سیاسەتی ساختەکارانە و فریودەرانەى ئێران

دەوڵەتی ئێران لە ناوچەکاندا تایبەتمەندیی گەلی کورد دەستنیشان دەکات و دەیەوێت بەپێی ناوچەکان بە هێزێکی "نەرم" سیاسەتی تواندنەوە لە دژی گەلی کورد بەڕێوەببات.

ئێران سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوە بە شێوەیەکی نەرم جێبەجێ دەکات. رژێمی ئێران لە رێگەی پاکتاوکردنی ئایدۆلۆژی، پاکتاوکردنی کولتوری و رۆشنبیری، بە هێرشکردنە سەر بەها و نرخە مێژووییەکان هەوڵی پووچکردنەوە و بێکاریگەرکردنی کەسایەتیی کوردان دەدات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە ئەنجامێک بۆ خۆی بەدەست بهێنێت.

ئەفروز فەڕوخزادە لە گوندی بارامئاوا لە بارەی سیاسەتەکانی ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد و وتی، "ناوچە بە ناوچە تایبەتمەندییەکنی گەلی کورد دەستنیشان دەکەن و دەیانەوێت بە هێزێکی نەرم گەل بتوێننەوە. سیاسەتی ئێران وشک و رەتکردنەوە و سڕینەوەی جەستەیی نییە، بەڵکو سیاسەتەکەی بۆ ئەوەیە شتەکان و کەسەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و هەندێک دەرفەتیشیان پێدەدات. بۆ نمونە گەل دەتوانێت بە زمانی دایکیی خۆی کۆرسی زمانی هەبێت. لە ئاستی نەتەوەیی و ناوچەیدا بە زمانی ناوچەکان لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکان پەخش و بەرنامە هەیە. خەڵک تاوەکو رادەیەک دەتوانن کولتور و هونەری خۆیان بەردەوامی پێ بدەن، بەڵام بەو مەرجەى کە دەبێت سیاسی نەبن و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێت. بە سیاسەتێکی ورد و نەرم گەل فریو دەدەن. رێگا نادەن کاردانەوە رووبدات. دەیانەوێت ئەوە لە گەل تێبگەیەنن، کە "تۆ راستیت هەیە، هەموو جۆرە دەرفەتیشت لە بەردەستدایە، لەبەر ئەوەش دەبێت بێدەنگ بیت" و بەو دۆخەش فریودانێک دروست دەکات.

ناسنامەى فارسبوونی کردووە بە خەون و ئایدیا

ناسنامەى فارسبوون بە گشتی دەکرێت و وەک مۆدێلێکی ئیدەئال و پێرفێکت و باڵا دەناسێنرێت و کاریان بۆ ئەوە کردووە. خوێندنی کوردی نییە و کورد بە زمانی دایکی و زکماکی پەروەردە و خوێندنی نییە. هیچ دەرفەتێکی فەرمیش بۆ ئەوە لە گۆڕێدا نییە. کوردییەک بەرەو فارسی دروست دەکرێت. لە کۆنەوە هەوڵیان بۆ ئەوەیە مەیل و حەزی بوون بە فارس برەو پێ بدەن. بە کورتییەکەی تواندنەوەیەک روودەدات. هاوکات ئێران رێگا بە هیچ چالاکییەکی مەدەنی و ئیرادەمەندانەش نادات.

