ستران عەبدوڵڵا: شانازییە هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بین

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت: "لەکاتی بوونی هەڕەشە، پێویستە تیروانینی هاوبەشی هێزە کوردییەکان ببێتە هەڵوێستێکی سیاسیی نەتەوەیی".

ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی، گرنگیی یەکڕیزیی هێزە کوردستانییەکان و یەکڕیزی گەلی کورد و هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان دوا. هەروەها باسی لە مەترسیی لایەنێکی دەسەڵاتی باشوری کوردستان کرد، کە یارمەتیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەدەن دژ بە نەتەوەی کورد.

هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت

ستران عەبدوڵڵا  لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی ووتی: "ئێمە پێمانوایە سیاسەتی ترساندن و هەڕەشە و گوشار خستنەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئیدارەی سلێمانی، کە بەشێکە لە حوکمڕانیی کوردستان و هەروەها هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوکێشەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و نێودەڵەتی دا هێزێکی بەرپرسیارە".

شانازییە، کە ببینە بەشێک لە هاوکێشەی هاوکاری برایانی رۆژئاوای کوردستان

سەبارەت بەو هێرشەی فڕۆکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، ستران عەبدوڵا ووتی: "ئەگەر هێرش کردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بەبیانوونی بوونی سەرکردەکانی رۆژئاوای کوردستان بێت، ئەوە هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتییە و شانازییە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ببینە بەشێک لەو هاوکێشە نێودەوڵەتییە و هاوکاریی برایانی رۆژئاوای کوردستان بکات، و بەشێکبین لە هاوکێشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش".

ئەوانەی کەیفیان بە داعش دێت دژی هاوپەیمانی یەکێتی و رۆژئاوای کوردستانن

ناوبراو سەبارەت بەکاری هاوبەشێ هێزەکانی یەکێتی و هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان لەچواچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرنگاربوونەوەی چەتەکانی داعش وتی: "ئەو ئۆپراسێۆنە هاوبەشانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی داوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش، ئەو ئۆپراسیۆنانە، کە تائیستا ئەنجامدراون دژی هیچ وولاتێکی ناوچەکە نییە تەنها دژی تیرۆرستانی داعش بووە، ئەگەر لایەنێک هەبێت کەیفی بە تیرۆرستانی داعش بێت بێگومان ئەنجامی هاوپەیمانی ئێمە و هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان بەدڵی ئەو نابێت".

دەبێت بەشیک نەبن لە هاوکێشەی هەرێمی کە زیان بە کورد و کوردستان دەگەینێت

بۆ بەرەنگاری هێرشی دوژمن و پوچەڵکردنەوەی پلانگێڕییە دەرەکی و نێوخۆییەکانی دژ بە گەلی کورد، لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ووتی: "لە سیاسەتی نەتەوەیی دا، بەلایەنی کەمەوە ئەگەر هێزە سیاسیەکان نەتەوانن پێکەوە هەڵوێستێکی نەتەوەیی شۆڕشگێری و ڕاستیان هەبێت، دەبێت بەشیک نەبن لە هاوکێشەی هەرێمی کە زیان بە کورد و کوردستان بگەینێت، چونکە بوون بە بەشێک لە هاوکێشەی ووڵاتانی هەرێمی زیان بە هەرێمی کوردستان و یەکڕیزیی هەرێم دەگەینێت و لەسەر ئاستی نەتەوەییشدا زیان دەگەینێت بە گەلی کورد و ئەو تەڤگەرانە، کە خەبات و تێکۆشان لە پارچەکانی کوردستان دەکەن، ئەگەر هێزێکی سیاسی نەتوانێت بەشێک بێت لەچارەسەر با نەبێتە بەشێک لەسیاسەتی زیان گەیاندن بە دۆزی ڕەوای کورد".

لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی هەرەشەکان دەبێت یەک هەڵوێست بین

هەروەها ستران عەبدوڵا سەبارەت بە گرنگیی یەکڕیزی گەلی کورد لەبەردەم هێرش و هەڕەشەکانی داگیرکەران ڕایگەیاند: "ئەو تێڕوانینە هاوبەشەی هێزە کوردییەکان هەیانە، لەکاتی تەنگانەدا پێویستە ببێتە هەڵوێستێکی سیاسیی نەتەوەیی، لەکاتی بوونی هەڕەشە بۆسەر کوردستان و گەلی کورد ئەم هەڵوێستە نەتەوەییە یەکگرتووانە پێویستن، هێزی سیاسی کورد، کە دروستبوون بۆ خەباتکردن بووە لەپێناو میللەتەکەمان، خەباتی میللەتەکەمان دوو ئاڕاستەیە، یەکەمیان ڕیگەنەدانە بە زوڵم و ستەم لەدژی نەتەوەکەمان، ئاڕاستەی دووەمیش کاتێک دەرفەتێک دەڕەخسێت بۆ پێشخستنی دۆزی سیاسی کوردستان، پێکەوە ئەم هەنگاوە بنێین".

لەژێر ناونیشانی جیاوازدا کار دەکەن بۆ لێدان لەبەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد

لە کۆتایدا ستران عەبدوڵڵا  لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییە کوردییەکان دژی هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هاوکارییەکانی پارتی (پەدەکە) بۆ داگیرکەران ڕایگەیاند: "هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەشیوەیەکی باش پشتیوانیمان دەکەن دژ بەو هێرش و ستەمەی لە دژی سلێمانی دەکرێت، بەڵام تەنها ئەوەندە بەس نییە، بەڵکو دەبێت لەخاوی ئەو هێزە سیاسیانە بدەین کە ئەبنە بەشێک لە پرۆژەی هەریمی داگیرکەران بۆ دژایەتی کوردستان و گەلی کورد، کە لەژێر ناونیشانی جیاواز کار دەکەن بۆ لێدان لەبەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد".

ژ.ت