بەپێی سەرچاوەکان سوپای تورک بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ١٥ی نیسانەوە هێرش دەکەنە سەر گەریلاکانی هەپەگە. سەرچاوەیەکی خۆجێیش بە ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF)ی ڕاگەیاند، سوپای تورک لە دوای کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ناوچەی کانیماسی دەست بە هێرشی داگیرکاری دەکات.
ماوەیەکە هەم میدیاکان لە باشوری کوردستان و هەم سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایدەگەیەنن، سوپای تورک بە بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەم نزیکانە هێرشێکی نوێی داگیرکاری بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا دەستپێدەکەن. کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەپێی چەند زانیارییەک، کە بە دەستیان گەیشتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی چەند کارێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە.
سەرچاوەیەکی خۆجێیش بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ی ڕاگەیاند، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دەوڵەتی تورک پلانێکی هاوبەشیان لە هێزەکانی گەریلا ئامادەکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە لە ناو هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا، سوپای تورک لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٢دا هێرشێکی داگیرکاری لە دژی بنکەکانی گەریلاکانی هەپەگە لە ناوچەی کانیماسیی سەر بە پارێزگای دهۆک ئەنجام دەدات.
"بۆ دەستپێکردنی هێرش ٣ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی پارتی دەکوژرێن"
بەپێی سەرچاوەکە، ئامادەکاری کراوە، سەربازانی تورک لە ماوەی سێ ڕۆژدا بڕۆنە ناوچەکە و باس لەوەشکراوە، "پلان دانراوە تەقینەوەیەک رێکبخرێت، کە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا ٣ ئەفسەری بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بکوژرێن. یەکێک لەو ٣ کەسە ئەفسەرێکی پاراستنە، کە لەسەر دۆسیە و مێزی پەکەکە کاردەکات و ئەفسەری دووەمیش بەرپرسی هێزەکانی زێرەڤانییە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییە، تیمێکی پێکهاتوو لە ١٥ کەس لە هێزەکانی زێرەڤانی (یەکە تایبەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان) و پێشمەرگەی ڕۆژ لە بنکەی بنەسەڵاوە لە نزیک هەولێر جێگیرکراون. وتیشی، "تیمێک لە رێگەی جی پی ئێسەوە لەهەمان شوێن دامەزراوە، تیمێکی تریش لە ژێر سەرپەرشتیی کەسێک لە بەشی سیخوڕی و هەواڵگریی سوپای تورک دروستکراوە. تیمی دووەمیش بە جل و بەرگی مەدەنی و بە ناوی کۆمپانیایەک بە بەناوی لەوەن ئاسایش جموجوڵ دەکات".
سەرچاوەکە ڕایگەیاند، یەکەی هێزەکانی زێرەڤانی بۆ هێرشەکە ئامادەکراوە. ئەو یەکەیە لە ژێر فەرمانی لۆرکان موتاح دایە، کە لە موسڵەوە هاتووە. سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند، بۆ ئەوەى بیانو و پاساو بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ دروست بکەن، ئەم پلانەی خوارەوەیان داناوە:
١ - کوشتنی چەند پێشمەرگەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە).
٢ - تەقینەوەی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتی باشوری کوردستان بۆ تورکیا.
٣ - تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلێک لەو ناوچەیەدا، کە هاوڵاتیی مەدەنی تیادایە.
دەیانەوێت بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە لە ناو رای گشتیدا پاساو و رەوایدان بۆ هێرشە داگیرکەرییەکان دروست بکەن.
"ژووری ئۆپەراسیۆن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دروست دەکرێت"
بەپێی هەمان سەرچاوە، دەوڵەتی تورک ئامادەکاری بۆ ئەو هێرشە ئەم ئامادەکارییەی کردووە:
١- ناوچەی جەنگ و دەوروبەری لە هەواوە بخرێتە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵ بکرێت.
٢ - هەندێک جۆری تەقەمەنی و جبەخانەی تایبەت بە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەدرێت.
٣ – بە (تانک و زرێپۆش و ...) پشتیوانی لە هێزی زەمینی دەکرێت.
٤ – بۆ ئەوەی زانیاری بەهێزی ئاسمانی و وشکانی بدرێت، بە بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و سوپای تورک ژوورێکی ئۆپەراسیۆن لە نزیک گۆڕەپانی جەنگ دروست دەکرێت، کە کاری هەماهەنگیکردن دەبێت لە نێوان هێزەکاندا بۆ هێرشی داگیرکەری.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەدا، یەکەیەکی هێزەکانی زێرەڤان و دوو یەکەی هێزەکانی تایبەتی گوڵانی مەنسوری بارزانیی کوڕی مەسعود بارزانی لەسەر سنووری فیشخابوور ئامادەکراوە و لەوبارەیەوە ئەم زانیارییانەی خستەڕوو: "عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرماندەیی لیوای کۆماندۆی زێرەڤانی، بەشی سیخوڕی و هەواڵگریی زێرەڤانی، ئەفسەری ئۆپەراسیۆنی زێرەڤانی ئەنجامداوە تاوەکو ئەو خاڵانە دیاری بکرێن، کە ئۆپەراسیۆنیان لە دژ ئەنجام بدرێت. فەرمانیش دراوە بۆ ئەو مەبەستە "لەسەر جی پی ئێس نەخشەیەک ئامادە بکەن".
سەرچاوە خۆجێییەکە ئەوەشی ڕاگەیاند، لە قۆناغی دووەمی پلانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) - دەوڵەتی تورک، بۆ پچڕاندنی پەیوەندی لە نێوان ناوچەکانی گەریلادا دەبێت ڕێگای سەرەکیی کانیماسی بگیرێت. سەرچاوەکە لە کۆتایدا وتی: "دوای کۆنترۆڵکردنی ڕێگای کانیماسی، بۆ داگیرکردنی چیای مەتینا دەست بە جموجوڵ دەکەن".
ژ.ت