ئەمڕۆ لە ڕۆژی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران و ڕەنجدران، وەک هەڵوێستێک لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان هیچ چالاکییەک لەو ڕۆژەدا ئەنجام نەدرا و لقی گەرمیان سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە کۆنگرەیەکدا گیروگرفەتەکانیان خستەڕوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا عەدنان محەمەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند: "لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لە تەواوی کرێکارانی جیهان دەکەین و سەری ڕێز دادەنەوێنین لە ئاست گڵکۆی ئەو کرێکارانەی لە پێناو بژێوی ژیانیان گیانیان بەختکردووە، لەم ڕۆژەدا کرێکارانی ئێمە چەندین گیروگرفتیان هەیە. ئێمە خەریکە بەر شەپۆلێکی مافیا گەریی دەكەوین لە سنوورەکە، کەسانێک لە پەنای حزب و حکومەتدا ناهێڵن خزمەتی کرێکار بکەین."
'هەرەشە لە قوتی خەڵک دەکرێت'
لە بەردەوامییدا گوتی: "خەڵکانێک دەستدەبەن بۆ قوتی کرێکاران، کاتێک کەسێکیش دەدەین بە دادگا کەسانی دیکە دەستوەردان دەکەن لە کارەکانمان، کێشەیەکی دیکەمان پرۆژی نیشتەجێبوونی بان سیتییە، کەسانێک دەیانەوێت ئەو پرۆژەیە لە دەستی ئێمە دەربهێنن و بیدەن بە کۆمپانیایەک لەبەر بەرژەوەندی کەسی، بۆیە ئێمە سازش لەسەر هیچ ناکەین و لە ڕۆژانی داهاتوو هەڵوێستی جدییمان دەبێت."
'لە ماوەی ساڵێکدا ١٣ کرێکار گیانی لەدەستداوە'
لە کۆتایی قسەکانییدا سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی: "لە ساڵی ڕابردوو ١٣ کرێکارمان لە کاتی کارکردن گیانی لە دەستداوە، ئەمساڵیش دوو کرێکار گیانی لە دەستداوە، یەکێکیان لەکاتی کارکردندا بە نەخۆشی کتووپڕ گیانی لەدەستداوە و تا ئێستاش چەندین کەیسمان لە دادگاکان لە بەرژەوەندی کرێکاران بردووەتەوە، لە داهاتوودا ڕێکاری تووندتر دەگرینەبەر لە بەرژەوەندی کرێکاران."