رادیۆ و تەلەفزیۆنی خستووەتەکار

ئێران بۆ ئەوەى خۆی لە کورد نزیک بکاتەوە، بەپێی ناوچەکان رادیۆ و تەلەفزیۆنی دروستکردووە. لەو کەناڵانەدا بە رواڵەت نەک ئایدۆلۆژیا، بەڵکو جۆرێک لە کوردبوون لە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی دەوڵەتدا نمایش و وێنا دەکرێت. هەر چەند لەو کەناڵانەدا بە کولتور و زمانی ناوچەکە قسە دەکرێت، بەڵام لە راستیدا کاری پڕوپاگەندە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا گۆڤەند و هەڵپەڕکێ بە کوردی دەگێڕدرێت، گۆرانی بە کوردی دەوترێت و هەواڵەکان بە کوردی بڵاودەکرێنەوە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا رادیۆکان هەموویان بە وردی و شێنەیی بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکە و زاراوە جیاجیاکانی ناوچەکان پڕوپاگەندە بۆ دەوڵەت دەکەن. لەو رێگەیەوە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە قەتیس و لاواز دەکرێت. بەشێک لە کۆمەڵگە ئەو کارانەى دەوڵەت بە هێرش لە دژی بەها و نرخەکانی خۆیان دەزانن. سیاسەتی سەرەکیی ئێران ئەوەیە، کە بە سیاسەتێکی نەرم سیاسەتەکانی لە زمانی گەلەوە بڵاوبکاتەوە و دەیەوێت بەوە ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئیرادەی سیاسیی بوونی نییە. لەو کەناڵانەدا کولتوری کورد بە بەسیت و سادە و ساکار نیشان دەدرێت. بۆ نمونە رادیۆی سنە ئەو کارە دەکات. لەو رێگەیەوە زۆرێک لە بەها و نرخەکانی کۆمەڵگەى بەسیت و ساکار بە خەڵک دەناسێنرێت.

لە منداڵییەوە هاندەدرێن بە پەلە لە سەرەتای گەنجیدا هاوسەرگیری بکەن

هەموو کات گەنجانی راپەڕیو بۆ ئێران مەترسیی بوون. یەکێک لەو رێگایانە، کە گەنجان لە راپەڕین دووردەخەنەوە، ئەوەیە لە تەمەنی گەنجیدا هاوسەرگیرییان بۆ بکەن و ناچاری دەوڵەتیان بکەن. بۆ هاوسەرگیری پێشینەى هاوسەرگیری دەدەرێت. لە دەزگاکانی راگەیاندنیاندا ئەوە بڵاودەکەنەوە، کە هاوسەرگیری لە تەمەنی گەنجیدا یاسایەکی شەریعەتە و دەبێت هاوسەرگیری ئەنجام بدرێت و هاوسەرگیری نەکردن تاوانە. کاتێک دۆخەکە و کەشەکە بەوشێوەیە بێت گەنجان کاتێک دەگەنە تەمەنی ٢٠ ساڵ دەکەونە ئەو خەمەوە، کە بۆ هاوسەرگیرییان نەکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا بنەماڵەکان گوشار لە منداڵەکانیان دەکەن بۆ ئەوەى هاوسەرگیری ئەنجام بدەن.

ئەو ناوچانەى کە رژێم بە شێوەیەکی تایبەت کاریان لەسەر دەکات

دەوڵەت بە شێوەیەکی تایبەت کار لەسەر سنە، کرماشان و ورمێ دەکات. سنە لە ناوەڕاستدایە، لە کاتی بەرخودانی کۆمەڵەدا، سنە لە ژێر کاریگەریی رێکخستنی کۆمەڵەدا بوو. ئەوێ هەم ناوەندی شۆڕش و هەم ناوەندی ئەدەب و وێژە و هونەری کوردییە. شۆڕشگێڕانی گەورە لەوێ سەریانهەڵدا، بەڵام ئەمڕۆ بە ئەنقەست زۆر لاواز و پەراوێزخراوە، بۆ ئەوەى گەلی سنە لە کوردبوون دوور بخەنەوە هەموو شتێک دەکەن.  

گەلی رۆژهەڵات زۆر وڵاتپارێزن. پێشتریش وڵاتپارێزییان هەبووە، بەڵام ئێستا لە سایەی رێکخستنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) گەل رۆژ بە رۆژ لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە بەرەوە پێش دەڕوات. پەیوەستبوون بە پەژاک زیاتر و زیاتر دەبێت. لە بەرامبەریشدا دەوڵەت لە ناو گەل دا لە دژی پەژاک پڕوپاگەندە بڵاودەکاتەوە. لە ناو گەلانی ئێراندا ئەو پڕوپاگەندانەش بڵاودەکاتەوە، چونکە دەزانێت کاتێک ئەو پڕوپاگەندانە تەنها لە ناو گەلی رۆژهەڵاتدا بڵاو بکاتەوە، ناڕەزایەتیی رووبەڕوو دەکرێتەوە و هیچ کەس بڕوای پێناکات.

ژ.ت