سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن بەسەر رۆژنامەنووس ئیسماعیل چۆبان دا سەپێنرا

ئیسماعیل چۆبان بەرێوەبەری نووسینی پێشوو لە رۆژنامەى ئازادیا وڵات، کە رۆژنامەکە بە بڕیاری باری نائاسایی حکومەت داخراوە، بەهۆی نووسین و هەواڵەکانی رۆژنامەکەوە سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

سکاڵای داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە دژی ئیسماعیل چۆبان بەڕێوەبەری نووسینی پێشوو لە رۆژنامەى ئازادیا وڵات لە ٧هەمین لقی دادگای سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. رۆژنامەى ئازادیا وڵات لە ساڵی ٢٠١٦ بە بڕیاری نائاسایی حکومەتی تورک داخرا.

لە سکاڵاکەى دژ بە ئیسماعیل چۆبان دا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٣دا (ساڵی دەستپێکردن پرۆسەى ئاشتی) ١٥ هەواڵ و نووسین لە ٩ ژمارەی رۆژنامەکەدا "پڕوپاگەندە بوون بۆ رێکخستن" و لەبەر ئەوەش بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن بەسەر ئەو رۆژنامەنووسە کوردەدا سەپێنرا.

رۆژنامەى ئازادیا وڵات یەکێک لە گرنگترین رۆژنامەکانی کوردستان و تورکیا بوو. تاکە رۆژنامەی رۆژانە بوو، کە لە باکووری کوردستان و تورکیا بە زمانی کوردی دەردەکرا، بەڵام دەوڵەتی تورک دایخست.

ژ.ت