سیامەند موعینی: ئامانجی دەوڵەتی ئێران پاکتاوکردنی هەموو پارتە کوردییەکانە

هاوسەرۆکی پژاک، سیامەند موعینی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "وێستگەنیوز"، جەخت لە گرنگی یەکڕیزی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەکاتەوە، دەڵێت: "ئامانجی دەوڵەتی ئێران پاکتاوکردنی هەموو حیزبەکانە".

هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سیامەند موعینی، لە گفتوگۆکەدا تیشکی خستەسەر ئەوەی هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران تایبەت نییە بە پارت و لایەنێک و دەڵێت: "دەوڵەتی ئێران بەردەوام خواستی لە ناوبردنی حیزبە کوردییەکانی هەبووە و هەیە و لە هەر دەرفەتێک بۆ ئەو مەبەستە کەڵک وەردەگرێت. ئامانجی دەوڵەتی ئێران، پاکتاوکردنی هەموو حیزبەکانە".

جەخت لەوە دەکاتەوە، ئێستە بەراورد بە ڕابردوو، هێرشەکان خەستترن و پژاک لە هەمووان زیاتر دەکرێتە ئامانج، گوتی: "هێرش و هەڕەشەکانی دوژمن بەرامبەر پژاک قەت ڕانەوەستاوە و بەردەوام بووە. دوژمن بە شێوازێک هێرش دەکاتە سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێگە و شوێنەکانی پژاکیش بە شێوازێکی جیاوازتر. بە جۆرێکی بەربڵاوتریش لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە و بەهاوکاری دەوڵەتی ئێران دەبینە ئامانجی هێرشەکان و ڕۆژانە بە شێوەی هێرشی ئاسمانی بەردەوامە و ڕەنگدانەوەی لە ڕاگەیاندنەکانیشدا هەبووە."

هەروەها دووپاتی دەکاتەوە سەرەڕای هەموو هێرشەکان بۆ سەر پژاک، ئەمە لە تێکۆشان ڕایان ناگرێت، سەبارەت بە هاوکاریی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا لە دژایەتیکردنی دۆزی کورد بڕوای وایە کە ئەو دوو دەوڵەتە دەیان ساڵە لەسەردۆزی کورد ڕێککەوتوون و هاوکارییەکانیان لە دژی پژاک بەرەو پێشەوە بردووە. دەڵێت: "لە هەر هەلومەرجێکدا ئێمە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین و پەرەی پێ دەدەین و بەهێزتری دەکەین و لەو چوارچێوەیەشدا گەشەسەندنی بەرچاومان هەیە."

سەبارەت بە هەبوونیان لەسەر خاکی باشووری کوردستان، گوتی: "هێزەکانی پژاک لە سەر خاکی هەرێمی باشووری کوردستان بوونیان هەیە بەڵام، لە چیا سەخت و کوێستانە چڕەکانداین. ئەوە بۆ هەر کەسیش ئاشکرایە. بەڵام ناوەندی سەرەکی خەباتی هێزەکانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هێزەکانمان لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی گەلدان. ئێمە پەیوەندیمان بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەندێ حیزبی باشووری کوردستانیش هەیە. مەیدانی کار و خەباتی ئێمەش دیارە. تێدەکۆشین لە چیا و کوێستانەکانی کوردستان وەک تەنیا ناوەندی پاراستن بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان کەڵک وەرگرین. جگە لەوە ئامانجێکی دیکەمان نییە. ئامانجەکانی ئێمە، هەر داخوازییە ئازادیخوازییەکانی گەلەکەمانە.

ئێمە بەو هەڵوێستەمان بووینەتە هۆکارێک و یارمەتیدەری ڕووحی تێکۆشان و خەبات لە هەرچواربەشی کوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردمان پتەوتر کردووە. لە ئێستادا، هەبوونی پەژاک بۆتە پێداویستیەکی زەرور و کۆڵەکەی سەرەکی بۆ هەموو گەلی کورد. هەبوونی ئێمە لە سەرخاکی هەرێم، بۆتە هۆکاری پتەوبوونی پاراستن و پارێزگاری لە هەبوون و کولتووری کوردی لەو بەشەی کوردستاندا.

