لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی، رۆشنبیر، نووسەر، چالاکوان، سیاسەتمەدار و نوێنەری حزب و لایەنەکانی بەشداربوون، مەسعود عەبدولخالق نووسەر و رۆناکبیر لە دەستپێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند؛ جیاواز لە ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیا تاکە ووڵاتە لە جیهان تەواوی سیاسەت و کارەکانی دژایەتی کردنی کوردە لە ناوخۆ و دەرەوە، دۆستایەتی تورکیا لەگەڵ هەموو پارتێکی کوردیدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەتی و بۆ لەباربردنی ئەو پارتانەیە.
ئامانجی داگیرکاری تورکیا لەناوبردنی قەوارەی هەریمی کوردستانە
مەسعود عەبدولخالق بۆ ئاماژەی بە هەڵەی سیاسییەکانی کورد کرد و وتی: "بەداخەوە سەرکردەکانمان لە باشوری کوردستان بەبێ دونیابینی سیاسی سیاسەتیان کردووە چونکە شارەزای سیاسەت نین، تورکیا پلانی نیە سوپاکەی لە باشوری کوردستان بکشێنێتەوە تەنها ئەگەر سوپای عێراق جێگەی تورکیا بگرێتەوە ئینجا بکشێتەوە ئەوەش بە مانای نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، تورکیا بۆ دژایەتی یەک حزب نەهاتووە بەڵکو بۆ تێکدانی هەرێمی کوردستان هاتووە چونکە هەرێمی کوردستان بە بەربەست دەبینین، سەرکردەکانی تورکیا بە هەموو جیهانیان ووتووە بەسەریاندا تێپەڕییووە ڕێگری لە دروستبوونی هەرێمی کوردستان بکەن و جارێکی دیکە ئەو هەڵەیە ناکەنەوە."
دەرفەتی دەرکردنی سوپای تورک هەیە
دەربارەی ناوەڕۆکی کۆڕەکەی، مەسعود عەبدولخالق نووسەر و ڕوناکبیری کورد بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ووتی: "زۆرجار باس لەوەدەکرێ کە باشوری کوردستان و کەرکوک لە مەترسیدایە، بەپێچەوانەوە ئێستا دەسەڵاتی کوردی لە شاری کەرکوک جارێکی دیکە خەریکەوە دەگەڕێتەوە، هەنگاوی یەکەم نرا کە کوردێک دیسانەوە بووە پارێزگاری شارەکە، پێشتریش دەمانگووت ئەگەر دەستێکی ئەمین و شارەزا لە کوردستان هەبی دەرفەتی ئەوە هەیە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بگەڕێتەوە سەر کوردستان، بەپی ئەوەی لە دۆخی عێراق و جیهان تێدەگەین دەرفەتی ئەوە هەیە ئەو سوپا بێگانەیەی هاتۆتە کوردستان دەتوانین دەری بکەین، هەموو ئەمانەش دێتەدی ئەگەر بتوانین لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی ئەنجام بدەین و کوردستان لەو دەستە نائەمینە بگوازنەوە بۆ دەستێکی ئەمین."
ڕیفراندۆم گورزێکی زۆر گەورەی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکاندا
سەبارەت بە سەرژمێری لە عێراق و کاریگەری لەسەر کەرکوک ناوچە دابڕێندراوەکان کە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ رووبەڕووی شاڵاوێکی چڕی بە عەرەب کردن بوونەتەوە، مەسعود عەبدولخالق ڕایگەیاند: "ئێمە دەزانین بارودۆخی ئێستای کەرکوک لەڕووی دیمۆگرافییەوە بەرەو کوێ دەڕوات، هەوڵدەدرێت ڕێژەی نەتەوەکانی دیکە بەرامبەر کورد زیاد دەکرێت بەڵام هێشتا کورد زۆرینەیە، ئەگەر ئێمە بتوانین بە عەقڵێکی گەورەوە کوردستان بەڕێوەبەرین ئەو بابەتانە ئاسانە و چارەسەر دەکرێت، دەبینین کە ڕیفراندۆم گورزێکی گەورەی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکاندا، ئێستا هێواش هێواش دۆخەکە بەرەوە ئاسایی بوون دەچێت، داواکارین لە سەرجەم حزبەکانی شاری کەرکوک کە یەک بگرن لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی نەک لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی میللەتانی دیکەی شارەکە."
لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، مەسعود عەبدولخالق نووسەر و ڕوناکبیر، ئاشکرای کرد: "بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری زۆر گەورە لە گۆڕێیە لەبەرئەوەی یەکەم جارە هەڵبژاردنەکێک لەسەر بنەمایەکی تەندروست ئەکرێت. زۆر حزب لە هەڵبژاردنی ڕاستەقینە دەترسێت، ئەم جارە ئەنجامی هەڵبژاردن کارەکانی حزبەکانی چارەنووسیان دیاری دەکات، ئەگەر خەڵکی بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری هەڵبژاردن بن ئەوە گۆڕانکاری زۆر گەورە بەڕێوەیە بۆ گۆڕینی، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە دۆڕا و ئاشکرایە بەڵام تائێستا بەوردی و بەڕوونی براومان لا دیارنیە."