سەردەم: شکستی ئەردۆغان بە واتای شکستی هاوکارانیشی دێت
رۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە رایگەیاند، پەدەکە چارەنووسی خۆی بە ئەردۆغانەوە بەستووە و وتی، " لە کوردستان و هەرێمەکەش هۆکاری نائارامی، ئەردۆغان و هاوکارەکانین."
رۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە رایگەیاند، پەدەکە چارەنووسی خۆی بە ئەردۆغانەوە بەستووە و وتی، " لە کوردستان و هەرێمەکەش هۆکاری نائارامی، ئەردۆغان و هاوکارەکانین."
رۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژناەی هاوڵاتی کە لە باشوری کوردستان چاپ دەکرێت، باسی گرنگی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار لە تورکیا و باکوری کوردستان کرد.
سەردەمی رایگەیاند کە کۆماری تورکیا ئەمساڵ دەکەوێت دووەمین سەدەی خۆیەوە و وتی، " ئەردۆغان لە سەدەی دووەمدا هەوڵ دەدات سیستم و رژێمی دەوڵەت بگۆڕیت. کۆماری تورکیا لەسەر تەسفیەکردن و رەتکردنەوەی سێ بەشی کۆمەڵگا دامەزراوە. بەشی ئەکەم گەلی کورد بوو، بەشی دووەم ئیسلامی دەسەڵاتخواز و بەشی سێیەمیش بەشی چەپ و سۆسیالیستەکان بوون. نزیکەی سەد ساڵ، هەرسێ بەشەکانی کۆمەڵگا لەدژی رژێم تێکۆشانیان کرد."
بە بەرخۆدانی رێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانی پەکەکە گەورە بوو
سەردەم باسی ئەوەی کرد کە رژێمی لە کودەتای ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا، هەوڵیدا ئیسلامیەکان تێکەڵ بەخۆی بکات. رژێم ئەم هەنگاوەی لەگەڵ ئەربەکان هەڵگرت و لەگەڵ ئەردۆغان گەیاندیە لوتکە و بگرە لە بەرامبەر لەناوبردنی کورد، رژێمی رادەستی ئیسلامیەکان کرد. لەلایەکی دیکەوە توێژی چەپ و سۆسیالیستی ئیتر هەڕەشە نەبوو بۆ سەر ڕژێم و لە نیوەی دووەمی نەوەدەکاندا بێکاریگەر کرا، ئەمەش وەک درێژەپێدەری ئەو کودەتا شۆککەرە بەڕێوەبەرا، کە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ ئەنجامدرا . دوای ئەوە تەنیا تێکۆشانی پەکەکە بە سەرۆکایەتی رێبەر ئاپۆ مایەوە کە رۆژ بە رۆژ خەباتەکەی گەورەتر دەبێت. لێرەدا ئەردۆغان داوای پاڵپشتی تەواوی دەوڵەتی کرد و ڕەزامەندی هەموو چین و توێژە سیاسییەکانی تورکی بەدەست هێنا و بەڵێنی دا کۆتایی بە بەرخۆدانی کورد بهێنێت، کە دەوڵەت و ڕژێمەکەی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان نەیانتوانی تێکۆشانی کورد لەناوببەن و پاشەکشێی پێبکەن. ئەو بانگەشە و بەڵێنانەی بۆ لەناوبردنی بەرخۆدانی کورد و قڕکردنی کورد وایکرد کە هەوڵی سوڵتانبوون بدات و رژێکی تاکەکەسی خۆی بنیات بنێت. بۆیەش لە چارێکی سەدەی رابردوودا، هەموو کەسێک خۆی رادەستی ئەردۆغان کرد، یاخود لەناوچوو. تا ڕادەیەک کە جگە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد و رێبەر ئاپۆ، هیچ کەسێک نەمایەوە کە بەرخۆدان بکات. کاتێک کە ئەردۆغان لە بەڵێنەکانی بۆ تەسفیەکردنی بزوتنەوەی کورد لە سەدەی دووەمی کۆماردا شکستی هێنا، لایەنەکانی دیکە هەرچەندە لاوازیش بوون دەستیان بە کاردانەوە کرد و هەوڵیاندا رژێمێکی نوێ بنیات بنێن. بە کورتی ئەو لایەنانە کە گەشەیان کردووە، قەرزای رێبەر ئاپۆ و پەکەکەن.
