ئەمڕۆ رێکخراوی تیمی کوردستانی عێراقیی سی پی تی / CPT لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا داتا و ئاماری ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەی سوپای تورکی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا ئاڤاشین لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
لە ئامارەکەى سی پی تدا هاتووە:
لە ھەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا، چوار بارەگای سەربازی بە پانتایی ناوچە شاخاوییەکانی زناری کێستە، کەفرە سۆر، مەلا ردی و دەرارێ جێگیر کراون.
لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا ١٦ گوند لە ناوچەی ئاڤاشین و ٥ گوند لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ بەھۆی بۆردوومانەکانەوە چۆڵکراون و بەمەش نزیکەی ٣٠٠ خانەوادە لە ھەردوو ناوچەکە ئاوارەبوون.
لە ٩ ڕۆژی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١،٣٠٠ پورەی ھەنگی ھەنگەوانانی گوندنشینانی کانی ماسێ و ئاڤاشین لەناوچوون و لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٧،٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە سوتاون.
لە ماوەی یەک ھەفتەی ڕابردوودا و بەھۆی ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەورە بروسکە، ٤ ھاوڵاتی مەدەنی لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و زاخۆ برینداربوون.
بەھۆی بۆردوومانەکانەوە پڕۆژەیەکی سەرەکیی ئاو لە گوندی ئەدنێ لە ناحیەی کانێ ماسێ کە ئاوی ٩ گوندی تری دابین دەکرد، وێران بوو.
خانوو ماڵی ھاوڵاتیان لە ناوچەی ئاڤا شین و سنزوری ناحیەی کانی ماسێ زەرەر و زیانی بەرکەوتووە و لە گوندی میسکەی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ کەنیسەیەک بە ئامانج گیراوە و بۆردوومان کراوە.
ژ.ت