پارتی چەپی سەوز لە وان دەنگی داوەتەوە. گوڵجان کاچماز سایگیت، یەکێک لە پاڵێوراوەکانی پارتی چەپی سەوز لە وان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
وان گەورەترین شاری ناوچەی سەرحەدە. ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسە. ژمارەی دەنگدەرانیشی زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەسە. پارتی چەپی سەوز دەیەوێت لە کۆی هەر ٨ کورسیەکەی پەرلەمانی وان، هەر ۸ کورسییەکە بباتەوە. لە وان پشتیوانییەکی بەهێز لە پارتی چەپی سەوز دەکرێت. لە وان هەموو ناوەندەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە مەراسیمی جەماوەری و بە بەشداریی هەزاران کەس دەکرێنەوە. کاچماز سایگیت پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز لە وان وتی، هەرگیز گوشار و قەدەغەکردن ڕایانناوەستێنێت و ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، مافەکانی ژنان و مافی زمانی دایکی زیاتر تێدەکۆشن.
سایگیت وتی، "پێش هەموو شتێک خەباتی ژنان، من تێکۆشانی خۆی بۆ ستەملێکراوان و بندەستان، سروشت، زمانی دایک و تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری و یاساشکێنییەکان لە زیندانەکاندا بە بەهێزی و پێداگرییەوە بەڕێوەدەبەم. سەرباری دەستگرتن بەسەر شارەوانییەکەمەدا و پێنەدانی مۆڵەتی کارکردن لە شارەوانییەکەمدا، ئێمە هەرگیز لە گەلەکەمان دانەبڕاوین و دانابڕێین. ئێمە لە هەموو شوێنێک لەگەڵ گەلەکەمانداین. ئێمە هەوڵ دەدەین نوێنەرایەتییان بکەین، نوێنەرایەتیی خواست و ئیرادەیان بکەین. لە ئێستاوە کارەکانمان لە گۆڕەپانی سیاسی دا، لەژێر چەتری پەرلەماندا، لە گۆڕەپانەکانی ناوچەکەماندا لەگەڵ گەلەکەماندا پێکەوە بەردەوامی پێدەدەین".
سایگیت کێیە؟
گوڵجان کاچماز سایگیت لە ساڵی ۱۹۸۲ لە ناوچەی وەستان لە وان لە دایک بووە. دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی، لە بەشی جوگرافیای کۆلێژی هونەر و ئەدەبیات لە زانکۆی یوزونجو یل درێژە بە خوێندن دا و ئەو بەشەی تەواو کرد. لە ساڵی ۲۰۰۸دا لە ناوچەی شاخ لە وان بوو بە مامۆستا.
هاوکات لەگەڵ کاری مامۆستایی لە ناو رێکخرای ئەیتم – سەن دا کاری سەندیکایی دەکرد و بوو بە نوێنەری لقی ئەیتم سەن لە ناوچەی شاخ. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧دا بوو بە هاوسەرۆکی ئەیتم سەن لە وان.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کارەکەی دوورخرایەوە، دیسانەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەرکەکە بۆ گەڕێندرایەوە، بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە کارکردن لە ئەرکەکەیدا ئەمجارە دەوڵەتی تورک بە بڕیاری باری نائاسایی لە کارەکەی لایبرد.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان (شارەوانییەکانی) ساڵی ۲۰۱۹ لەسەر لیستی هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیی ناوچەی ئارتمێنت لە وان بوو بە پاڵێوراو و لە هەڵبژاردن سەرکەوت و متمانەی گەلی بە دەستهێنا و بوو بە هاوسەرۆک شارەوانیی ئارتەمێنت. دیسانەوە ئەمجارەش بە پاساوی ئەوەی بە بڕیاری باری نائاسایی کارەکەی پێشووی لێ زەوتکراوە، ئامادە نەبوون مۆڵەتی دەستبەکاربونی بۆ هاوسەرۆک شارەوانیی ناوچەکەی پێ بدەن. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی دەوڵەتی تورک شارەوانیەکەی زەوتکرد و پاڵێوراوە شکستخواردووەکەی ئاکەپە، کە نەیتوانیبونی متمانە و دەنگی گەل بە دەست بهێنێت، بەسەر شارەوانییەکەدا داسەپاند.
ژ.ت