سۆرانی مامەحەمە لەسەر مەزارەکەی یادکرایەوە

لە شاری چەمچەماڵ، لە ١٦ هەمین ساڵیادی شەهیدکردنی، ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە لەسەر مەزارەکەی یادکرایەوە و داوایی دادگاییکردنی تاوانباران کرا.

١٦ ساڵ پێش ئێستا، لەلایەن دەستێکی نادیارەوە ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە لە شاری کەرکووک تیرۆرکرا، تاکو ئێستاش بکوژی ڕاستەقینە دەستگیرنەکراوە. لە ١٦ هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنیدا، ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە بە ئامادەبوونی کەسوکار و هاوپیشە و هاوڕێکانی، لەسەر مەزارەکەی لە شاری چەمچەماڵ یادکرایەوە.

لە مەراسیمەکەدا نووسەر و چالاکوان لەتیف فاتیح فەرەج ڕایگەیاند پێویستە بکوژ و کەسانی پشت تاوانی کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و تەواوی ئازادیخوازان ئاشکرا بکرێن.

پاشان برای شەهید سۆرانی مامە حەمە، فەرمان مامە حەمە ڕایگەیاند دوای ١٦ ساڵ هیچ گۆڕانێک بەسەر کەیسەکەدا نەهاتووە، گوتی: " ئەوە ١٦ ساڵە داوا دەکەین کەس گوێی لە داواکاری ئێمە و سەرجەم ئەو ئەو ڕۆژنامەنوسانەی دیکە و ئەوخەڵکە  ئازادیخوازانەی دیکەش نەگرتووە".

فەرمان مامەحەمە، داوای کرد بکوژەکان ئاشکرا بکرێن، دووپاتی کردەوە تاوانبار دەسەڵاتی خۆسەپێنە، چونکە سۆران داوای ئازادی دەکرد و ئەوانیش نایانەوێت ئازادی بێتە ئەم وڵاتە.

پاشان ڕۆژنامەنوس و هاوڕێی سۆران، ئەحمەد میرە گوتی: "ئەم کەیسە لە یادەوەری مێژووی هەر تاکێکدا بمێنێتەوە".

میرە ئاماژەی بەوە کرد سۆران سیمبولێکی مەزنە و کەیسەکەی هەردەم لە هزری خەڵکدا دەمێنێتەوە.