سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان: سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە سیاسییە

سینان چیفت یورەک سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە / KKP) رایگەیاند، بۆ کورد گۆڕەپانی سیاسەت تەنها پەرلەمان نییە، گەرچی پەرلەمان بەرەیەکی گرنگە و دەبێت دەستبەرداری نەبین، بەڵام ئەگەر هیچ رێگایەک نەما شوێنی سیاسەتی کورد شەقەکانی ئامەد و شارەکانی ترە.

سینان چیفت یورەک سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە / KKP) رایگەیاند، بۆ کورد گۆڕەپانی سیاسەت تەنها پەرلەمان نییە، گەرچی پەرلەمان بەرەیەکی گرنگە و دەبێت دەستبەرداری نەبین، بەڵام ئەگەر هیچ رێگایەک نەما شوێنی سیاسەتی کورد شەقەکانی ئامەد و شارەکانی تری کوردستان دەبێت.

سکاڵای داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک بۆ بڕیاردان لەسەر داخستنی هەدەپە لە دادگای باڵای دەستووری ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتووەتەوە. تاوەکو ئێستا ٢٨ حیزب لەو رێگەیەوە داخراون. دواینجار لە ٢٠٠٨دا ئەو سکاڵایە لە دژی ئاکەپە خرابووە رۆژەڤەوە. دادگای باڵا ساڵی ٢٠٠٨ بە پاساوی "کارەکانی دژ بە عەلمانیەتەی تورکیایە" سکاڵای لە دژی ئاکەپە کردبووە بۆ ئەوەى ئەو حیزبە دابخرێت. لەو سکاڵایەدا داواکرابوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستای دەوڵەتی تورک و عەبدوڵا گیول سەرۆک کۆماری ئەو کاتی دەوڵەتی تورک و بە گشتی ٧١ کەس بۆ ماوەى ٥ ساڵ کاری سیاسییان لێ قەدەغە بکرێت.

لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەدا ئاکەپە دانەخرا و پشتیوانی لە ئاکەپە کرا و دوای ئەوە ئیدی سکاڵا بۆ داخستنی حیزب تۆمار نەکرا. دوای ١٣ ساڵ لەو رووداوە لە دژی هەدەپە، کە ماوەیەکی زۆرە هەدەپە لەلایەن ئاکەپەوە دەکرێتە ئامانج و هێرش دەکرێتە سەری، سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە تۆمار کرا. لە دواینجاردا، کە مەهەپە داوای داخستنی هەدەپەی کرد، جیهات ئۆزکان سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەوانیش وەک مەهەپە بیر دەکەنەوە و هەدەپە دادەخرێت.

"سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە سیاسییە"

سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە چەندین ناڕەزایەتی و کاردانەوەى گەورەی لێکەوتوەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا سینان چیفت یورەک سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە / KKP) رایگەیاند، "چەندین مانگە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە هەڕەشە لە هەدەپە دەکەن. بەوەش ئاشکرابوو، کە سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە دەکرێتەوە. ئەوە سکاڵایەکی سیاسییە و بە توندی ئیدانەی دەکەم. زۆر جێگای سەرنجە، کە لە پێش بەڕێوەچوونی کۆنگرەى مەهەپە دوو بڕیاری سیاسی دران. ئەو رۆژەى پەرلەمانتاریی عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو هەڵوەشێنرایەوە، بە خێرایی سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە تۆمار کرا. بەوەش ئاکەپە پشتیوانیی خۆی بۆ باخچەلی نیشاندایەوە و لە هەمان کاتیشدا دەیخواست رێگری لەو رەخنانە بکات، کە لەبارەی سرودی تورکیا لە ئەردۆغان دەگیردران. ئەوە بە شێوەیەکی پلان بۆ دانراو بەڕێوەچوو".

