شێرزاد بەیگی زادە زیندانیی سیاسی و وڵاتپارێزی ناوچەى سۆما و برادۆست گیانی لە دەستدا

شێرزاد بەیگی زادە زیندانیی سیاسی و وڵاتپارێزی ناوچەى سۆما و برادۆست بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد.

شێرزاد بەیگی زادە بەهۆی چالاکییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانییەوە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە  پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دەستگیرکرابوو و بۆ ماوەى ٤ مانگ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەکانی ئیتڵاعاتی ورمێ دابوو و قاچێکی لەلایەن ئەشکەنجەگەرەکانی رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە شکێنرابوو.

لەسەر داوای ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لەلایەن دادگای رژێمی ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردن بەسەر ئەو تێکۆشەر و وڵاتپارێزەی کورددا سەپێنرا، بەڵام پارێزەرەکانی ئەو سزایەیان بە نایاسایی و نادادپەرەوەرانە زانی و توانییان لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا سزاکەى بۆ یەک ساڵ زیندانیکردن دابەزێنن. لەسەر بڕیاری دادگا شێرزاد بەیگی زادە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزا سەپێنراوەدا رۆیشت بۆ زیندان.

شێرزاد بەیگی زادە کوڕی حاجی عەلی بەیگی زادە یەکێک لە لە بنەماڵە وڵاتپارێزەکانی ورمێ، دوای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیشی بە بەردەوامی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانەوە لە ژێر چاودێریدا بوو و هەموو مانگێک بانگهێشت دەکرا بۆ ئیتڵاعاتی سوپای ورمێ و ماڵەکەیان دەپشکنی و هەڕەشەیان لێدەکرد.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی شێرزاد بەیگی زادە لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، شێرزدا بەهۆی گۆشارە بەردەوامییەکانی سوپای پاسداران بە ناچار گوندی هورسین چۆڵ دەکات و دەڕوات بۆ شاری ورمێ، بەڵام سەرباری ئەوەش ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران بە بەردەوامی هەڕەشەى کوشتنیان لێدەکرد".

سەرباری خۆڕاگری و بەرەنگاریی بەردەوامی شێرزاد بەیگی زادە، دوێنێ سێشەممە ٦ی نیسان بەهۆی تووشبوونی بەهۆی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لە دەستدا.

ژ.ت