رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان: قۆناغی دروستکردنی تۆمەت دەستیپێکردووە

ئەو رۆژنامەنووسانەی کە ٨ی حوزەیران لە ئامەد دەستگیرکران و لەو کاتەوە لە زینداندان، رایانگەیاند کە قۆناغی دروستکردنی تۆمەت دەستیپێکردووە و ناڕەزایەتیان نیشاندا.

لەدژی میدیای ئازاد، لە ئامەد، ٨ی حوزەیران ئۆپەراسیۆن دەستیپێکرد و ٢٢ کەس دەستگیرکران کە٢٠ کەسیان رۆژنامەنووس بوون.

رۆژنامەنووسان ٧ رۆژە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئامەد دەستبەسەرکراون.

سەردار ئالتن هاوسەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات لەبارەی دۆخەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئالتن لەسەر ناوی رۆژنامەنووسان ئەم پەیامەی بڵاوکردەوە

" پرۆسەی دەستبەسەرکردنی درێژ بۆ ئەشکەنجە و سزادان گۆڕاوە. پرۆسەکە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە گۆڕاوە. نەک ٨ رۆژ ٨٠ رۆژیش تێپەڕێت، جگە لە خەباتی رۆژنامەنووسی هیچ بەڵگەیەک لەسەرمان نییە. بۆیەش داوا لە دادوەر دەکەین کە چییان لە دەستدایە، بهێنن و رووبەروومان بکەنەوە. لەمە زیاتر درێژی مەکەن. بە پێچەوانەوە ئێوە تاوانبار دەبن. بەدوای بەڵگەدا دەگەڕێن. ئێمە رۆژنامەنووسین و جگە لە کاری رۆژنامەنووسی هیچ تاوانێکمان نییە. بۆیەش پێویستە بە زوترین کات ئازاد بکرێین. ئێمە سوپای هەموو هاوپیشەکانمان دەکەین. ئێمەیان بە تەنها بەجێنەهێشت. پشتگیری فراوان بکەن."

ف.ق