شاری هەولێر موشەکباران کرا و بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە 'نوێ کرایەوە'

ئەمشەو چەندین موشەک ئاڕاستەی چەند شوێنێکی شاری هەولێر و دەوروبەری کران و بەهۆیانەوە کەسێکی ئەمەریکی کوژراو و 6 هاوڵاتی بریندار بوون.

کاتژمێر 9:30 ئەمشەو دووشەممە 2021/2/15 بەکاتی باشوری کوردستان، چەند مووشەکێک ئاراستەی ناو شاری هەولێر و دەوربەری كران. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەولێر و دەورەبەری لانی کە بە 8 موشەک کراونەتە ئامانج و 3 لە موشەکەکان ئاڕاستەی فرۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر کراون و دووانیان لە ناو فڕۆکەخانەکە و یەکێکیشان لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە کەوتوونەتەخوارەوە.

هاوکات چەندین لە موشەکەکان چەند شەقام و گەڕەکێ قەرەباڵغی شارەکەیان کردوەتە ئامانج. هەروەها چەند مووشکێکیش لە نزیک شارۆچکەی کانی قرژاڵە و مووشەکێکیش لە نزیک مەیدانی ئاژەڵان کەوتوونەتەخوارەوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کردوە: بە هۆی موشەکەکانەوە لانی کەم 3 هاوڵاتی برینداربوون کە یەکێکیان پاسەوانی یەکێک لە کۆنسوڵگەرییەکانە و دووانەکەیش دیکەش لە مەیدانی ئاژەڵان بریندار بوون.

هەرسەبارەت بە موشەکبارانەکە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕاگەیەندراوێک هەمان ئەو زانیاریانەی پشتڕاستکردوەتەوە و ڕایگەیاندوە" بەداواچون و لێکۆڵینەوەی ورد لە لایەن دامودەزگە ئەمنییەکانەوە دەستی پێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، واين ماروتو، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەمشەوی شاری هەولێردا کارمەندێکیان کوژراوە و پێنجی دیکەش بریندارن.

تا ئێستاش دیار نییە لە کوێوە موشەکەکان ئاڕاستەی هەولێر و دەروبەری کراون.

هـ.هـ