بە دیمەن

سۆزدار ئاڤێستا: گەر خواستی چارەسەریی پرسەکەیان هەیە دەبێت هەنگاوبنێن

ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری پرسی کورد خاوەن نەخشەڕێگەیە، بەڵام دەوڵەت ڕوون و دڵسۆز نییە لەو ڕووەوە و گوتی: "گەر خواستی چارەسەری پرسەکەیان هەیە، دەبێت هەنگاو بنێنن و جددیانە نزیک ببنەوە."

سۆزدار ئاڤێستا

ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤییەوە هەڵسەنگاندی بۆ ڕۆژەڤەکان کرد.

سۆزدار ئاڤێستا سەرنجی خستەسەر چاوپێکەوتنەکانی ئەم دوایەییە کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامدراوە و دەستنیشانی کرد هەڵوێست و نیازی ئاکەپە ڕوون نییە. ئاڤێستا ڕایگەیاند لە دوای چاوپێکەوتنەکانەوە هەموو شتێک بووە بە ڕۆژەڤ، کەچی مافەکانی ڕێبەر ئاپۆ گفتوگۆی لەسەر نەکراوە و گوتی: "گەر بە ڕاستی خواستی پەرەدان بە چارەسەرییان هەیە، دەبێت دەستبەجێ شەرت و مەرجەکانی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بئافرێنرێت. دەبێت بەتەواوەتی گۆشەگیری لا ببرێت. دەبێت مافە کەسییەکانی ئاسایشی، تەندرووستی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بئافرێنرێت بۆئەوەی بتوانێت پرۆسەکە بەڕێوەبەرێت."

ئاڤێستا بیری هێنایەوە کە ئەردۆغان پرۆسەکەی لە ساڵی ٢٠١٥دا کرد بە قوربانی حوکمڕانی و هێنایە زمان ئەردۆغان لەو کاتەدا بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازی خۆی و دەورووبەرەکەی دووڕووانە لەگەڵ پرۆسەکەدا جوڵایەوە. ئاڤێستا ئاماژەی بەوەدا ئاکەپە و بە تایبەت ئەردۆغان بە تەواوەتی زمانی هەڕەشە بەکار دەهێنن و سەودای دەکەن، ئەمە بۆ گەلی کورد شتێکی تازە نییە و لە تێکۆشانیان بەردەوامن.

ئاڤێستا ئاماژەی کرد بەوەی لە لایەکەوە گفتوگۆ بۆ چارەسەری پرسی کورد دەکرێت، لە لایەکی دیکەوە هیرشێکی بەرفراوان لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئارادایە و هێنایە زمان وەک تەڤگەر و گەلی کورد لە تێکۆشان بەردەوام دەبن. سۆزدار ئاڤێستا بانگەوازی لە گەلی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان و کوردستانیانی ئەورووپا کرد زۆر زیاتر پشتیوانی لە بەرخۆدانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەن. سۆزدا ئاڤێستا جەختی کردەوە لەوە لەم قۆناغەدا بەرخۆدانی بەنداوی تشرین گرنگترین و کاریگەرترین بەرخۆدانی ڕۆژئاوایە.

چاوپێکەتنەکەی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا بەم شێوەیە:

"لە یەکەم دیداری شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییدا لە ٢٨ی کانوونی یەکەم، شاندە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆیان لە حەوت خاڵدا بڵاوکردوە و دواتر شاندەکە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا دەستپێکرد. لە کۆیی کۆبوونەوەکاندا ڕوانگەی ئەرێنی و نەرێنی هەبوو. گەر ئەو ڕوانگانە وەربگرین، ئایە بەڕاستی لەو کاتەدا هەوڵدانەکانی ڕێبەرێتی بۆ درووستبوونی چارەسەرییەکی هەمیشەیی چۆن هەڵدەسەنگێندرێت؟ لە ئێستادا ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت و بەرەوو کوێ دەچێت؟

