شاندی نێونەتەوەیی لە دژی گۆشەگیری لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان لە ئیمراڵی کۆبووەوە

١٢ ئەندامی شاندی نێونەتەوەیی لە دژی گۆشەگیری لە ئامەد لەگەڵ بنەماڵەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیری کۆنار کۆبوونەوە.

شاندی نێونەتەوەیی لە دژی گۆشەگیری کە تیایدا ٣٦ مافناس، رۆژنامەوان و ئەکادیمیسیانی خەڵکی ٧ وڵات بەشدارن و لە دژی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان یەکیان گرتووە، سەردانی ئامەدیان کرد. شاندەکە لە نیوان ٢٥-٢٧ی کانونی دووەمدا سەردان و دیدارەکانی ئەنجام دەدات.کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و نوسینگەی یاسایی سەدە پێشوازییان لە شاندەکە کرد. شاندەکە لەگەڵ محەمەد ئۆجالان برای رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەرلەمانتاری هەدەپە عومەر ئۆجالان کە برازای رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، هەروەها فایقە ئاکتاش دایکی وەیسی ئاکتاش و عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە بە رووی راگەیاندنەکاندا داخرابوو. بنەماڵەکان لە دیدارەکەدا باسیان لە هەلومەرجی دژواری گۆشەگیری کردووە.

دوای دیدار لە گەڵ بنەماڵەکان راگەیەندراو درا. عومەر ئۆجالان لەبارەی دیدارەکەوە قسەی کرد و وتی، "ئەو چالاکوان و نوێبەرانەی رێکخراوەکان لە دەرەوەی وڵات هاتوون، هاتوون بۆ سەردانی ئێمە. ئێمەش کردەوە نایاساییەکان لە ئیمراڵیانمان گەیاندە ئەوان. لە دوورگەی ئیمراڵی یاسا هەڵپەسێردراوە و بەهاکانی مرۆڤایەتی پێشێلکراون. ئێمە ئەو پێشێلکارییانە بە یەکگرتوویی پوچەڵ دەکەینەوە. دەزانین کە کوردستان و تورکیا لە ژێر گۆشەگیریدان، بانگەوازمان بۆکۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەوەیە، کردەوەی نایاسایی لە وڵاتێک کاریگەری دەکاتە سەر وڵاتانی دیکەش.

ئەم سەردانە واتایەکی گەورەی هەیە بەلامانەوە. دەمانەوێت پارێزەران بچنە ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان و ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵ ئەو ئەنجام بدەن. ئەمە مافێکی یاسایی ئێمەیە. پرسی کورد پرسێکی گرنگە. هەمووان گرنگی ئەوە دەزانن. بۆ ئەوەی گەلەکەمان بە ئارامی بژی، دەبیت دیدار لەگەڵ ئۆجالان ساز بکرێت. دەمانەوێت لەبارەی توندروستی ئۆجالان زانیاری وەربگرین. یەکگرتنی نێونەتەوەیی بۆ گەلی کورد گرنگە، تێکۆشانی ئێمە بەدەوری پاڕادایمی بەڕێز ئۆجالان بەردەوام دەبێت. بەر لە هەموو شت دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت".

'دەبێت دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە'

محەمەد ئۆجالان برای رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش وتی، "ئەوەی لە ئیمراڵی روودەدات بەلای هەموو کەسەوە شتێکی تاریک وناڕوونە، با کەس قەبوڵی نەکات. ئەگەر لە تورکیا یاسایەک بوونی هەبێت دەبێت لە ئیمراڵی جێبەجێ بکرێت، ئەمە داواکاری ئێمەیە. ئەو دۆخە لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبینراوە و بوونی نییە. بانگەوازمان بۆ هەمووان ئەوەیە، دەبێت دەستبەجێ بکەونەخۆ و هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ. جگە لە هەدەپە پارتەکانی تر لەم رووەوە بێدەنگن، ئەمە هەڵەیە و مایەی قەبوڵ کردن نییە. دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە".

فایقە ئاکتاش دایکی وەیسی ئاکتاشیش وتی، "جگە لە ئاشتی هیجی ترمان ناوێت".

پێسبینی دەکرێت کە شاندەکە سەردانی مەد توهاد-فەد و دایکانی ئاشتیش بکات.

هـ . ب