بە دیمەن

سنوور گەلاوێژ: مێژوو لە بنەماڵەی بارزانی خۆش نابێت

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کژار، سنوور گەلاوێژ دەربارەی گۆشەگیری ئیمراڵی و داگیرکاریی سەر باشوور و خیانەتی بنەماڵەی بارزانی دوا، وتی: " پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە دەنگی رێبەر ئاپۆ، دەبێت لە هیچ شتێک نەترسین، دووژمن ناتوانێت بمانترسێنێت".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کژار دەربارەی دوایین لێدوانی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات پەیوەست بە هەوڵی دەوڵەتی تورک بۆ سەوداکردن لەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها دەربارەی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، خیانەت و چاوساغی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  دوا.

هەڵسەنگاندنەکانی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کژار، سنوور گەلاوێژ بەم جۆرەیە:

 "هەروەک زانراوە ماوەی چەند ساڵە بە هیچ شێوازێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەرایەتیمان پێک نایەت، هەروەها گرێدراوی بارودۆخی سەرۆکایەتی لە ئیمراڵی، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە هەڤاڵ بەسێ لێدوانی دابوو. ڕێبەرێتی وەک تاکەکەسێک نەگیراوە، بۆ تەواوی دونیا ئاشکرایە لە کەسێتی ڕێبەرێتیدا هەبوونی گەلێک، هەبوونی تەواوی ژنان، هەبوونی ئازادی، هەبوونی ناسنامە و هەبوونی زمان گۆشەگیرکراوە. ئەمە تەنها بۆ دووژمن بەس نیە و بەمەشەوە ناوەستێت، سەرەڕای ئەوە پەنا دەباتە بەر ئەشکەنجە و گۆشەگیری، دەیەوێت لە کەسێتی ڕێبەرێتیدا گەلی کورد لە ناوبەرێت و ئازادی ژنان لە ناوبەرێت، دەیەوێت لە کەسێتی ژناندا تەواوی کۆمەڵگا بە گوێرەی بەرژەوندی خۆی ئامادەبکات.

لە ساڵی ١٩٩٩ بەدواوە، دوای پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی هەتاوەکو ئێستا دوژمن دەیەوێت لە کەسێتی ڕێبەرێتیدا سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن بەسەر گەلی کورد بەڕێوەببات و دەیەوێت بە ئامانج بگات. بەڵام نەیتوانی بە هیچ ئامانجێک بگات. لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هەر جێگەیەک کە کورد لێی دەژی بە تایبەتی بە پێشەنگایەتی ژنان، هەتا وەکو ئێستا خاوەندارێتییەکی یەکگرتوو بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی سەرۆکایەتی ئەنجام دراوە. نمونەی ئەم ڕاستیە زۆر لەبەر چاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باکووری کورستان، لە باشووری کوردستان، لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە دەرەوەی وڵاتدا لە لایەن کەسانی دیموکراتیک و حیزبە دیموکراتیکەکان و هێزە ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، کەمپینی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی جەماوەری ئەنجام دراوە.

سەوداکردن لەسەر ڕێبەرێتی قبووڵکراو نییە

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەڤاڵ بەسێدا بۆ تەواوی دونیای ئاشکرا بوو کە دەیانەوێت لەسەر سەرۆکایەتی مامەڵەیەکی سیاسیی گەندەڵ جێبەجێ بکەن. ئەوە ڕەوشێک نیە کە قبوڵ بکرێت. باوەڕ دەکەم گەلی ئێمە بە تایبەتی ژنان بتوانن لەم بابەتە تێبگەن کە کۆماری فاشیستی تورک بە مامەڵەی سیاسی و سەوداکردن لەسەر بینینی رێبەر ئاپۆ دەیەوێت بگات بە بەرژەوەندیی و ئامانجەکانی. لەبەر ئەوە بە ڕاستی چۆن لە کاتی نەورۆزدا، لە چواری نیساندا، لە هەشتی ئاداردا، گەلی ئێمە لە هەڵبژاردنەکان لە باکوور، گەلی وان، توانیان بە دەنگ و ئیرداەی خۆیان خاوەندارێتی لە هەبوونی خۆیان بکەن، ئێستاش هەمان کاتە بۆ خاوەندارێتی کردن لە ڕێبەر ئاپۆ.

