رەژاک پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بەست
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) بە بەشداریی ٢٥٠ نوێنەر پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بەست.
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) بە بەشداریی ٢٥٠ نوێنەر پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بەست.
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بە دروشمی "بە پەروەردە، رێکخستن و پاراستنی ژنان، ئازادیی تاک و سیستمی دیموکراتیکی گەل مسۆگەر دەکەین" بەڕێوەبرد.
کۆنگرەکە لە ٢٨ی ئایار لە هۆڵی لاهای کەرکوک بە بەشداری ٢٥٠ ئەندام لە کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، مەخمور، موسڵ، شەنگال و دیالە بەڕێوەچوو.
دوای خولەکێک رێزگرتن، سۆما فەرهاد پەیامی کۆمیتەى ئامادەکاری کۆنگرەی خوێندەوە و نەجیبە عومەریش وتەى سەرەتای پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئەو سیستمانەى نکۆڵی لە هەبوون و ناسنامەى ژنان دەکەن هەڵدەوەشێن و راشیگەیاند، "لەم چەند ساڵەی دوایدا ناڕەزایەتیی ژنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و هەموو کەسیش سوودی لە تێکۆشانی ژنان وەرگرتووە". نەجیبە عومەر ئەوەشی راگەیاند، شۆڕشی رۆژئاوا پێشەنگایەتی بۆ شۆڕشی هەموو ژنانی جیهان دەکات.
لە کۆنگرەکەدا پەیامی بزووتنەوەى ئازادیى ژنانى ئێزیدخان (تاژێ - TAJÊ) خوێندرایەوە و لە پەیامەکەدا ئاماژە بە رۆڵ و تێکۆشانی رەژاک کرا. لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەشکرا، خاوەنداریکردنی رەژاک لە ژنانی شەنگال هەرگیز لە بیر ناچێتەوە.
فادیلە تۆک ئەندامی ئەنجوومەنی عەشتار لە مەخمور سەرنجی خستە سەر سەختی و دژوارییەکانی ژنانی کورد و وتی، "سەرباری هەموو ئەو شتانەش، ئێمە شانسمان هەیە، چونکە خاوەنی بزووتنەوەیەک و رێبەرایەتیکی گەورەین". فادیلە تۆک باسی ئەوەیکرد، کە دەبێت ژنان خاوەنداری لە ناسنامەی خۆیان بکەن و پێشەنگایەتی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بکەن.
لە بەڕێوەبردنی کۆنگرەکەدا ئانالیز و شیکارییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد خوێندرایەوە و لەسەر کارەکانی رەژاک سینەفیزیۆنێک نمایش کرا. دوای ئەوەش راپۆرتی ٣ ساڵی کار و رێکخستن خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.
لە کۆنگرەکەدا پەیڕەو و پڕۆگرامی رەژاک خوێندرایەوە و پێشنیازی گۆڕانکاری بۆ کرا و لەو بارەیەوە گفتوگۆ کرا و لە ئەنجامدا خرایە دەنگدانەوە و گۆڕانکارییەکان پەسەند کران.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا ئەنجوومەنی گشتیی رەژاک، کە پێکهاتوە لە ٢١ کەس پەسەند کرا. چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامنامەى کۆنگرەش لە چەند رۆژی داهاتودا بڵاوبکرێتەوە.
ژ.ت