گەلی باشووری کوردستان لەسەرجەم چین و توێژەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە بەرامبەر داگیرکاری و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا. نیگەرانن لە بێدەنگی لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا. لەم بارەییەوە سەلام عەلی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە)، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
' تورکیا باشووری کوردستان بە بەشێکی خۆی دەزانێت '
سەلام عەلی باسی لەوە کرد ئامانجی تورکیا لە داگیرکردنی باشووری کوردستان بۆ ئەوەیە بیکات بە ناوچەیەکی سەربازی و وتی: " ئامانجی تورکیا لە داگیرکردنی کوردستان نوێ نیە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لە هەوڵی داگیرکردنی بووە و لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و هەڵوەشانەوەی فەرمانڕەوایی عوسمانی و هاتنی ئەتاتورک، وە بە باوەڕی من دەوڵەتی تورک باوەڕییان بەو نەخشە سیاسیە نیە کە بۆیان داڕێژراوە. دەیانەوێت ئەو نەخشە سیاسیەی بۆیان دانراوە بە شێوەیەکی نوێ دایڕێژنەوە. داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکانی تورکیا بەهۆی پەکەکەوە نیە هەندێک لایەن و تایبەت پەدەکە لە ڕێگەی میدیاکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هۆکاری هاتنی هێزی تورکیا بەهۆی پەکەکەوەییە کە ئەمەش دوورە لە ڕاستیەوە، تورکیا ئامانجێکی ستراتیژی هەیە لە ناوچەکە کە بە میراتی خۆی دەزانێت و هەوڵی داگیرکردنی دەدات بەداخەوە پەدەکەش بەشێکە لە داگیرکارییەکان. لە ڕاستیدا مەترسییەکی گەورە هەیە، ئەوەشی لە بەرامبەر مەترسییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەستاوەتەوە تەنها گەریلایە."
' پەدەکە سیاسەتی داگیرکەر جێبەجێ دەکات '
سەلام عەلی باسی لەوە کرد بارزانی سیاسەتی ئۆردۆغان جێبەجێ دەکات کە بەڵێنی ئەوەی پێداوە بیکات بە والی ناوچەکە و بیکات بە والی موسڵ و کەرکوک و وتی: " جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەردغان دەبێتە هۆکاری لە ناوچوونی پارتی و بنەماڵەی بارزانی چونکە تورکیا ئەم داگیرکاریییە بۆ ناچێتە سەر و شکست دێنێ. لەم ماوەی ڕابردوودا ئەردۆغان هاتبووە عێراق چەند ڕێکەوتنێکی سەربازی و ئابووری ئەنجام دابوو. حکومەتی عێراق وعێراقییەکان لە کاتی بینی تابلۆی تورکیا لە بەرواری باڵای سەربە پارێزگای دهۆک، کە لەسەر تابلۆکە نوسراوە هاتووچۆ لەم ناوچەیە قەدەغەیە و ئێرە خاکی تورکیایە و عێراقییەکان هەستیان بە مەترسیکرد، هەربۆیە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی دژی داگیرکارییەکانی تورکیا وەستانەوە. ئەوەی گرنگە دەبێت گەلی باشووری کوردستان و لایەنە سیاسیەکان پشتیوانی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بێت."
' ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدان ڕادەستی تورکیا کراون '
لە درێژەی قسەکانیدا سەلام علی ئاماژەی بەوەکرد دەبێت گەل لە دژی داگیرکارییەکان هەڵوێستی هەبێت و وتی: " لە ڕاستیدا دەمێکە ئەوە زانراوە کە پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی خۆیان پێشکەش بە تورکیا کردووە. ئەوەی گرنگە پێویستە گەل چی بکات؟ دەبێ خۆمان بە ڕێکخستن بکەین و دژی داگیرکارییەکان بوەستینەوە، بەتایبەتی گەلی بادینان گەلێکی شۆڕشگێڕن ئەو ناڕەزایەتیانەی رۆژانی رابردوو لە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا ئەوەمان پێ دەڵیت؛ گەلی بادینان باش تێگەشتوون لە خیانەتی بنەماڵەی بارزانی و ئامانجی قڕکەری دەوڵەتی تورک. ئەو گوندانەی کە ئێستا لە ژێردەسەلاتی دەوڵەتی تورکدایە دەیانکات بە ناوچەی سەربازی. بەداخەوە لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان و ڕێکخراوەکان هەڵوێستی جدییان نیە. پێویستە هەموو گەلی باشوور لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بوەستینەوە پشتیوانی گەریلا بکەین و پشتیوانی گەلی بادینان بکەین، دەنگی خۆمان بە هەموو دونیا بگەیەنین."
' دەزگای شەڕی تایبەت بەڕێوە دەچێت '
سەلام عەلی تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لە ئێستادا شەڕی تایبەت بەڕێوە دەچێت و میدیاکان بە کاردێنن و وتی: " دەزگای پاراستنی پەدەکە و میتی تورکی لە ڕێگەی ماڵپەڕ و کەناڵەکانیانەوە شەڕی تایبەت دەکەن بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەل، پەدەکە لە ڕێگەی میدیاکانیەوە پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات کە بافل تاڵەبانی کوردستانی جێهێشتووە پێی وتراوە کە دێینە سلێمانی داگیری دەکەین. هەموو وتارەکانی پەدەکە پڕوپاگەندەن و ڕاستینین. ئەوە بۆ دوو هەفتە دەچێ دەوڵەتی تورک لە شەڕدایە لەگەڵ گەریلاکانی کوردستان و نەیتوانیووە هیچ ناوچەیەکی باشووری کوردستان بگرێت، باس لەو ناوچانە ناکەین کە لە ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدان کە خۆی ڕێگەی بۆ کردۆتەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا سەلام عەلی بانگەوازی لە گەل کرد کە هەڵوێست بنوێنن دوای لە مامۆستاییانی ئاینی کرد هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن وە هەرکەسێک هەڵوێستی نەبێت دەچیتە هێڵی خیانەتەوە دەبێ تەماشای گەلی شیلادزێ بکەین کە چۆن لە بەرامبەر سەربازەکانی تورک و بنەماڵەی بارزانی وەستانەوە و وتی: " وەک چۆن سەدام حسێن کۆمەڵکوژی و گوندەکانی وێران دەکرد ئەردۆغانیش هەمان کار دەکات کاتێک داعش هاتە موسڵ و کە داعش دروستکراوی ئۆردۆغان بوو هێرشی عێراق و سوریای کرد و پشتیوانی تەواوی دەکرد. لە ئێستادا دەوڵەتی تورک هەمان چەتە و داعشی هێناوەتە باشووری کوردستان، چونکە دەزانێت سەربازەکانی خۆی ناتوانن لە بەرامبەر گەریلا ئازادەکان بجەنگن وبەدڵنیاییەوە لە بەرامبەر گەریلادا شکست دەهێنن. وە دڵنیام ئەمە کۆتا داگیرکاری دەوڵەتی تورک دەبێ و دەسەلاتی ئاکەپە و ئەردۆغان کۆتایی دێت لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی باشووری کوردستان کە هاوکاری کردوە لە داگیرکردنی باشووری کوردستان."
هـ. ب