 ئێستا زیندانەکانی تورکیا پڕ بووە لە گەلی کورد و سیاسەتمەداری کورد، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمانشێوەیە. بەتایبەت لە باکووری کوردستان هەر سیاسەتمەدارێک و پیشەوەرێک، هونەرمەندێک، میوزیسیانێک، منداڵێکی کورد هێمای ئازادی بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە خۆی بکات و ئازادی سەرۆکایەتی مسۆگەر بکات وەکو گەندەڵی پێناسە دەکرێت، دەیانەوێت لە کەسێتی رێبەر ئاپۆدا تەواوی گەلی کورد لە ناوبەرن. ئەو ئۆپراسیۆنانەی لە هەرێمی پاراستنی مەدیا بەڕێوەدەچێت گوزارشت لەم ڕاستیە دەکات بە تایبەتیش لە باشووری کوردستان، ئۆپراسیۆنێکە بە پێشەنگایەتی پەدەکە بەڕێوەدەچێت ئیتر پێویستە ئەو ناوانە بگۆڕدرێت. لە ئێستادا ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە هەموو شوێنێکی کوردستان هێرشی سەر ئەو خاوەندارێتیەی کورد دەکات و لە دژی هەموو دەنگ هەڵبڕینێکی گەلی کوردە بۆ ئازادی، بەڵام هیچ ئەنجامێکی بە دەست نەهێناوە. لە ئێستاشدا پەدەکەی نۆکەر و خائین لە ڕاستیدا ناسنامەی داعشی هەڵگرتووە دەیەوێت لە کەسێتی گەلی کوردا ئیرادەی کوردان بشکێنێت.

خیانەتی بنەماڵەی بارزانی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە

 لە ڕاستیدا خیانەتی بنەماڵەی بارزانی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە ئاشکرایە لە کاتی کۆماری مەهابادا چ ڕۆڵێکی خائینانەی گێرا لە کۆتایهێنان بە سەرهەڵدانی کۆماری مهاباد. لەوکاتەوە بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە بوون بە ناسنامەی خیانەتێک کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لەسەری. لە ڕاستیدا ئەمەش شەرمەزاری و شورەییەکی گەورەیە بۆ پەدەکە لە کاتێکدا تۆ کوردی و خیانەت لە کورد بکەیت. لە ئێستادا پەدەکە لە کەسێتی خۆیدا بە شێوەیەکی کارەساتبار ئەو سیاسەتەی نکۆڵیکردن و دژی بە کوردەی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە خواستویەتی ئەم جێبەجێی دەکات. ماوەیەک پێش ئێستا بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد تورکیا نە هاتۆتە خاکی کوردستانەوە، بۆ مەگەر هەولێر و شیلادزێ دەوڵەتی فاشیستی تورکیای تێدایە خاکی کوردستان نیە! چۆن دەبێت خاکێک خاکی کورد و کوردانە ڕژێمێکی فاشیستی دەوڵەتی تورک کە پسپۆرە لە قڕکردنی کورداندا بێت و لە خاکی کوردستاندا بنکە و بارەگای سەربازی دابنێت. لە دۆخێکی وەهادا کوردان چۆن بتوانن بە ئازادی ژیانی خۆیان بکەن. ئایا بارزانی هیچکات ئەمە لە خۆی دەپرسێت؟

مێژوو لە بنەماڵەی بارزانی خۆش نابێت

ڕێبەرێتی لە بەرگرینامەکانیدا زۆر لەسەر بابەتی میللیگەرایی (ناسیۆنالیزم) دەوەستێت و ڕەخنەی دەکات، بەڵام خۆزگە پەدەکە هەندێک هەستی نەتەوەیی تێدا هەبوایە، بەڵام دیارە ئەو هەستەی تێدا نیە بۆیە بووە بە نۆکەر و چاوساغی سوپای تورک، بنەماڵەی بارزانی لە فێڵ و خیانەتدا پسپۆڕە. زۆر ناشرینە بنەماڵەی بارزانی لەوە تێناگەن ئەم سیاسەتە سیاسەتێکی براکوژییە. هێزەکانی یەژاستار و هەپەگە لە زاپ، مەتینا، خواکوڕک، هەرێمی بادینان هەمووکات لە ژێر هێرشی کۆماری فاشیست بە ئیرادەی خۆیان خاوەندارێتی لە ناسنامەی خۆیان دەکەن، ئەمەشیان بە هەموو دونیا پیشانداوە. بنەماڵەی بارزانیش ئەو کچ و لاوانە باش دەناسێت، ئەو ڕۆحە زۆر باش دەناسێت کە ئەویش ڕۆحی ئاپۆییە. بۆ ئەوەی ئێمە خاکی خۆمان بپارێزین پێویستە فیداکاری ئەنجام بدەین، ئەو فیداکارییە ئیستا لە زاپ، ئاڤاشین، بادینان، خواکوڕک لە هەر جێگەیەک پێویست بکات کردوویانە و دەشیکەن، ئەمەش ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. بەڵام گەر ڕۆژگارێک دروست ببێت، گەلی کورد لە ناو ئارامی و ئاشتییدا بژی ئایا بنەماڵەی بارزانی ڕووی ئەوەی هەیە سەرهەڵبڕێت سەیری کوردێک بکات و بڵێت کوردم، ئەو ڕووەی نابێ چونکە ئیستا گەندەڵی بە دەستی بنەماڵەی بارزانی بڵاو دەبێتەوە، مێژوو لە بنەماڵەی بارزانی خۆش نابێت، کۆمەڵگای کوردی لە بنەماڵەی بارزانی خۆش نابێت، ژنان لە بنەماڵەی بارزانی خۆش نابن.

گەلی کورد ئەو هێزەی هەیە بتوانێت ئەژنۆی پەدەکە و تەواوی داگیرکەرەکان بشکێنێت

ئەو ژنانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی خۆیان توانیان بە ئافراندنی شۆرشی "ژن ژیان ئازادی" خاوەندارێتی لە هەبوونی خۆیان بکەن، ئێستاش لە کەسێتی ئەو ژنانەدا کە بوونە بە پارێزەری شکۆ و هەبوون و ناسنامەی گەلی کورد لەسەر چیا ئازادەکان دەیپارێزن. پێویستیان بە بنەماڵەی بارزانی نیە و کەسیش پێویستی بە بنەماڵەی بارزانی نیە. خائینێک چۆن دەتوانێت بۆ وڵاتی خۆی ببێت بە مرۆڤێکی بەشەرەف. گەلی کورد هۆشیارە، ژنی کورد ژنێکی زۆر هۆشیارە، ئەگەر هۆشیار نەبوایە ئێستا لە باکووری کوردستان چۆن سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجەیە لە بەرامبەر کۆماری فاشیستی ئاکەپە خاوەندارێتی لە خۆیان و لە کەسێتی خۆیاندا خاوەندارێتی لە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن.

لە وان کاتێک کۆماری فاشیست ویستی ئیرادەی گەل بشکێنێت، گەل بە یەکگرتووی دەرکەوتن و وتیان دەسەڵاتی تۆ قبوڵ ناکەین ئەژنۆی کۆماری فاشیستی ئاکەپەیان شکاند. لاوی کورد و ژنی کورد و گەلی کورد ئەو هێزەی هەیە بتوانێ ئەژنۆی پەدەکە و کۆماری فاشیست و تەواوی داگیرکەرەکانی کورد بشکێنێت. لاوی کورد لە چیا ئازادەکانی کوردستان لە بەرامبەر چەکی قەدەغەکراوەکان، شەڕی ئیرادە دەکەن شەڕی هەبوون دەکەن، شەڕی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن بە ڕۆحێتی عەگیدەکان و بە ڕۆحێتی زیلانەکان، بە ڕۆحێتی بێریتانەکان، بە رۆحێتی کەمال پیرەکان، بە رۆحێتی حەقی قەرارەکان ئیستا خاوەندارێتی لە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، خاوەندارێتی لە ئیرادە و ناسنامەی گەلی کورد دەکەن، هەمووکەس ئەمە باش دەزانێت. ئیستاش قۆناغێکە، پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو گەلی باکووری کوردستان چۆن هەتاوەکو ئێستا فیداکاری کردووە، خاوەندارێتی کردووە، بوون بەدەنگی ڕێبەر ئاپۆ، لەمەوبەدواش پێویستە ببینە دەنگی رێبەر ئاپۆ لە هیچ شتێک نەترسین، دووژمن ناتوانێت بمانترسێنێت.

