سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەوانان، دژی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەوانان و هاوڵاتیانی سڤیل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەتوندی ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکات.
سەنتەری میترۆ تیشک دەخاتە سەر بەئامانجگرتنی تیمی ڕۆژنامەوانانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم، لە ڕۆژی ٨ ی تەمموز لە تەل قەسەبی سەر بە شەنگال، کە بەهۆیەوە مەدیا حەسەن كەمال و مراد میرزا برایم و خەلەف خدر بریندار بوون، پەیامنێری چرا ئێف ئێم مراد میرزا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەیەکی موسڵ گیانی لەدەستدا.
سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەکات لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی بۆردوومانی سوپای تورکەوە ١١ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٩ هاوڵاتی برینداربوون، دەڵێت: "هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ڕۆڵی تەماشاكەر دەبیینن".
هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات ڕوونکردنەوە بە هاوڵاتیان بدەن ئاخۆ ڕێککەوتنی ئەمنی هەیە لەگەڵ حکومەتی تورکیا. دووپاتی دەکاتەوە پێویستە هەردوو حکومەتەکە ڕۆڵی تەماشاکەر نەبینن و پارێزگاری لە گیانی هاوڵاتیان بکەن.