شاندەکەی بەغداد لەگەڵ سەرۆکی یەنەکە کۆبوونەوە

نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڵاوى کردەوە، قاسم ئەعرەجی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە کۆبووەتەوە.

نووسینگەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەعرەجى و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە میانەى سەردانەکەى ئەمڕۆى بۆ سلێمانى قاسم ئەعرەجی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە و کۆبووەوە.

قاسم ئەعرەجی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی هەولێری کرد. بەهۆی بانگەوازی و کاردانەوەکان دژی لەشکرکێشی، دەستدرێژی و جێگیرکردنی سەربازی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عێراق و باشووری کوردستان، حکومەتی بەغدا بڕیاریدا ئەم شاندە ڕەوانەی باشووری کوردستان بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی ڕایگاندبوو، "هێرش و پێشێلکارییەکانی تورکیا لە سەر خاکی عێراق قبوڵناکەین." بەڵام بۆ پێشلێگرتن لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، تاکو ئێستا ڕێوشوێنی پێویست نەگیراوەتەبەر.

تابێت هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە نۆکەریییەکانی پەدەکەوە بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بەرفراونتر دەبێت. لەگەڵ بەردەوامی هێرش و بۆردوومانەکاندا لەسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و زەوی و زاری هاوڵاتییاندا، لە دیمەنە بڵاوکراوەکاندا بە ئاشکرا دەردەکەوێت سوپای تورک بە دەیان تانک و زریپۆشەوە لەناو شاری ئامێدیدا تەراتێن دەکات.