شاندی کەنەکە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانی کۆبووەوە

شاندی کەنەکە لە باشووری کوردستان بەردەوامە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، شاندەکە لەگەڵ بزووتنەوەی گوڕان و پارێزگاری سلێمانی کۆبووەوە و بانگەوازی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کرد.

شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە مەبەستی نیشاندانی هەڵوێستێکی هاوبەش لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی.

شاندەکەی کەنەکە بە سەرپەرشتی ئەحمەد کارامۆس هاوسەرۆکی گشتی کەنەکە بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارت و لایەنەکانی کوردستان، ئەمڕۆ شاندەکە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانی کرد.

شاندی کەنەکە لەلایەن پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر پێشوازییان لێکرا.

دوای دیدارەکە، شاندەکە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەوێ لەلایەن ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، مستەفا سەعید قادرەوە پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارانەدا ئاماژە بە گرنگی هەڵوێستێکی هاوبەشی نەتەوەیی لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان کرا.

پێدەچێت شاندی کەنەکە لە باشووری کوردستان بەردەوام بێت لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکان.