رۆشنبیرانی کەرکوک: بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ئاسایشی نەتەوەیی گەلی کورد لە مەترسیدایە

کەسایەتییە رۆشنبرەکانی کەرکوک دەڵێن: "لەچوارچیوەی پلانگێڕییەکانی تورکیا، ئاسایشی نەتەوەیی گەلی کورد لە مەترسیدایە.

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، کەسایەتیە رۆشنبیرییەکانی شارەکە داوا دەکەن حزبە کوردستانیەکان هۆشیاربن لە پلانگێڕییە مەترسیدارەکەی تورکیا، هەروەها هۆشداری توند دەدەن کە ئاسایشی نشتیمانی کورد لە مەترسیە.

کورد ناچار بە هەڵگرتنی چەککراوە

عادل عومەر نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بەهێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان، ووتی: "هەمیشە کوردبوون سەختبووە، سەرەڕای ئەوەی کورد دەیەوێت بەئازادی لەسەر خاکی خۆی بژێت و پەلاماری هیچ لایەنێکی نەداوە و چاوی لە خاکی کەس نیە، بەڵام کورد ناچار بە هەڵگرتنی چەککراوە، دەزانین شەڕ تەنها دەبێتە مایەی ماڵ وێرانی، بەهۆی ئەو لەشکرکێشیەی تورکیا کردوویەتی بۆسەر خاکی باشوری کوردستان، لە ئێستادا ڕووبەرێکی زۆری خاکی باشوری کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە وە ژمارەیەکی زۆر گوند چۆڵکراوە و ژینگەی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە تێکچووە، جێگای سەرسوڕمانە، کە لە ئێستادا بەپێش چاوی هەموو حزبە کوردستانیەکان تورکیا بەبێ ترس لەهیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی هاتووە بەشێکی فراوانی لەخاکی باشوری کوردستان داگیرکردووە و شەڕ دژی کورد دەکات".

مەترسیدارترین زەنگە کە ئاسایشی نەتەوەیی کورد لە مەترسیە

هەروەها عادل عومەر هۆشداری دا و ووتی: "کورد گەلێکی ئاشتیخوازە بەڵام دوژمنان ڕێگە نادەن کورد بە ئاشتی بژێت، دوژمنانی کورد بە ئاگر و ئاسن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن ئەوەی کورد دەیکات کردار نیە، بەڵکو بەرچەکردارە، بەداخەوە ووڵاتانی زلهێز و ئەو ووڵاتانەی کە بانگەوازی ئاشتی و مافی مرۆڤ و پێکاوەژیان دەکەن لەبەرامبەر هێرشەکانی دژی کورد بێ هەڵوێستن، پێویستە سەرجەم حزبە کوردستانیەکان لەیەک بەرەدابن، لەماوەی چەندین دەیەی ڕابردوو کە دوژمان دژایەتی و هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن ئێستا ئەمە مەترسیدارترین زەنگە کە ئاسایشی نەتەوەیی گەلی کورد لە مەترسیدایە".

ئەمریکا و روسیا پشتگری تورکیا دەکەن لە هێرشەکانی

هەروەها ئەو کەسایەتیە رۆشنبیرییەی شاری کەرکوک ووتیشی: "ئەو کارەساتەی بەسەر گەلی ئێمەی ئێزدی لە شەنگال هات، لە شەنگال میللەتێک کۆمەڵکوژ کرا، بەڵام هیچ لایەنیک هەستی نەجوڵا، کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کران تەنها لەبەر ئەوەی کوردن، بە بیانوی موسلمان نەبوونیان کۆمەڵکوژ کران، لای ئێمەی کورد بە تەواوی بیروباوەرەکانەوە خاک پیرۆزترین شتە، ئەم خاکەی ئێمەش بەردەوام هێرشی دەکرێتە سەر لەلایەن دوژمانی کوردە، هێرشی ئەم جارەی تورکیا بەپشتگیری ئەمریکا و روسیا ئەنجام دەدرێت".

