سلێمانی؛ کەمپینى کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەى باکور و ڕۆژئاوای کوردستان راگەیەندرا

لە شاری سلێمانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە بەهێزەکانی باکور و رۆژئاوای کوردستان راگەیەندرا و قائیمقامیەتی شارەکەش داوای لە سەرمایەدان و خەمخۆران کرد بە هاوکارییەکانیان لە خەمی زیانلێکەوتوان لەو دوو بەشەی کوردستان کەمبکەنەوە.

قائیمقامیەتى سلێمانى بڵاویکردەوە، بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی بەهۆی بومەلەرزەکانی ناوچەکانی سوریا، تورکیا و ئێران زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە هاوکارییە ئەمڕۆ لە سلێمانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی ئەو ناوچانە راگەیەندرا.

لەوبارەوە، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لە دەستپێکی کەمپینەکەدا، کە لە بینای مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەکە بەڕێوەدەچێت، ئاماژەی بەو زیانە گیانی و ماددیانە کرد، کە بەهۆی ئەو زنجیرە بومەلەرزانەوە لە هەندێک ناوچەی ئێران و سوریا و تورکیا کەوتونەتەوە و رایگەیاند، سلێمانی دەستپێشخەری کردووە و هاوخەمی لێقەوماوانە و خۆمان بە کەسوکاریان دەزانین.

وتیشی، داوا لە هاوڵاتیان و خەمخۆران و سەرماداران دەکەین بەشداربن لەم کەمپینە بۆئەوەی بتوانین کەمێک لەخەمی ئەو کەسوکارانەمان کەم بکەینەوە و تا ئێستاش بەشێکی زۆری سەرمایەداران و هاوڵاتیان پشتگیری خۆیان بۆ ئەم کەمپینە دەربڕیوە.

كاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٨ پلە بە پێوەری ڕێختەر بەشێك لە ناوچەكانی باكووری كوردستان ، رۆژئاوای کوردستان، توركیا و سوریای گرتەوە، دواتر چەندین بوومەلەرزەی تر ئەو ناوچانەی هەژاند بەپێی ئامارەكان تائێستا سێ هەزار و ٣٨١ كەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٢٠ هەزار و ٤٢٦ كەسیش بریندار بوون.

هـ . ب