ئێمە بەدرێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، دەستکەوتی گەورەمان لەو ڕێبازەدا بەدەست هێناوە. دوژمن دەیهەوێ لە هەبوونی ئێمە وەک کارتێکی زەخت بەرامبەربە هەرێم کەڵک وەرگرێ و وەک لاوازییەک نیشانی بدات و چەواشەکاری دەکات، ئەوە لە حاڵێکدایە ئێمە لە پێناو بەدەست خستنی ناسنامەی گەلەکەمان لە خەبات و تێکۆشانداین. هەبوونی ئێمە لە سەرخاکی هەرێمی باشووری کووردستان لەسەر بنەمای پیداویستیەکی بنەڕەتی و سەرەکی گەلی کوردە و داوامان لە گەلەکەمان لە هەرێمی باشووری کوردستان ئەوەیە هەروەکوو ڕابردوو و ئێستاش، لە چوارچیوەی یەکێتی نەتەوەیی هەمووبەشەکانی کوردستان لە یارمەتی و پشتیوانییەکانیان بەردەوام بن. ئێمە باوەڕی تەواومان بە گەلەکەمانە. باوەڕی تەواومان بە گەلەکەمان هەیە و لەو پەیوەندییەشدا رێکخستنەکانمان پتەوتر دەکەین و سەرکەوتن و ئازادی کوردستان و گەلەکەمان بە ئەساس وەردەگرین."

سیامەند موعینی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕژێمی ئێران و حکومەتی عێراق، گوتی: "دوای دەستپێکردنی شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی" کۆڵەکەی رژێمی کوژەر و دەسەڵاتداری ئێران کەوتنە لەرزە و دەوڵەت دیتی ڕێکخستنی گەلی کورد بەهێزترە و پێشەنگی شۆڕشە، زیاتر لە جاران ترسا و دژایەتی گەلی کوردی چەند بەرامبەر زۆرتر کرد.هەربۆیە پلانەکانی لەسەربنەمای قوڵکردنەوەی سیاسەتی کوشتن و گرتن و تۆقاندن بۆ دژایەتی گەلی کورد داڕشتەوە. دەسەڵاتدارانی فاشیستی ئێران، بە زەخت خستنەسەر حیزبە کوردیەکان هەوڵیدا وانیشان بدەن کە دەتوانن ئەو حیزبانە لەناوبەرن، ئەوە لەحاڵێکدایە کە پژاک ئەوڕۆ لە جاران بەهێزترە. چوونکە دەوڵەتی ئێران پێداگرە لە سەر سیاسەتی پاکتاوکارییە ڕەگەزی و نەتەوەییەکانی دژ بە گەلی کورد و بە زیادترکردنی گوشارەکانی خۆی لەسەر حیزبە کوردیەکان دەیهەوێ بە کۆمەڵگە بڵێ کە شۆڕشی ئازادیخوازانەکەی گەلان و بە تایبەتی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی کورد بێ ئەنجامە؛ ئێمە وەک پژاک سوورترین لە تێکۆشانمان. ئێمە پلانەکانی حیزبەکەمان بە پێی داخوازی گەلەکەمان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دادەڕێژین و پەرەی پیدەدەین، نەوەک بە پێی هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران. ئێمە لە وڵاتەکەمان بە پشتیوانی گەل ڕێکخستنێکی بەهێزمان درووست کردووە.

لەسەر ئەوبنەمایەش بەرەنگاری هەموو هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر گەلەکەمان دەبینەوە. ئامانجی دەولەتی ئێران لە هەڕەشەکردن لە حیزبەکوردیەکان، بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی شەقامە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوژمن دەیهەوێ بە ڕێگەی تۆقاندنی گەل و هەڕەشەکردن لە حیزبەکان، شۆڕشگێڕان بترسێنێ و سەرکوتیان بکات. ئێمە وەها سیاسەتێک بە پاکتاوکارانە و فاشیستی دەزانین. هەڵوێستی ئێمە وەک پژاک پارێزگاری لە گەلی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازانەکەیەتی. باوەڕمان وایە کە دەبێ هەموو حیزبە کوردیەکان لە جیاتی ملکەچبوون بۆ داخوازییەکانی دەوڵەتی ئێران، بیر لە یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزی نێوان حیزبەکان بکەنەوە. بە پێشکەوتنی وەها خەباتێک، بێگومان دوژمن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی بێ هیوا دەکەین. بۆیە لە ئەگەری هێرشی ئێران، ئێمە و هێزە کوردستانییەکان پشتیوان و هاوکاری یەکتر دەبین."