هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان بەهۆی بێدەنگی حکومەتی باشور و عێرق بەردەوامە.
لەم دواییانەدا سەربازانی تورک دەچنە گوندەکان و گوندنشینان لە نێو ماڵەکانیاندا دەردەهێنن و دەیانڕفێنن.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنیوز، سەربازانی تورک گوندی دایلایان گەمارۆداوە کە پێشتر دوو گەنجیان لەو گوندە ڕفاندبوو.
بەپێی زانیاریەکان، سەربازانی تورک ڕێگە نادەن کەس لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و هێرش دەکەنە سەریان و هەڕەشەیان لێدەکەن. ڕێگە نادرێت مەڕ و ماڵاتەکانیان کۆبکەنەوە کە لە دەرەوە بەجێ ماون.
لە ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١دا سەربازانی تورک ٢ گەنجیان بە ناوەکانی ئەکرەم خەلیل زکری و زێدان نەبی مستەفایان لە گوندی دایلای سەر بە شاروچکەی سیدەکانی هەرێمی برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر ڕفاند. هەردوو گەنجەکە بۆ تورکیا ڕفێنراون. چارەنوسیان نادیارە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان خۆیان بێدەنگ کردووە.
ف.ق