شاندێکی کەنەکە سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کرد
شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک و ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک و ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
شاندەکەی کەنەکە دوێنی بە سەرۆکایەتیی زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە سەردانی باڵەخانەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشدا لەگەڵ ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
سەرۆکی پەرلەمان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی شاندەکە، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە پەرلەمان ببێتە ناوەندی بڕیاری خەڵکی کوردستان و پاڵپشتیی بزاڤی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕێواز فایەق باسی لە ئاستەنگ و کێشەکانی ئەمڕۆی پەرلەمان کردووە و بە پێویستی زانیوە، “بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کۆدەنگیی نیشتمانیی دروست ببێت”.
هاوسەرۆکی کەنەکەش جەختی لەوە کردەوە، کە پەرلەمان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلی کوردە و دەبێت وەک دەستکەوتێکی گەلی کورد بپارێزرێت.
ڕاشیگەیاندووە:”پێویستە پەرلەمان بە ڕۆڵی سەرەکیی خۆی هەستێت و دەوری کارای هەبێت لە ڕاستەڕێکردنی پرۆسەی دیمکراسیی لە کوردستان، لەهەمان کات پێویستە ببێتە پاڵپشت بۆ خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان”.
هەر لە سەردانەکەدا، شاندی کەنەکە سەردانی هەریەک لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کورستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنەکانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆی دیدار و چاوپێکەوکتنەکانیشدا لەگەڵ فراکسیۆنەکان، باس لە کاری هاوبەش و پەیۆەندیی نێوان کەنەکە و فراکسیونەکان کرا، سەرجەم فراکسیۆنەکان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هەر کارێک، کە خزمەت بە دۆزی ڕەوای کورد و یەکڕیزیی نەتەوەیی بکات.
ف.ق