زەرەرمەندی یەکەم گەلی کورد دەبێت

ناوبراو ئاشکراشیکرد کە: "لەئێستادا دەوڵەتی تورکیا پلانگێرییەکی زۆر مەترسیدار بەڕێوەدەبات لەپێناو ئەوەی حزبە کوردستانیەکان دژی یەکتر شەڕ بەرپابکەن، بۆیە حزبە کوردستانیەکان پێویستە زۆر وریابن لەم قۆناغە هەستیارە، لە ئەگەری سەرکەوتنی پلانەکەی تورکیا و ڕوودانی شەڕ لەنێوان حزبە کوردستانیەکان ئەوە زەرەرمەدنی یەکەم گەلی کورد دەبێت".

تورکیا هەوڵیدا پێکەوەژیان لە کەرکوک تێکبدات

سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک، ئەو نووسەرە کەرکوکییە ووتی: " تورکیا هەمیشە هەوڵیداوە دوژمنایەتیەکی نەژادپەرستی لەنێوان کورد و تورکمانەکانی کەرکوک دروست بکات، فاشستی دەوڵەتی تورک زۆر بێ شەڕەفانە هەوڵیاندا پێکەوژیانی نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک تێکبدەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون".

قەوارەی هەرێمی کوردستان لەدەستدەدەین

لە کۆتایدا سەبارەت بەهەڵوێستی خۆی وەکو کەسایەتیەکی رۆشنبیری شاری کەرکوک، عادل عومەر ووتی: "من وەکو هەموو کوردێکی کەرکوک شانازی بە کوردبوون و مێژووی نەتەوەکەم ئەکەم، داوا لەحزبە کوردستانیەکان دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەری پلانگێڕی دەوڵەتی تورکەوە، چونکە لەئەگەری سەرکەوتنی پلانگێڕیەکەی تورکیا ئەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان لەدەدستدەدەین لەئێستاشدا سەدان گوندی باشوری کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە چۆڵکراون، ئەو پلانگێرییەی تورکیا مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نشتیمانی گەلی کورد".

دەوڵەتی تورکیا ئاشتی ناوێت

مامۆستا محەمەد کەرکوکی، مامۆستا و کەسایەتیەکی رۆشنبیری شاری کەرکوک سەبارەت بەهێرش و لەشکرکێشەیەکانی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان ووتی: "لەشکرکێشی و هیرشی سەربازی نەبێتە هۆی چارەسەرکردنی دۆزی کورد، تەنها بە گفتوگۆ دەتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئاشتی ناوێت، چەندین جار پەکەکە تاکلایەنانە ئاگر بەستی ڕاگەیاند بەڵام تورکیا پابەند نەبوو پێی، هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا پێشەڵکردنی سەروەری هەرێمی کوردستانە و عێراقە، پێویستە تەواوی گەلی عیراق هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و فشار بخرێتە سەر تورکیا".

بەیەکڕیزی ڕێگربین لەداگیرکردنی خاکەکەمان

سەبارەت بە داگیرکردنی کەرکوک و ویلایەتی موسڵ، مامۆستا محەمەد ووتی: " کاربەدەستان و بەرپرسانی حکومەتی تورکیا نەیانشاردۆتەوە و لەچەندین بۆنەی فەرمیدا باس لە گەڕانەوەی ولایەتی موسڵ و کەرکوک کردووە بۆسەر دەوڵەتی عوسمانی نوێ، بەداخەوە کە حزبە کوردستانیەکان یەک هەڵوێست نین بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، پیویستە حزبە کوردستانیەکان بەیەکڕیزی دژی تورکیا ڕابوەستنەوە و ڕێگری لەداگیرکارییەکانی بکەن لەخاکی باشوری کوردستان".

کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دۆزی کورد

 لەکۆتایدا سەبارەت بەهەڵویستی خۆی وەکو کەسایەتیەکی شاری کەرکوک، مامۆستا محەمەد ووتی: " هەڵوێستی من وەکو هەڵوێستی هەموو تاکێکی کوردە کە ئەم هێرشانە ڕەتدەکاتەوە و ئیدانەی دەکات، چونکە لەئەنجامدا ئەم هێرشانە دەبیتە هۆی تێکدانی خاک و ژینگە و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، ئەم هێرشە داگیرکارییانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دۆزی ڕەوای گەلی کورد و مەرترسییە لەسەر ئاسایشی نشتیمانی کورد و یەکپارچەیی خاکی کوردستان".

ژ.ت