لەدواى پەسەندکردنى یاساى بودجەى عێراق و ڕاگرتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەڕێگاى تورکیاوە، هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى قەیرانى بێ موچەیی بۆتەوە، نەحکومەتى ماوەبەسەرچووی هەرێم، نە هێزە سیاسییەکانیش هیچ وەڵامێکیان پێنییە بۆ داواکارى هاوڵاتیان، هەریەک لە وەزارەتى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستانیش لێدوانى پێچەوانە دەدەن و هەریەکیان ئەوى دیکە تۆمەتباردەکات بەوەى پابەندى یاساى بودجە نابن.
ئەگەرچی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکومەتی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێم نانێرێت کە لە یاسای بودجەدا دیاری کراوە.
بەڵام باسم عەواد وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشکرای کرد، حكومەتی عێراق پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان بە تەواوی جێبەجێ كردووە، هەوڵی زۆرمان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.
بەڵام هەرێم داهاتی نەوت و نانەوتیی ڕادەستی بەغدا نەكردووە، وەك ئەوەی حكومەت لە یاسای بودجەدا داوا دەكات.
لاى خۆشیەوە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەرێم پشکی خۆی وەرگرتووە و بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵی پشکی هەرێم ترلیۆن و نیوێک دینارە.
دەشڵێت ئەوەی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستاندایە زیاترە لە مافەکانی و دەبێت بیداتەوە بە حکومەتی عێراق و ئەستۆپاکی خشتەی داراییش بسەلمێنێت.
لەبەرامبەریشدا هەرێم دەلێت ئێمە پابەندبووین و حکومەتى عێڕاق شایستە داراییەکانمان بۆ نانێرێت.
بۆ چارسەرى ئەو دۆخەش پەڕلەمانی عێراق بڕیاریدا میواندانی، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ تاوتوێکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە رۆژانی رابردووشدا سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ لایەن سیاسییەكانی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدای پایتەخت كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی كەركووك و چەند دۆسییەیەكی تر كرا.
سەبارەت بە پشکى هەرێمیش لە ڕاگەیەندراوى کۆبونەوەکەدا پشتگیرى بڕیارەکەى ئەنجومەنى نوێنەرانکراوە بۆ بانگهێشتکردنى وەزیرانى دارایی هەرێم و بەغدا.
بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی بەغدا و هەرێم بۆ پەرلەمانی عێراق هاوکاتە لەگەڵ نەناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە و حکومەتی هەرێم و عێرایقیش یەکتری تۆمەتباردەکەن بە پابەندنەبوون بە یاسای بودجەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ، ئهمڕۆ ١٣ی9ى 2023یه، بهڵام فەرمانبەرانى هەرێم تهنها موچهى مانگى 6ى ئهمساڵیان وهرگرتوه و بەهۆیەوە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی دەوامیان کردووە.
هـ. ب