گەلی باشووری کوردستان گەلێک نیە سەر نەوی بکات

باشووری کوردستان ناوەندێکە هەڤاڵ هەڵمەت و هەڤاڵ ڤیانی لێ دەرکەوت، گەر بگەڕێینەوە مێژوو لەیلا قاسم دەرکەوتووە، گەلی باشوور گەلێکی قارەمانن. لە ٢٠٠٨ کاتێک کۆماری فاشیست هێرشی کردە سەر زاپ، لە بامەڕنێ گەلی باشووری کوردستان بە قارەمانێتی خۆیان و ڕۆحێتی ئاپۆچێتی خۆیان خاوەندارێتیان کرد، هەروەها دەتوانین بڵێین لە شەری قەندیل دایکەکان و گەنجەکانی کوردستان هەروەک لەیلا قاسم چەکیان هەڵگرت و بەرگرییان لە شکۆی خۆیان کرد. ئێستاش لەو باوەڕەداین هێزێک وەک پەدەکە و هێزی کۆماری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ناتوانن مێژووی قارەمانێتی باشووری کوردستان بسڕنەوە. لەو باوەڕەشداین جارێکی تر گەلی باشووری کوردستان دەرکەون بێنە سەرشەقام و کۆڵانەکان لە شار و دێهاتەکان بە یەکگرتووی خۆیان دەنگی خۆیان بڵند بکەن. خاوەندارێتی لە شکۆی خۆیان بکەن، گەلی باشووری کوردستان ئەو ئەزموونەی هەیە و دەتوانێت خاوەندارێتی لە خۆی بکات، جارێکی تر پێویستە ئەوە پیشانی پەدەکە بدات گەلی باشووری کوردستان گەلێک نیە سەر نەوی بکات.

 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ئەشکەنجانەی لەسەر کورد و بەتایبەت ژن هەیە، لە ڕێگەی ژنەوە دەیانەویت هەموو سیاسەتی خۆیان داسەپێنن بەسەر کۆمەڵگادا، لە مەو بەدواش پێویستە بەیەک دەنگ و بە دەنگی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ خاوەندارێتی لە خۆمان بکەین، ئەمە ئەو شتەیە کە دەتوانێت پشتی پەدەکە بشکێنێت، ئەو هێز و ئیرادەیە پشتی ئاکەپەش دەشکێنێت. وەک چۆن تا ئێستە گەلی کورد لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە، بە یەکگرتوویی و بە هەستی کوردبوونەوە خاوەندارێتی لە هەبوونی خۆی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کردووە، لەمەوبەدواش پێویستە بە پێشەنگایەتی ژنان هەڵوێست وەربگرن و سیاسەتی قڕکردنی کۆماری داگیرکەر ڕابوەستێنن و فیداکارییەکی مەزن بکەن.

دەوڵەتی فاشیستی تورک هەموو شتێکی ئەزموون کرد، خیانەتی بنەماڵەی بارزانی هەمووشتێکی ئەزموون کرد، چیتر ماوە بیکەن و چ سیاسەتێک ماوە ئەنجامی بدەن، چ قڕکردنێک ماوە بەڕێوەی ببەن ، کۆمەڵگای کورد و ژنانی کورد بە ئیرادەی خۆیان هەتاوەکو ئێستاش لە بەرامبەر هەموو گەندەڵییەک ڕاوەستاون. لەو باوەڕەشم لەمەو بەدواش لە شەقام و دێهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان و گەلی کورد بەدوای ئازادی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەم گەلە بە دوای کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئازاد دەگەڕێت، ئەم گەلە دەتوانێت ببێت بە دەنگی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئیتر پێویستە دەنگمان بڵند بکەین پێکەوە بە یەک دەنگ ببینە هێزێک ئەو سیاسەتانە لە ناوبەرێت. گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆشیاری خۆیان و بە ئەزموونی خۆیان گەلێکن دەزانن هەڵە و ڕاستی خۆیان جیا بکەنەوە و بە دووژمنیان پیشانداوە کێن و چیان دەوێت و چۆن بژین. گەلی کورد لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆی بە دونیا ناساندووە. گەلی کورد ئیتر ئەو گەلە نیە کە هەرکەس هات و فەرمانەکانی جێبەجێ بکات."

هـ.ب