شیروان شیروانی بە دەست و پێ کەلەپچەکراوی برایە بەردەم دادگا

پارێزەری زیندانیكراوانی بادینان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شێروان شێروانی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لەسەر دوو کەیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا بەئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی و شێروان وتی ” من بێ تاوانم لەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵم ” .

بەشدار حەسەن پارێزەری زیندانیكراوانی بادینان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە دەست و پێ کەلەپچەکراوی هێنرایە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر له کەسنەزان و دوای ئەوەی لە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کەلەپچەکانیان لێکردەوە و وتەکانی لێ وەرگیرا، شێروان بە ئازادانە وتەکانی خۆی دا لە ژووری بەڕێز دادوەر و بە ئامادەبوونى بەڕێزان ئەندامی داواکاری گشتی و ی. لێکۆڵەرەوەی دادی و کاک زەیتۆ سیان نوێنەری یۆنامی و بەندە و پارێزەران باڤێل شێرزاد و کارزان محمدامین.

باسی لەوەشكرد،لەسەر دوو کەیس شێروان شێروانی هێنرایە بەردەم دادوەر، یەکەمیان، سکالای ئەفسەرێکی ناو چاکسازی بەپێی ماددە ٢٢٩ و دوەمیان تۆمەتێکی خراوەتەپاڵ بە ماددە ٢٨٩-٢٩٨ گوایە تەزویری کردووە بە پەنجەمۆرێک لە جیاتی گوهدار زێباری، بەڵام رۆژنامەنوس شێروان شێروانی هەردوو تۆمەتی ڕەتکردەوە و وتی: “من بێ تاوانم لەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵم.”

لە لێکۆڵینەوەکەدا بەڕێزان د. مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و فەیزوڵا راوێژکاری دەستەی مافی مرۆڤ بۆ هەمان مەبەست زياتر له نیو کاتژمێر لەگەڵ بەڕێز دادوەر دانیشتن و گفتوگۆیان کرد لەسەر هەردوو کەیسەکەی شێروان شێروانی.

ف.ق