شەرناخ؛ لەمێژووی بەرخۆدانی نەورۆزی خۆی خاوەنداری دەكات

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی شەرناخ ئایشە ئاجار باشاران لەپیرۆزبایی نەورۆزی شەرناخدا ووتی:"سەرەڕای ئۆپەراسیۆنی قڕكردنی سیاسی، كەچی گەلەكەمان لەشەرناخدا هەنگاوێكی بۆ دواوە هەڵنەهێناوە".

لەگەڵ ئەوەی كە بارانێكی بەرخۆر"شڵۆپە"ش بوو؛ بەهەزاران هاوڵاتی شەرناخی چوونە گۆڕەپانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز. پیرۆزباییەكە لەفلكەی پیشەسازی شارەكە و بەدرۆشمی"كات، كاتی سەركەوتنە، "نەورۆز سەرهەڵدانی ئازادی ژنانە"،"وەرن بەئاگری نەورۆز بەرخۆدان بكەن و ئازاد ببن"، مەراسیمەكە دەستی پێكرد.

گۆڕەپانی نەورۆز بەشێوەیەك خەملێندرابوو؛ ژنان و گەنجانیش بەجل و بەرگی هەرێمی خۆیان رەنگێكی تایبەتیان دابووە گۆڕەپانەكە.

لەگۆڕەپانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز؛ گۆرانی"چەرخی شۆڕش" دەنگی دەدایەوە. بەهەزاران كەس بەدەنگێكی بڵند گۆرانی چەرخی شۆڕشیان دەوتەوە.

خەڵكی شەرناخ، سەرەڕای هەموو زەخت و گۆشارەكانی دەوڵەتی تورك، گرتن و ئەشكەنجە و ئۆپەراسیۆنی قڕكردنی سیاسیش لەبەرامبەر بەسیاسەتمەدار و دام و دەزگا و بەرێوەبەرایەتی پارتە كوردیەكان، بەڵام بەو جۆشە و خرۆشە و بەو بەشدارییەی لەگۆڕەپانی نەورۆزدا وەڵامێكی بەهێزی دەوڵەتی فاشیستی تورك و هاوپەیمانی ئاكەپە ـ مەهەپەی دایەوە.

باشاران: شەرناخ بۆ دواوە هەنگاو نانێت

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە؛ ئایشە ئاجار باشاران لەمەراسمی پیرۆزباییەكەدا ئاخاوت و وتی:"خەڵكی شەرناخ لەژێر ئەم بەفرە سارد و سڕەدا، بەگەرمایی خۆی، گۆڕەپانی نەورۆزیان گەرم كرد. هەڤاڵانمان لە ساڵی 1992دا لەبەرامبەر بەفاشیزم، زەخت و گۆشار و زۆڵم سەریان نەتواند، راپەڕین و ژیانیان بەختكرد. ئێمە بەو ئەوانەوە سەربڵندین. سەربڵندین بەمحەمەد تۆنج، زەكیە، بەنەفش، رەخشان و ئاسیە یۆكسەڵان. بەرخۆدان و تێكۆشانی ئەوان رێگاكەمانی رۆشن كردۆتەوە. لەبەرامبەر بەو كەسانەی دەڵێن كورد توانەوە و لەناوچوون و لەهێزكەوتن؛ ئەم گۆڕەپانە وەڵامێكی هەرە گۆنجاو و بەهێزە بۆ ئەو كەسانە، سەرەڕای ئۆپەراسیۆنی قڕكردنی سیاسی، خەڵكی شەرناخ یەك هەنگاوی بۆ دواوە نەناوە".

ف.ق