"گەلی کورد لە گۆڕەپانەکانی نەورۆزدا پەیامی خۆی دەبێت"

چیفت یورەک باسی ئەوەیکرد، ماوەیەکی دوور و درێژە سیستمی سیاسەت بۆ کورد قەدەغەیە و وتی، "ماوەیەک لەوە پێش لە دژی ٤ حیزبی کوردی سکاڵای داخستن کرابوویەوە. بەوەوە نەوەستان سکاڵایان بۆ داخستنی گەورەترین حیزبی کورد تۆمار کرد. ئەوە بە مانای ئەوەیە، کە لەم وڵاتەدا سیاسەت بۆ کورد قەدەغەیە. دەڵێن، کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا بوونی نییە و بۆ ئەوەش سیاسەت بۆ کورد قەدەغەیە. ئەوە بڕیاری هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپەیە. ئەوە مەترسییەکی گەورەیە و دەرچوون لەو مەترسییە زۆر قورسە. ئۆپۆزسیۆن و کەسە خاوەن ویژدانەکان ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەن. هیچ کەس ئەو بڕیارە قبوڵ ناکات، بە تایبەتی گەلی کوردستان. بە دڵنیاییەوە لە ٢١ی ئاداردا گەلی کورد ناڕەزایەتیی خۆی نیشان دەدات و خاوەنداری و پشتیوانی لە ئیرادە و ورەی خۆی دەکات. بە دڵنیاییەوە سەدان هەزار کەس لە گۆڕەپانەکانی نەورۆزدا بە دەنگی بەرز دەڵێن، "من قەیوم و ئەو سکاڵایە قبوڵ ناکەم. خاوەن ئیرادە منم و من لێرەم".

داوای پشتیوانیکردن

چیفت یورەک رایگەیاند، هیچ هێزێک ناتوانێت بە داخستن و قەدەغەکاری بەر بە سیاسەتی کورد بگرێت و وتیشی، "من داوا لە هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە دەکەم، 'با بێنەوە سەر هۆشی خۆیان'. ئەگەر راستیی هەبوونی کوردان قبوڵ دەکەن، ئەوا ناچارن رێز لە ئیرادەی کوردان بگرن. بانگەوازی من بۆ رای گشتی ئەوەیە، کە ئەوە کێشەیەکی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤە. دەبێت هەموو کەس لە دەوری هەدەپە یەکبگرێت و خاوەنداری و پشتیوانی لە ئیرادەی ملیۆنەها کەس بکەن. دەیان جار ئەو رێگایە گیراوەتەبەر بۆ داخستنی حیزبەکان، بەڵام ئەو رێگایە نەبووەتە چارەسەر. ئەگەر هەدەپە دابخرێت، بە دڵنیاییەوە حیزبێکی تر دروست دەکرێت. ئەوە هەرگیز گرنگ نییە، بەڵام ئەوە لە مێژووی تورکیادا وەک پەڵەیەکی رەش دەمێنێتەوە".

بانگەواز بۆ بەشداریکردن لە پیرۆزبایی نەورۆزدا

چیفت یورەک لە کۆتایی وتەکانیدا داوای لە هەموو گەلانی کوردستان کرد، بەشداری لە پیرۆزبایی نەورۆزدا بکەن و ئەوەشی وت، "بۆ کورد تەنها گۆڕەپانی سیاسەت پەرلەمان نییە، گەرچی پەرلەمان بەرەیەکی گرنگە و دەبێت بە ئاسانی دەستبەرداری نەبین، بەڵام ئەگەر هیچ رێگایەک نەما، ئەوا شوێنی سیاسەتی کوردان شەقامەکانی ئامەد و شارەکانی تری کوردستانە. رۆژێک بۆ نەورۆز ماوە و من داوا لە هەموو گەلانی کوردستان دەکەم، کە لە دژی گوشار، قەیوم، سکاڵانامەى داخستنی هەدەپە روو لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز بکەن و بۆ رەواترین مافی خۆیان کاردانەوە نیشان بدەن".

ژ.ت