'شۆڕشەکانی ئێران لە سەر هێڵی شیرین عەلەمهۆلی ڕێکخراوە'

یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە)، سەما کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، شۆڕشەکانی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە، چونکە لەسەر هێڵی بەرخۆدانی شیرین عەلەمهۆلی ڕێکخراوە.

یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەژە، سەما کوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی فورات نیوز کرد سەبارەت بە شەهیدانی مانگی ئایار و بەتایبەت شەهیدانی ٩ ی ئایار.

سەما کوردستان لە سەرەتای قسەکانی گوتی: «مانگی ئایار ناودەبەین بە مانگی شەهیدان، لەم مانگەدا یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەینەوە و سەری ڕێز بۆ گیانی پاکیان دادەنەوێنین. ئەم شەهیدانە خۆیان کردۆتە قوربانی لەپێناو ئازادی، ئەوان میراتێکن بۆ ئێمە، لەسەر هێڵ و تێکۆشانی ئەوان هەنگاو دەنێین. هەر ساتێک لە ڕاستی شەهیدەکان دەپرسینەوە تا بتوانین هەڤاڵێتییەکی دروست لەگەڵیاندا پێکبهێنین، تا ئامانج و خەونەکانیان بەدی بهێنین. بۆ ئێمە شەهید واتایەکی مێژوویی هەیە، ئەو کەسێتییە مێژووییەی ئەو قارەمانانە پێکیان هێناوە، بەرپرسیارێتییەکەی مەزنە بۆ ئێمە. باش دەزانین شەهید سەرخستنی شۆڕشی ئاپۆیی و بناغەی ژیانی ئازادە؛ لەسەر ئەم بناغەیە و بەگوێرەی میراتی فیداکاران و قارەمانان، گەریلایەتیی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ئەرکی شەڕڤانانی ئاپۆیی و بەرپرسیارێتیی سەردەمە».

سەما کوردستان پەیوەست بە یادکردنەوەی شەهیدانی ٩ ی ئایار، گوتی: «ڕژێمی داگیرکەر و قڕکەری ئێران لە ٩ ی ئایاری ٢٠١١، بڕیاری سێدارەی دەرکرد بۆ چوار لە هەڤاڵەکانمان. ئێمە یادی ئەم شەهیدانەی دۆزەکەمان و ئەم بەرخۆدەرە مەزنانە دەکەینەوە، دووپاتی دەکەینەوە لەسەر هەنگاوەکانیان بەردەوام دەبین. بەرخۆدان و تێکۆشانی شەهیدان شیرین عەلەمهۆلی و فەرزاد کەمانگەر و عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی، قۆناغێکی نوێی کردەوە لە مێژووی تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئاراستەی شۆڕشی دەستنیشان کرد، هەروەها هێڵەکەی ڕوون کردەوە. شەهید شیرین بە بەرخۆدان و تێکۆشانەکەی بوو بە سیمبولی ژنی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. ڕاستییەکەی بوو بە سیبمول بۆ هەموو ژنانی جیهان. ئەو بەرخۆدان و ئیرادە و دەسپێشخەری و هێزەی لە زیندانی ئەوین پیشانیدا، بوو بە ئومێد و باوەڕێکی پۆڵایین بۆ هەموو ژنان. کاتی چوونی بۆ سەر سەکۆی سێدارە گوتی: «دەتوانن گیانم بسێنن، بەڵام ناتوانن شەرەف و کەرامەتم لێ بسێنن!». لێرەدا، شەهید شیرین پەیامێکی زۆر گرنگی بەخشی، ئەگەر بەباشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، دەبینین ڕادەی عەشق و پەیوەستبوونی چەندێکە بە وڵاتەوە، دەزانین چەندێک سەربڵندە بە ناسنامەکەی وەک ژن».

هەروەها گوتی: «هەڤاڵ شیرین لە ژیان و شەهیدبوونی ئێمەی تێگەیاند کە شۆڕش واتە ژیانێکی مەزن بژیت، خەونی مەزنت هەبێت، بەرخۆدانی مەزن دژی دوژمن بکەیت».

درێژەی هەیە...