شەنگال پلانی تەسفیە ڕەتدەکاتەوە: بێنەسەرمان، ئێمە بەرخۆدان دەکەین

ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری شەنگال و نوێنەری هێزەکانی پاراستن شەنگال ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەسەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی موستەفا کازمی لە سەر شەنگال، ئاشکرا کرد و بڕیارایاندا بەرخۆدانیی بکەن و دەستکەوتەکانی ئێزدخان بپارێزن.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری شەنگال لەگەڵ نوێنەرانی یەبەشە، یەژەشە، ئاسایشی ئێزدخان، پادێ و تاژێ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی بەغدا لەسەر شەنگال ڕێکخست و ئەنجامی کۆبونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.

لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە، کە تیایدا باس لەوە کرابوو، گەلی ئێزدی بە هەزاران ساڵە لەسەر خاکی خۆیان دەژین و هەتاکو ئێستا دووژمنایەتییان لەگەڵ هیچ گەل و باوەڕەیەکی دیکە نەکردوە و بە ئاشتییانە ژیاون، بەڵام لە بەرامبەردا بە دەیان جار لەلایەن دەستی دەرەکی و ئیمپراتوورییەکانەوە ڕووبەڕووی فەرمان بوونەتەوە.

هەروەها، ئاماژە بە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ کرابوو، تایدا هاتبوو”پەدەکە و حکومەتی بەغدا تاوانباری سەرەکیین، کە گەلی ئێزدییان بەبێ بەرگریی لەناو چنگی داعشدا هێشتەوە، ئەوەی بە هانای گەلی ئێزدییەوە هات، گەریلاکانی پەکەکە و شەڕڤانانی یەپەگە بوون، بە هاتنی ئەوان ئێمە بووینە خاوەن هێز و بەرنگاری داعش بووینەوە، هەتا کو بەتەواوەتی تێکمان شکاندن، لە هەڵمەتی شەڕ لەدژی داعشدا، خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال ٣٩٠ شەهیدی داوە و هەزار و ٦٠شەڕڤانیش بریندار بوون."

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەو، کە ئەوان وەکو گەلی ئێزدی وانەیان لە فەرمانی ٧٣مین وەرگرتووە و چیدی ناتوانن پشت بەو هێزانە ببەستن، کە ئەو فەرمانەیان بەسەریاندا هێنا چ پەدەکە و چ سوپای عێراق و ئەوان تەنها پشت بە هێزی بەرگری خۆیان دەبەستن.

مەخەدەشە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەستنیشانیشی کردوە، کە ئەوان زۆر جار لەگەڵ حکومەتی کازمیدا کۆبوونەوەیان کردوە و هەوڵیانداوە، پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن و داواکارییەکانی خۆیان بە فەرمیی بە حکومەتی بەغدا ڕاگەیاندوە، بەڵام لە بەرامبەردا مستەفا کازمی لە شوێنی ئەوەی گوێ لە داواکاریی خەڵکی ئێزدی بگرێت، لەگەڵ دەوڵەتی تورک و پەدەکە ڕێکەوتنیان کردوە و دەستیان بە پیلانگێڕیی کرد لەدژی شەنگال و ئێرادەی گەلی ئێزدیی و دەیانەوێت ئەو کۆمەڵکوژییەکی کە لەلایەن داعشەوە تەواونەکرابوو، تەواوی بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە چەندین جار نوێنەرانی خۆبەڕێوبەریی شەنگال لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کۆبوونەتەوە و هەموو جارێک بەڵێنی بێ کرداریان داوە و حکومەتی مستەفا کازمی بەڵێنەکانی خۆیان بەجێ نەهێناوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی شەنگال دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەوان بێجگە لە هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە باوەڕیان بە هیچ هێزێکی دیکە نییە و ڕێگە نادەن لە چیای شەنگال کە شوێنی ئایینی ئەوانە هیچ هێزێکی بیانیی جێگر ببێت، جگە لە هێزەکانی ئێزدخان، هەر بۆیە ڕوونی دەکەنەوە، کە ئەوان ئامادەن بە دیالۆگ هەموو کێشەکان لەگەڵ عێراقدا چارەسەر بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا حکومەتی مستەفا کازمی هەڕەشە لە ئێزدییەکان دەکات، هەر بۆیە ئێزدییەکان خاوەن هێزی خۆیانن و لە هەڕەشەی هیچ هێزی دیکەی ناترسن و ڕێگەنادەن سوپای عێراق بڕواتە شوێنە پیرۆزەکانی ئەوان.

جەختیش کراوەتەوە، ئەگەر حکومەتی عێراق پێداگر بێت لە هێرش بۆسەر شەنگال، ئەوانیش لە بەرامبەردا بەرخۆدانیی دەکەن و بە هێزی خۆیان بەرنگاری هەر هێرشێک دەبنەوە، داواشیان کرد کە پشتیوانی و خاوەنداریی لە دەستەکەوتەکانی گەلی ئێزدی بکرێت.

ک-ش