سبەینێ خۆپیشاندانێکی فراوان لە سلێمانی لەدژی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێت

سبەینێ ٥ی حوزەیران لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان بە دەستپێشخەری ناوەندی کاری نیشتیمانی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لەدژی داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێت.

ناوەندی کاری نیشتمانیی، کە لە کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسیی و ڕێکخراوی مەدەنیی پێکهاتوون ڕایانگەیاند، سبەینێ کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوان لە شاری سلێمانی دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجامدەدەن، داواشیان لە هەموو لایەک کرد، بەشداربن لە خۆپیشاندانەکەدا.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوەندی کاری نیشتمانیی لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و تێیدا ڕایانگەیاند، کە سبەینێ خۆپێشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوان لە شاری سلێمانی دژی داگیرکارییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن.

نەبەز خالد، وتەبێژی ناوەندی کاری نیشتمانیی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: سبەینێ کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە بە دەستپێشخەریی ناوەندی کاری نیشتمانیی خۆپیشاندانێکی جەماوەریی لە شەقامی سالمی سلێمانی ئەنجامدەدەین، لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

وتیشی: ئێمە بانگەواز لە هەموو خەڵکیی دەکەین بێن و لەم خۆپیشاندانەدا بەشداربن، جیاوازییەکانمان بخەینەلاوە و خۆپیشاندانێکی شکۆدار دژی ئەم داگیرکاریی و دووژمنکارییانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامبدەین.

ف.ق