رۆژهەڵاتی كوردستان؛ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌شداربووانی مه‌راسیمی نه‌ورۆز ده‌ستگیركران

بەگوێرەی زانیاریەكان تا ئێستا ژمارەیەك لەو خەڵكەی بەشداری مەراسیمی پیرۆزبایی جه‌ماوه‌ری جەژنی نەورۆزیان كرد و بەتایبەتی چالاكڤانان لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و ژمارەیەكیش بانگكراون بۆ ناوەندەكانی ئیتلاعاتی رژێم لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران.

بەگوێرەی زانیاریەكانی ماڵپەڕی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان لەشارەكانی كامیاران، مەریوان، سنە، سەقز، بۆكان، پیرانشار، رەبەت، بانە، شنو، ئۆرمیە، خوی، ماكوو و سەلماس بەدەیان كەس لەم شارانە لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی سۆپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات و پاراستنی ئیتلاعاتی هێزەكانی پۆلیس دەستبەسەر كراون یا بانگهێشتی ئەو ناوەندانە كراون.

ئەم دەستبەسەركردن و بانگهێشتكردنانە لەلایەن دەزگا سەركۆتكەرەكانی رژێمی ئیسلامی ئێران دوابەدوای ئەوە هات كە دەزگا ئەمنیەكانی رژێم پێش مەراسیمەكانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز واژۆ و بەڵێننامەی بەو كەسانە كردبوو كە بەهیچ شێوەیەك بەشداربووانی ئاهەنگەكانی پیرۆزبایی نەورۆز نابێت هێماكانی كورد بەكاربهێنن.

لەم بەڵێننامانەدا هاوكات، هێزە ئەمنیەكان ئاماژەیان بەوەش كردبوو كە نابێت گۆرانی شۆڕشگێڕی و حەماسی و هەڵپەڕكی ژن و پیاو بەیەكەوە بوونی هەبێت. هەرچەندە خەڵكی رۆژهەڵات زۆر گوێیان بەو هەڕەشە و چاوسوركردنەوانەی رژێم نەدا و بەشێوەی خۆرسك لەزۆر شوێنی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا مەراسیمی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردیان بەرێوە برد.

هەر بەپێ زانیاریەكانی ماڵپەڕەكە؛ لە شاری سنە و لەكاتی بەرێوەچوونی جەژنی نەورۆز لەپاركی منداڵان ٢٠ كەس دەستبەسەركراون كە یەكێك لەوانە منداڵێكی پانزدە ساڵەیە. ژماریەك لەو كەسانە بەدانانی بارمتە ئازاد كراون و ژمارەیەكیشیان تا ئێستاش دەستبەسەرن. هاوكات لەشاری سنە ١٠ كەسی تر لەكاتی بەرێوەچوونی جەژنەكە، بانگهێشتی دەزگای ئیتلاعاتی شارەكە كراون و رووبەرووی لێپرسینە بوونەتەوە.

هەر لەوچوارچێوەیەشدا؛ لە پیرانشار ٢ كەس دەستبەسەركراوە و لەشنوش بەشداربووانی ئاهەنگەكانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز رووبەرووی لێدان و بێ رێزی بوونەتەوە و لەگوندێكی سەردەشت هێزە ئەمنیەكان كارەبای گوندەكەیان بڕیبوو بۆ ئەوەی كەس بەشداری ئاهەنگی پیرۆزبایی نەورۆز نەكەن.

هـ . ب