ڕەشبگیری ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە
ڕەشبگیری ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لانیکەم ٧ چالاکوان و هاوڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.
ڕەشبگیری ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لانیکەم ٧ چالاکوان و هاوڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان و چالاکوانای کورد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ٧ چالاکوان و هاوڵاتی کورد، بە ناوەکانی "هێرو قەدیمی، ئەحمەد موعەزز، ئومێد تووتی، قادر فەتحوڵاهی، تاهیر سوڵتانی، حەسەن چاکۆچ، حسێن چاکۆچ"، لە شارەکانی سەقز و بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕۆژی ١٢ی ئەیلول "هێرۆ قەدیمی"، چالاکوانی مەدەنی خەڵکی شاری سەقز، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی لەو شارە، بەبێ خستنەڕووی فەرمانی دادگا دەستبەسەر کراوە.
ھەروەھا ڕۆژی ١١ی ئەیلول، وەرزشکارێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی "تاهیر سوڵتانی"، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵات دەستبەسەر کراوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ١٠ی ئەیلول، پێنج هاوڵاتی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی ئەحمەد موعەزز، ئومێد تووتی، قادر فەتحوڵاهی، تاهیر سوڵتانی، حەسەن چاکۆچ، حسێن چاکۆچ"، لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەستبەسەر کراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو هاوڵاتیانە کراوە و ھەروەھا شوێنی ڕاگرتنیان نەخراوەتەڕوو.
بە گوێرەی ئامارێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی ڕابردوو لانیکەم ٨٥ چالاکوان و هاوڵاتی کورد بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان لە شارە جیاجیاکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و تاران دەستبەسەر کراون.
ژ.ن