سەفەری یەڵماز: پێدەچێت ئامادەکاری بۆ تیرۆر دەکەن

ئاشکرابوو کە چاودێری ماڵی سەفەری یەڵماز کراوە، کە پێشتر کتێبخانەکەی تەقێنرابووەوە. یەڵماز وتی، "پێدەچێت ئامادەکاری کردەوەی نوێی تیرۆریستی بکەن".

لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ ئاشکرابوو کە کەسێکی نەناسراو لە دەوروبەری ماڵی سەفەری یەڵماز خاوەنی کتێبخانەی ئومێد، کە پێشتر بە بۆمب تەقێنرابووەوە، خەریکی چاودێری و سیخوری بووە. کامێرای چاودێری ماڵی سەفەری یەڵماز وێنەی ئەو کەسەیان تۆمار کردووە. یەڵماز ئاماژەی بەوەکرد کە لە دیمەنەکاندا دەبینرێت کە ئەو کەسە ١٥ی ئاب لە نزیک باخچەی ماڵەکەی دوو جار چاودێری ئەنجام دەدات و دوای ئەوەی هەست دەکات کە پێی زانراوە هەڵدێت و لەو ناوچەیە دوور دەکەوێتەوە.

سەفەری یەڵماز بە ئاژانسی مێزۆپۆتامیای راگەیاندووە، نیگەرانە لەوەی کە رووداوێکی هاوشێوەی تەقاندنەوەی کتێبخانەی ئومێدی بەسەردا بێتەوە. وتیشی ئەگەرچی پۆلیسی گاداکردووەتەوە، بەڵام پۆلیس نەچوونە شوێنی رووداوەکە و ئەگەری هەیە کە ئامادەکاری بۆ تیرۆرێکی دیکە دەکرێت.

یەڵماز ئەو هێرشەی بە بیرهێنایەوە کە ساڵی ٢٠٠٥ کرایە سەر کتێبخانەی ئومێد لە شەمزینان و ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ دیمەنە تۆمارکراوەکانی کامێرای چاودێری چووەتە داواکاری گشتیی و سکاڵای تۆمار کردووە.

هـ . ب