بەردەوام ولاتانی داگیرکەری کوردستان بەتایبەتی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، لە ڕیگەی فیلم و دراماکانەوە هەوڵدەدات سووکایەتی بە کۆمەڵگای کوردی بکات و بەهیچ شێوەیەک دان بەبوونی کورد دانانێت و بەهەموو شێوەیەک دژایەتی بوونی کورد دەکات،
جێگای باسە هەفتەی ڕابردوو جارێکی دیکە لەڕێگەی یەکێک لە زنجیرە دراماکانی تورکیاوە سووکایەتی بە قەوارە و بوونی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکەشی کرا کە کاتێک لە زنجیرە فیلمێک بەناوی گورگی تەنها کە کەسێکی تورک لە دادگایەکی هەرێمی کوردستان بوو و تیدا دەیوت"ئێمە دان بەم دادگایەی باکور عێراق دانانین و ئەم ناوچەیە موڵکی تورکیایە و دەیگەرێنینەوە سەر تورکیا"، ئەمە یەکەمجار نیە تورکیا بەو شێوەیە سووکایەتی بە دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان دەکات و کۆتا جاریش نابێت.
هەروەها دەربارەی ئەم بابەتە سیروان بێلانە هونەرمەندی دیاری شاری کەرکوک و بەرێوەبەری رۆشنبیری هونەری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
فیلم و درامای تورکی شیرازەی کۆمەڵگای کوردییان تێکداوە
سیروان بێلانە هونەرمەندی دیاری شاری کەرکوک و بەرێوەبەری رۆشنبیری هونەری کەرکوک هۆشداریدا لە مەترسی فیلم و دراما تورکییەکان بۆ سەر کۆمەلگای کوردی و وتی: "ئێمە وەکو هونەرمەندانی کوردی باشوری کوردستان لە چەندنن کۆنفرانس و کۆبوونەوە باسمان لەوەکردووە کە فیلم و درامای تورکی کاریگەری زۆر خراپیان هەیە و شیرازەی کۆمەڵگای کوردی تێکدەدەن، بەردەوام ئەم قسانە دەکەینەوە و هۆشداری دەدەین بەڵام هیچ کەس و لایەنێک گوێ ناگرێت لەو مەترسیانەی سەر کۆمەڵگاکەمان، لەئیستادا بەبێ هیچ جۆرە سەنسۆڕێک دراما و فیلمی تورکی پەخش دەکرێت و بەداخەوە هیچ لایەنێک هەوڵنادات ئەو فیلم و زنجیرە دراما تورکیانە بوەستێنێت".
بەشێکی کەناڵەکان لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتی خاوەنداری دەکرێن
سەبارەت بە رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری لە بەرنگاربوونەوەی ئەو جۆرە فیلم و زنجیرە فیلمانە کە زیان دەگەینن بە کۆمەڵگا و بەها ئەخلاقی و نەتەوەییەکانی کورد، سیراون بێلانە بۆ ئاژانسی هەوالی فورات وتی: "وەزارەتی رۆشنبیری چەندین جار هەوڵی داوە کە سنورێک بۆ ئەو زنجیرە فیلمانە دابنێت کە سووکایەتی بە بەهاکانی کۆمەڵگای کورد دەکەن، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە، چونکە بەشێکی لەو کەناڵانە لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە خاوەنداری دەکرێن یا کەنالی کەرتی تایبەتن بۆیە وەزارەتی رۆشنبیری ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات".
لە ڕێگەی فیلمەوە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان سووکایەتی بە کورد دەکەن
هەروەها ناوبراو وتی: "پێویستە سیستم و پلانێک هەبێت بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو سووکایەتییەی کە بەقەوارە و کەلتور و هەبوونی گەلی کورد دەکرێت، چونکە زۆرجار دەبینین لەڕێگەی دراما و فیلمي تورکی، فارسی و عەرەبی سووکایەتی بە کۆمەڵگای کورد دەکرێت، و زۆرجاریش لە ڕووی سیاسیەوە سووکایەتی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەڕێگەی بەکارهێنانی چەندین چەمک بۆ کەمکردنەوە گرنگی قەوارەی کوردی".
دراما و فیلمی تورکی ئامرازن بۆ لێدانە لەکۆمەڵگای کوردی
لە کۆتایدا سیروان بێلانە سەبارەت بە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان و مەتریسی ئەو دراما تورکییانە ڕایگەیاند: "ولاتانی دوژمنی کورد بە زانابوون ئەو فیلمانە بەرهەم دێنن و تەنانەت پاڵپشتی داراییشیان دەکەن، بەداخەوە هەرێمی کوردستان بێ هەڵوێستە وڵامدانەوەکانی ئەو فیلمانە زۆر شەرمنانەن، لەرۆژگاری ئەمرۆدا فیلم ئامرازە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و لێدان لەو کۆمەڵگایانەی لە دژمانن، بۆیە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر لەدژی ئەو فیلم و درامانەی سووکایەتی بە بوون و دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکات کە بەخوێنی شەهیدان بەدەستهاتووە".
ف.ق