گرنگ ئەوەی فاشیزمی ئاکەپە تێکبچێت
رۆنی سەردەم دەڵێت، "بۆ ئێمە گرنگ نییە کێ پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ دەکات یان پشتگیری ناکات. گرنگ ئەوەیە فاشیزمی ئەردۆغان بڕووخێنرێت. لەبەرئەوەی ئەردۆغان بەڵێنی چارەسەری پرسی کورددیدا و بۆیەش سەرکەوت. بەڵام لە ٢١ ساڵی دەسەڵاتیدا دەرکەوت کە دەیەوێت سیاسەتی قڕکردنی کورد بگەیەنێتە بەرزترین ئاست. لە دەسەڵاتەکانی دیکەشدا زۆر کەس دوژمنایەتی کوردیان کردووە. ئەوانەی دوژمنایەتی کوردیان کردوو لە رابردوودا کەم نین. بەڵام هیچ کەسێکیان بە ئەندازە و فراوانی ئەردۆغان دوژمنایەتییان نەکرد. بۆیەش پێمان وایە، لەم هەڵبژاردنەدا کوردەکان پشتگیری لە گونجاوترین کاندیدی سەرۆکایەتی لەدژی ئەردۆغان دەکەن. بۆیەش پێویست نییە ئێمە یان کەسێکی دیکە داوا لە گەلی کورد بکات کە دەنگ بە کەسێک بکەن. لەبەرئەوەی تاوەکو سەر مۆخی ئێسقان ئەزموونیان لەگەڵ ئەردۆغان هەیە کە دوژمنایەتی کورد دەکات و بە سیستمە ئایین و نەتەوەپەرستیەکەی دوژمنایەتی ژنان دەکات. نەک تەنیا گەلەکەمان لە باکوری کوردستان، بەڵکو گەلەکەمان لە رۆژئاوا، باشور، رۆژهەڵات و لە ئەوروپاش ئەمەی بینی و تامی کرد. رژێمی ئەردۆغان تاوەکو چ رادەیەک لەدژی گەلەکەمان دوژمنایەتی کردبێت، بەو ئەندازەیەش گەلەکەمان لەدژی سیاسەتی قڕکردنی ئەردۆغان بەرخۆدانی گشتی ئەنجامدا. بێگۆمان ئەردۆغان گروپێک هاوکاری لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ئەوانەش کەسانێکی جاشن کە هاوکاری ئەردۆغان دەکەن. بە تایبەتی پارتی (پەدەکە) و هاوکارەکانی، لەگەڵ ئەم هەموو فاشیزمەی ئەردۆغان، هاوکاری رژێمەکەی دەکەن. ئێمە ئەو لایەنانە لە دەرەوەی بەرخۆدانی گەلەکەمان دەبینین. بۆیەش گەلەکەمان و لایەنە دیموکراتەکانی تورکیا ئاساییە کە لە بەرامبەر فاشیزمی ئەردۆغان، کەمال کلچدارئۆغلۆ وەک کاندیدێکی گونجار ببینن."
