی کورد بۆ گەلی باشور وێنا بکەین. پیشانی بدەین کە گەل خۆی دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات.

'سیستمەکەی باشور ناتوانێت کۆمەڵگا بەڕێوەببات'

ئێمە دەبینین لە باشوری کوردستان سیستم لەناو قەیران و ناکۆکیدایە و گەل هەژارە. ئەم سیستمە ناتوانێت گەل بەڕێوەببات. بۆیەش پێویستە هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، ئارامی و سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە شەنگال ببینێت و بیکاتە نمونەیەک بۆ خۆی.

'بۆ ئەوەی ببینە خاوەن مێژوویەکی سپی، نەک تەنها خاوەنداری لە شەنگال، خاوەنداری لە کوردستان بکەن'

ئێمە بانگ لە هەموو لایەکە سیاسیەکانی باشوری کوردستان دەکەین، بە تایبەتی بانگ لە پەدەکە دەکەین، لەبەرئەوەی ئێستا ئەوان باشور بەڕێوەدەبەن. بۆیەش بە پەدەکە دەڵێم: دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و دوژمنانی گەلی کورد هیچ جیاوازیەک لەناو گەلی کورددا ناکەن. پێویستە بیر بکەنەوە و دەست لەم هەڵوێستە خیانەتکارانە بەربدەن. ئەگەر ئەمە نەکەن مێژوو لێیاننابورێت.

بۆ لایەنە سیاسیەکانی دیکە دەڵێم، وەرن پشتگیری لە کۆمەڵگای ئێزدی بکەن. لەبەرئەوەی مێژوو ئەم رۆژانە دەنووسێتەوە. یان دەبنە خاوەن مێژوویەکی رەش یان سپی. بۆیەش هەر لایەنەیەک دەیەوێت جێی خۆی لەناو گەلی ئێزدی بگرێت، پێویستە مێژوویەکی سپی بۆ خۆی دروست بکات. ئەمەش بە پشتگیریکردن لە شەنگال و پشتگیریکردنی چوار پارچە لە یەکتری دەبێت. بۆ تێکشکاندنی دوژمن، پێویستی بە یەکێتی هەیە."

ف.ق