شاندی ڕۆژنامەنووسان لە شوێنی شەهیدکردنی گوڵستان و هێرۆ لێکۆڵینەوەی کرد

شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا چوونە شوێنی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و لێکۆڵینەوەی کرد.

ئەو شاندەی لە ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپی پێکدێت و لەسەر بانگەوازی ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاتنە سلێمانی، بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە دەربارەی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین.

 شاندەکە پێکهاتووە لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەممەد، ژاڵان زیاعی و دەڤریم ئاڵپ و ئەمڕۆ سەردانی شوێنی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان کرد.

ئەوکاتەی ڕۆژنامەنووسەکان لە سلێمانییەوە چوونە هەرێمی هەورامان، لەسەر ڕێگەی هەڵەبجە لە دووری ٥٢ کیلۆمەتر لە ناوەندی سلێمانی لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی داگیرکەری تورکەوە کرانە ئامانج. ئۆتۆمبیلی کۆمپانیای چەتر کە نزیکی گوندی تەپەڕەش ڕووبەڕووی هێرش بووییەوە، پاش بۆردوومانەکە نزیکەی ٢٠٠ مەتر لە ڕێگەکە دوورکەوتووەتەوە و سوتاوە.

لە شوێنی بۆردوومانەکە چاڵێکی ١٠-١٥ سانتیمەتری درووست بووە. شاندەکە لێکۆڵینەوەی لە شوێنی ڕووداوەکە و شوێنی سوتانی ئۆتۆمبیلەکە کرد.

لەسەر ناوی شاندەکە ڕۆژنامەنووس دلێرسۆران گوتی: "بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە تێدەکۆشین".

پاشان شاندەکە سەردانی چایخانەی نانی بەیانییان کرد لە گوندی کانی ماکا لەگەڵ خاوەن چایخانەکە قسەی کرد کە پێش کۆمەڵکوژییەکە ڕۆژنامەنووسەکان لەوێ نانی بەیانیان خواردووە.

پاشان شاندەکە چوونە سەردانی مۆنۆمێنتی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە پارکی ئازادی سلێمانی.

شاندەکە سەردانی ناوەندی جاسەنە و ئاژانسی شارپرێس و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانیان کرد.

لە سەردانەکەدا باسی ڕووداوەکانی کاتی کۆمەڵکوژییەکە و دواتر کرد، پەیامی یەکگرتن و تێکۆشانی هاوبەش دووپاتکرایەوە.

هەر ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ کارمەندانی چاپەمەنی ئازاد کۆدەبێتەوە.