پارتی چەپی سەوز دەتوانێت ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت
رۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە وتی، بۆ کورد و هێزە دیموکراتەکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گرنگترە. بەگوێرەی زانیاریەکانمان لە پەرلەماندا هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی کۆمار ناتوانن زۆرینەی کورسیەکان بەدەست بهێنن. پێکهێنانی حکومەتی نوێ پەیوەندی بە هەڵوێستی پارتی چەپی سەوزەوە دەبێت. ئێوە دەزانن هەدەپە بەهۆی ئەوەی ئەگەری داخستنی لەسەرە، لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد. بۆیەش بەدەستهێنانی کورسیەکی زۆر گرنگە. پارتی چەپی سەوز بە تەنیا لە کورد پێکنایەت. بناغەی سەرەکی پارتەکە کوردە، بەڵام هەموو گەلان، باوەڕیەکان، کەسایەتیەکان و ژێردەستەکان تورکیا جێگەی خۆیان تێیدا گرتووە. لە چەپەکان، سۆسیالیستەکان و کەسایەتیەکانی دیموکرات پێک هاتووە. لەبەرئەوە ئەگەر تەنیا باسی کورد بکەین،هەڵە دەبێت. ئەگەر ساختەکاریەکی گەورە و زەق روونەدات، پارتی چەپی سەوز نزیکەی ١٠٠ کورسی بەدەست دەهێنێت. هەموو زانیاریەکانمان ئەم ئەنجامەمان پێ دەڵێن. بگرە ئەگەر کورسی زیاتریش بەدەست بهێنێت، سوپرایز نابێت.
'ئەگەر ئەردۆغان تێکبشکێت لە هەموو پارچەکان ئارامی دروست دەبێت'
سەردەم رایگەیاند، ئەردۆغان پێشتر بانگەشەی لەناوبردنی پەکەکەی دەکرد و بەو هۆیەوە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت و وتی، " بەڵام ئەردۆغان نەتوانی پەکەکە شکست پێبهێنێت، لەناوببات و سەربکەوێت. بۆیەش ئەردۆغان لەبەرامبەر پەکەکە پێویستی بە سەرکەوتنی 'ساختەیە' هەیە. لەبەرئەوەی دەیەوێت بەم سەرکەوتنە ساختەیە هەستی نەژادپەرستەکان بجووڵێنێت و لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەویت. بۆیەش بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بە ئۆپراسیۆن و هێرشەکانی نەهێنا و کەمی نەکردەوە. بۆیەش ئەگەر ئەردۆغان تێکبشکێت لە هەموو پارچەکان ئارامی دروست دەبێت.
پەدەکە بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان کار دەکات
سەردەم ئاماژەی بەەوە کرد کە ئەگەر ئەردۆغان تێک بچێت، پەدەکەش تێکدەچێت و وتی، " ئەگەر پەدەکە لاواز بێت و تێکشکا، لە باشوری کوردستان ئارامی دروست دەبێت. پەدەکە بۆ ئەردۆغان کار دەکات بۆ ئەوەی سەربکەوێت. هەر وڵاتپارێزێکی کورد لە هەر جێگەیەک بێت ، پێویستە لەدژی ئەردۆغان و هاوکارەکانی هەرچیەکیان لەد ەست دێت بیکەن.، لەبەرئەوە دۆخەکە تەنیا پەیوەندی بە بەشێکی کوردستانەوە نییە، بەلکو پەیوەندی بە هەموو کوردەوە هەیە.."
گەلی کورد پێشەنگی دیموکراسیە
سۆنی سەردەم ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، گەلەکەمان لە باکوری کوردستان باوەڕی بە هێڵی نەتەوەی دیموکراتی هەیە کە لەلایەن ڕێبەر ئاپووە خوڵقێنراوە و و لەسەر ئەو بنەمایە خەبات بۆ چارەسەری سیاسی دەکات. لەسەر ئەم بناغەیە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی فاشیستی ئەردۆغان – باخچەلی بۆ گۆشەگیرکردنی کورد، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی، رێکخراو و هێزی دیموکراسی تورکیا، شانبەشانی کورد بەردەوام بوون لە تێکۆشاندا. لە ئێستاشدا زۆر کەس پێشەنگایەتی کورد لە خەباتی دیموکراسیکردنی کورد قبوڵ دەکات و پشتگیری لێدەکات."
ف.ق