سالار مەحموود لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانى یەنەکە و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە لەبارەی ڕەوشی کوڵەجۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، وەک یەنەکە لە ڕێی پەیوەندی دیپلۆماسییەوە توانیویانە هێزەکەی حەشدی شەعبی ناچاربکەن بکشێنەوە، چونکە بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە و بێ هەماهەنگیی هاتبوونە ناوچەکە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا سالار مەحموود ئەوەی ڕوونکردنەوە، بەشێک لە میدیاکان بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە مامەڵەیان کردووە و ڕەوشەکەیان ئاڵۆزکردووە و کردوویانە بە ئەجێندای سیاسیی، لە کاتێکدا ئەوەی دوێنێ ڕوویدا پەیوەندی بە پرسی نیشتمانیی و نەتەوەییەوە هەیە، نابێت بکرێتە کەرەستەیەکی میدیایی.
وتیشی: دوای ئەو برینە زۆرەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویانداوە دەمانەوێت بە ئارامیی زەمینەیەک بڕەخسێنین بۆ گێڕانەوەی خاکی دزرا و داگیرکراو، نابێت ئەو پرسە ببێتە پرسێکی “تای هەڵبژاردن” و میدیاکان بۆ ئەو مەبەستە بخەنەگەڕ و ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرێت.
ئەوەی خستەڕوو، دوێنێ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە وەک یەنەکە کاریان کردووە و کۆتاییان بە دۆخەکە هێناوە و پێویستە ڕێگریی لە دووبارە بوونەوەی بکرێت و وتی: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، هەندێک خەڵک دەیانەوێت ڕەوشی ناوچەکە نائارام بێت تا بەردەوامی بە قاچاخچێتیی خۆیان بدەن.
تیشکی خستەسەر ئەوەی، گەرمیان سەنگەری یەکەمی پاراستنی (سلێمانی، هەولێر و بادینانە) لە مەترسییەکانی داعش، بەڵام ئەمڕۆ لە هەولێر و بادینان داگیرکەری کورد کە تورکیایە تا ئاستێکی قوڵ هاتووەتە ناو خاکی هەێمی کوردستان، پێویستەکات زیاتر جەخت لەوەبکرێتەوە ئەو داگیرکارییە لە ڕێگەی دەوڵەتی عێراقەوە بوەستێنین، لەگەڵ هەموو ململانێ و کێشە و ناکۆکییەکان لەسەر خاک و شایستەکانی پێشمەرگە دەوڵەتی عێراق بۆ ئێمە لە ئیستادا دەوڵەتێکی داگیرکەر نییە.