سەرباری ناڕەزایەتی و بانگەوازەکان پەدەکە لە زاپ زیاتر دێتە پێشەوە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ماوەی سێ ساڵە لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا نەیتوانیوە لە زاپ پێشڕەوی بکات. بەڵام بە هاوکاری پەدەکە هێزەکانی خۆی لە ھەرێمەکە جێگیر کرد. سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانیش، ئەم هەوڵانەی پەدەکە بەردەوامە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، هێزەکانی پەدەکە بە شۆفڵ و حەفارە ڕێگایەک لەسەر چیا دروست دەکەن و بەرەو قوڵایی زاپ دەڕۆن.

ھێزەکانی پەدەکە لە بەرەکانی باشووری زاپیش خاڵێکی سەربازیان دروستکردووە و ھەوڵ دەدەن ڕێگایەکی نوێ بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دروست بکەن.

لە گرتە ڤیدیۆییەکان دەردەکەوێت، کە شۆفڵ و حەفارەی پەدەکە لە داوێنی باشووری زاپ ڕێگا دروست دەکەن. ھێزەکانی لە خاڵی جیاجیا جێگیر دەبن و ھێزێکی گەورەی سەربازی لە ھەرێمەکە جێگیر دەکەن.

پەدەکە پێش ٢ی ئاب، هێزێکی گەورەی سەربازی لە قەزای ئامێدیی باشووری کوردستان جێگیر کردبوو و لەوێشەوە هێزەکانیان بۆ گۆڕەپانەکانی گەریلا گواستەوە.

هێزەکانی پەدەکە ماوەیەکی زۆرە ڕاستەوخۆ پاڵپشتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەن و دەبنە هاوبەشی هێرشە داگیرکاریەکان. دەوڵەتی تورک لە زۆرێک لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان بۆ ئەوەی بتوانێت دژی گەریلا پێشڕەوی بکات بە پاڵپشتی پەدەکە دەجووڵێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی تورک بە تایبەتی لە زاپ بە ناسنامەی پێشمەرگە ھاتوچۆ دەکەن و لە بنکەکانی بنەماڵەی بارزانی دێنەدەرەوە و هێرش دەکەنە سەر گەریلا.

لە ٢٩-٣٠ی تەمووزدا پەدەکە پشتیوانیی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئۆرتێ لە ناوچەی مەتینا کرد. لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا ھاتبوو، ئەو داگیرکەرانەی کە لەو گۆڕەپانەدا سزا دران، بە هاوکاری هێزەکانی پەدەکە لە ڕێگەی زەمینییەوە لە ھەرێمەکە گواسترانەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەی هەپەگە لە ٣٠ی تەمووزدا هاتبوو، "سوپای تورک کە لە بەرامبەر بەرخۆدانی هێزەکانمان ئەنجامی بەدەست نەھێنا، بە هاوکاریی پەدەکە ھێرشی کردە سەر ھێزەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئۆرتێ لە مەتینا و هەوڵدەدات لەو گۆڕەپانە جێگیر ببێت.

ژ.ن