لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێ بۆسەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "کاتژمێر ١٧:٠٠ ڕۆژی ١٨ی ئەیلول ٢٠٢٣فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە سنووری توركیاوە هاتووەتە ناو خاكی عێراق و فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان كردووە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی دژەتیرۆر شەهیدبوون و سێ ئەندامی دیکەش برینداربوون".
جەختیشیکردووەتەوە، ئەو دەستدرێژییە، پێشێلكردنی سەروەریی، ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی عێراقە. پێشێلكاریی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكە و جیهان. ھاوکات پێشێلكردنی یاسا نێونەتەوەییەکان، بنەما و یاساکانی نەتەوە یەكگرتووەكانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە لەگەڵ بنەمای پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی نێوان ھەر دوو وڵات یەکناگرن و ناگونجێن و هەڕەشەن بۆ سەر ھاوڵاتیانی عێراق. ڕاشیگەیاندووە، "عێراق مافی خۆیەتی كۆتایی بەم پێشێلكارییانە بهێنێت".
ژ.ن