سوپای تورکی داگیرکەر ئاگری بەردایە دارستانی بەستا و تاوەکو دێت ئاگرەکە تەشەنە دەسەنێت

سوپای تورکی داگیرکەر ئاگری بەردایە دارستانەکانی ناوچەى بەستای شرنەخ و تاوەکو دێت ئاگرەکە تەشەنە دەسەنێت و هیچ کارێکیش بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەى ئاگرەکە ناکرێت.

سوپای تورکی داگیرکەر، کە لە ناوچەى بەستا لە نێوان شرنەخ و سێرت لە باکووری کوردستان دا دەستی بە ئۆپراسیۆن کردووە،  ئاگری لە دارستانەکانی بەستا بەردا.

ئاگرەکە ٣ رۆژ لەوە پێشەوە لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە بەردراوەتە شاخی گیڤارا، بەستا هنجێ، گەرماڤ و کانی فەشکێ و لە دوێنێوە ئاگرەکە تەشەنەى سەندووە بۆ ناوچەکانی شاخی هەلسێیە، شاخی سیمگێ و ئاڤا تەحلێ.

تاوەکو ئێستا هیچ کارێک بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەى ئاگرەکە نەکراوە و هاوکات دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە بڕینەوەى دارەکانی دارستانی بەستا و رۆژانە ٢٠٠ تۆن لە دارستانەکانی بەستا دەبڕنەوە و بە بارهەڵگر دەیبەن بۆ ناوچەکانی تر. دارەکانی هەر ناوچەیەکیشیان بۆ نەبڕێتەوە، ئاگر لە ناوچەیە بەردەدەن.

ژ.ت