سەربازانی عێراق لە شەنگال هێرشیان کردە سەر یەبەشە و یەژەشە و شەڕ بەردەوامە

سەربازانی سوپای عێراق لە دۆڵی شیلۆ و سکێن هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی یەبەشە/ یەژەشە. ئەو شەڕەی، کە بەهۆی ئەو هێرشەوە دەستیپێکردووە بەردەوامە.

سوپای عێراق پاش نیوەڕۆی دوێنێ ١٨ی نیسان هێرشی کردە سەر خاڵی ئاسایشی ئێزدیان لە دوگرێ و هەوڵی دابوو دەستی بەسەردا بگرێت، لەبەر ئەوەش شەڕ لەم ناوچەیەشدا ڕوویدا بوو.

دوای شەڕ لەو ناوچەیەدا سوپای عێراق هێرشی کردە سەر خاڵەکانی ئاسایش لە سنون و شەنگال و خانەسۆر.

هەروەها هێزە عێراقییەکان کاتژمێر ٠٢:٠٠ی نیوەشەو هێرشیان کردە سەر خاڵی پشکنینی ئاسایشی ئێزدخان لە تل عوزێر. هێزەکانی ئاسایش وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوە و بەو هۆیەوە شەڕیش ڕوویدا.

دوای ئەو شەڕە سوپای عێراق بەرەو دۆڵی شیلۆ و سکێن، کە لە ژێر کۆنترۆڵی یەبەشە و یەژەشەدان ڕۆیشت و سەربازانی عێراق هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی یەبەشە و یەژەشە و بەو هۆیەشەوە شەڕ لەو ناوچانەش ڕوویدا. شەڕ لە سکێن و دۆڵی شیلۆ بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان سوپای عێراق هێزی سەربازیی ڕەوانەی هەموو ئەو ناوچانە دەکات، کە لەلایەن یەبەشە و یەژەشە کۆنترۆڵکراون. ئەوەش دەریدەخات، کە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەرفراوان دەکرێت.

سەرنجڕاکێشە هێرشەکەی سوپای عێراق لە کاتی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دا دەستی پێکرد، کە دەوڵەتی تورک لە ١٧ی نیسان بە پشتیوانیی پەدەکە هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا.

ژ.ت