ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای میدیایی چەتری کردە ئامانج، دەربارەی ئەو هێرشە کۆمپانیای چەتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ئامادەبوو و ڕایگەیاند: " ئەوەی دەستی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری کردووەتەوە و بۆردوومانەکان بەردەوامە، بێدەنگی حکوومەتی عێراقە بە پلەی یەکەم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی مەدەنی شەهید دەکات."
ڕێکخەری سەرنتەری میترۆ ئاماژەی بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرد و وتی: " وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورکیا نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکان هاتووەتە ناوەوە و ڕۆژانە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج. هۆکاری بەردەوامی ئەو داگیرکاریی و بۆردوومانانەی دەوڵەتی تورکیا، کە هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیی حکوومەتی عێراق و هەرێمە."
'کەیسی شەهیدکردنی ڕۆژنامەوانان دەگەیەنینە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی'
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا کاروان ئەنوەر سەرۆكی لقى سلێمانى سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئیدانەی شەهیدكردنی دوو ڕۆژنامەنووسەكەی كۆمپانیای چەتر دەكەین و قبووڵی ناكەین و وتی: "ئەم دۆسێیە دەگەیەنینە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی. بەداخەوە ئەمڕۆ دوو ڕۆژنامەنووسی كۆمپانیای چەتر شەهید بوون، ئێمە بە توندى ئیدانەی هەر هێرشێك بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان دەكەین، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان ڕۆژنامەنووس بەدەرە لە هەموو قەیرانەكان، تەنانەت لە ناو جەنگیشدا ڕۆژنامەنووس مافی پارێزراوی هەیە."