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، دەمەوێت سەرنج بخمەسەر هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەڕاستی لە ئێستادا هێرشێکی زۆر سەختی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر بەنداوی تشرین هەیە. لە دەرنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین شەهیدی وڵاتپاریزمان کەوتووەوەتەوە. لە نێو ئەو شەهیدانەدا شانۆگەری تێکۆشەر باوکی تەیار هەیە کە پرسەکانی کۆمەڵگەی بە هونەرەکەی دەخستە بەرباس. هەروەها پێشەنگ و تێکۆشەری سەرهەڵدێرەی بەڕێوەبەری پەیەدە مەنیجە حەیدەر و لەگەڵییدا چوار وڵاتپارێزی دیکەمان شەهید بوون. بە ڕیز و پێزانیینەوە هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی تشرین یاد دەکەمەوە. سەرساغی لە بنەماڵەی هێژیان و هەموو گەلی کورد دەکەم. هیوای چارەسەری بۆ برینداران دەخوازم. بەراستی ئەم هێرشە نامەردانە زۆر بە دڕندایەتی لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەدەبرێت. بە هەموو ئاستی دڕندایەتییەوە بە بەرچاوی جیهانەوە دووژمنایەتی کوردان دەکەن. لەو باوەڕەدام زۆر بە پلانڕێژییەوە ئەم کارانەیان دەکەن. بەم جۆرە شەهیدانمان وەک قارەمان، پێشەنگ و زانستی کۆمەڵگەن، یانی لە هەموو چین و توێژەکان پێشەنگایەتی ئەم بەرخۆدانە دەکەن. هەر بۆیە دەوڵەتی تورک لە ترسی ئەم پێشەنگایەتییە تۆڵە لە گەلی کورد دەکاتەوە. بە توندی هێرشەکان شەرمەزار دەکەم و بە دووژمن دەڵێم هیچ کاتێک ناتوانن ئیرادەی ئازادی گەل تێکبشكێنن.

وەک ئەوەی گوتت لە ٢٨ی کانوونی یەکەمدا شاندێک ڕۆشتە ئیمراڵی. دیدارێکی پێش ئەوەش هەبوو. پرۆسەی پێش دیدارەکەش لە ئارادابوو. پێش ئەوە لە ١ی تشرینی یەکەم لە پەڕلەمانی تورکیادا لە ساڵی نوێدا دەوڵەت باخچەلی چووە لای گرووپی دەم پارتی سڵاوی لێکردن. لەو کاتە بەدواوە مشتومڕی زۆر لە کوردستان و تورکیادا هاتەئاراوە. ئەم گفتوگۆیانە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بە دیداری بنەماڵەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دۆخەکەی گواستەوە بۆ شتێکی جیاواز. دواتر چاوپێکەوتنی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕیبەر ئاپۆدا ئەنجام درا. هەموو ئەم پرۆسەیە گرێدراوی یەکدین. پێویستە بە گشتی وەربگیرێت. لەم پرۆسەیەدا گفتوگۆکان و پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگن. ڕێبەر ئاپۆ لە بارودۆخێکی گۆشەگیری رەهای سەختی ئیمراڵیدایە بە تایبەت لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە. هەموو پەیوەندییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بڕدرابوو. لە ژوورێکی تاکە کەسییدا لە زینداندا بوو. وێڕای هەموو ئەو دژواریانە ئەو پەیامەی ڕێبەر ئاپۆ دای لە ناو رای گشتی و گەلی کورد و دۆستاندا دەنگدانەوەی گەورەی درووستکرد. بۆیە دەبینرێت ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژەڤدا چەندە سەروەرە. ڕێبەر ئاپۆ لەسەر چارەسەری پرسی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وردبوونەوەیەکی زۆر قوڵی بونیادناوە. چارەسەری بۆ پرسەکان هەیە. لە هۆشمەندنی دیموکراتیکبووندا ئافرێنەرێکە. لە هەموو ڕەهەندێکی تیرۆی، سیاسی، یاسای، کۆمەڵایەتییدا فکرەکانی خۆی پەرە پێداوە. ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی دەبێت لەسەر چ بنەمایەک بکرێت، ڕێبەر ئاپۆ لەو پەیامە ٧ خاڵییەدا زۆر بە جوانی ڕوونی کردووەتەوە. زۆر بەجوانی ئەرکی پەڕلەمان، پارتە سیاسییەکان، دەسەڵاتداری و پارتە سیاسیەکان کە نمایندەی ئیرادەی کورد دەکەن چۆن بێت و چی بکەن دیاری کردووە. وەک ڕێبەری گەلی کوردستان و شۆڕشی گەلی کورد ڕێبەر ئاپۆ لێرەدا زۆر بە ڕوونی پێگەی خۆی دەرخستووە. بۆ ئەم بابەتە بە جۆرێک گفتوگۆی لەسەر بکرێت، گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد تێکۆشانێکی بێهاوتایان بەڕێوەبرد و بەردەوامن. ئەم پرۆسەیە بەربنەمای ئەم تێکۆشانە هاتەئاراوە. گەر ئەم تێکۆشانە سەرکەوتوو نەبوایە و بە هەموو جیهاندا بڵاونەبوایەتەوە ئەوا ئەم پرۆسەیە دەستی پێنەدەکرد. گەر ئەم تێکۆشانە وەک زلەیەک بەر دەوڵەتی تورکی قڕکەر نەکەوتایە کە بە هەموو شێوەیەک لە کریاری تیرۆردا لەسەر گەلی کورد، بەرخۆدان نیشان نەدرایە ئەم پرۆسەیە دەستی پێنەدەکرد.

لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەی دواییدا بە بەردەوامی تیرۆرکردن لەسەر گەلی کورد و دۆستانیان بەڕێوەدەبن. لە ئێستادا ناوی ئەم پرۆسەیە دەنێن. لە ئێستادا دەسەڵاتداری دەڵێت، تورکیایەکی دوور لە تیرۆر. هەڤاڵانی دیکەش ئەمەیان باسکرد. هیچ کەسێک وەک ئێمە لە بەرانبەر دەوڵەتی تورکدا پرۆسە و قۆناغێکی دوور لە تیرۆری نەخواستووە. لەبەرئەوەی لە هەمووان زیاتر بە هۆی تیرۆری دەوڵەتی تورکەوە زەرەرمەند بووین. هەمووان دەزانن کە دەوڵەتی تورک چەندە تیرۆری لەسەرمان بەڕێوەبردووە. سەدەیەک لە کوردستاندا تیرۆرێکی زۆر بەڕێوەدەبات. یانی گەر تیرۆرزمی دەوڵەتی تورک نەبووایە ڕەنگە ئێستا پێویستی بە پرۆسەیەکی لەم شێوەیە پڕ لە توندوتیژی نەبووایە. بە مانایەکی دیکە گەر تیرۆری دەوڵەتی تورک ئاوا زۆر نەبوایە ئەوا ڕەنگە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد پێویستی بە چەک هەڵگرتن نەبوایە. بۆچی گەیشتە ئەم ئاستە؟ لە سەرەتایی دەرکەوتنیدا ئەم بزووتنەوەیە چەکی هەڵنەگرت. توندوتیژی نەدەکرد. لە کوێی ئەم پرۆسەیەدا وایکرد کە گەلی کورد بەرگری لە خۆی بکات؟  یانی ئەو چەکەی هەڵیگرت چەکی خۆپاراستن بوو. لە دژی کەسانی دیکە چەکی هەڵنەگرتووە. بۆ چوونەسەر و داگیرکردنی خاکی کەسی دیکە چەکی هەڵنەگرتووە. بە پێچەوانەوە لەسەر گەلی کورد داگیرکاری هەبوو. قڕکردن و تاڵانکاری بەڕێوەدەبرا. هەموو جۆرە ستەمێک دەکرا. لەبەرئەمە تەڤگەری ئازادی ناچاربوو بۆ بەرگریکردن چەک هەڵگرێت. لەمڕۆشدا لە هەوڵداندایە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەیەکی چارەسەری. ئەمە ٤٠ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لەم هێڵەدا تێکۆشانێکی دەستپێکردووە. گەر سەرنج بدەینە ڕەنج و هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ، ئەوا ڕێبەر ئاپۆ لەماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا کە شەڕی تێدایە، هەموو کاتێک لە لێگەڕینی چارەسەرییدا بووە. بۆئەوەی چارەسەرییەک پێشکەوێت ڕێبەر ئاپۆ وەک ئامرازێک بەکاریهێناوە. بۆنموونە لە ساڵی ١٩٩٣دا ئەوکاتەی سەرۆککۆماری تورکیا تورگوت ئۆزەل بوو. ئەو سەردەمە بە ناوبژیکاری سیاسەتمەداری کورد مام جەلال پرۆسەیەکی دەستپێکرد. لە پرۆسەی ١٩٩٣دا ڕێبەر ئاپۆ خاوەنی هێزی بڕیارداری بوو. باوەڕی بە خۆی بوو. لەبەرئەوەی دەوڵەت چارەسەری نەدەویست تورگوت ئۆزەل کوژرا. پرۆسەکە شکستی هێنا. لەبەرئەوە ئەوکاتە ڕێبەر ئاۆ ئەو پرۆسەیە هەڵدەسەنگێنێ، دەستنیشانی دەکات کە پرۆسەکەی بە باشی وەرگرتبوو، وەک دەرنجامی بەدەستهێناوە لێیەوە. گوتی، 'بۆ هەموو ڕێگەیەک ئامادەم. گەلەکەمان و دۆستانمان ڕێبەر ئاپۆی وەک موخاتەب وەرگرت. ڕێبەر ئاپۆیش بۆئەوەی ئەم پرسە چارەسەر بکات، هەموو هێزی خۆی سەفەربەری کرد و خواستی سەرخستنی پرۆسەکە بوو. ڕێبەر ئاپۆ پلانێکی پێشکەش کردوو و گوتی، 'بڕۆن لەگەڵ پارتە سیاسیەکاندا کۆببنەوە و پشتیوانی پرۆسەکە وەربگرن.' ئەنجام درا و هەندێک بەیاننامەی ئەرێنی هاتنەئاراوە. بەڵام لە بواری هەنگاو نانەوە هیچ هەنگاوێک نەنرێنراوە. هەنگاوی سەرەتا چییە کە دەبێت بنرێت؟ ڕێبەر ئاپۆ گوتی، 'بوارم بدەنێ شەڕ و ئاڵۆزییەکان بوەستێنم و دەتوانم هەلومەرجی شەڕ بگۆڕمەوە بە هەلومەرجی یاسای و سیاسی. بۆئەوەی ئەمەش بێتە ئاراوە پێویستە پەڕلەمان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆ نموونە دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو ٧ خاڵە بوەستن دەبێت لە پەڕلەماندا کۆمیسیۆنێک دامەزرێنرێت. دەبێت کۆمیسیۆنێکی خاوەن پێوەر و ڕۆڵگێڕبێت. دەبێت کۆمیسیۆنێک درووست بکرێت. بەڵام گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە نییە. گفتوگۆیش هەبێت تەنها لە ئاستی قسەکردندایە. چی دێننە ناو قسەکردنەوە. بە تایبەت لە چاپەمەنی شەڕی تایبەتەوە پەرە بەمە دەدەن. 'ئایە پەکەکە دەستبەجێ چەک دادەنێت لە ئێستادا؟' ئەم مشتومڕە دەکەن و زمانێکی ژەهراوی بەکاردەهێنن. بەم شێوەیە هێرش دەکەن. بە پڕوپاگەندەیەک کە بە فەرمانگەی شەڕی تایبەتەوە ئامادە کراوە، دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە ڕەش بکەن و لەباری بەرن. هەندێک لایەن دەیانەوێت پرۆسەکە سەرکوت بکەن. ئەم کەسانە لەسەر شەڕ دەژن و زۆرتر دووژمنایەتی گەلان دەکەن. بەم شێوەیە درێژە بە خۆیان دەدەن. هەندێک کەسیش کە نایانەوێت چارەسەری پێشبکەوێت ئەو کەسانە بەکاردەهێنن. لە دژی ئەمانە دەبێت پەرە بە تێکۆشانی کاریگەر بدرێت. گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێک دەکەن، کەچی مافی گفتوگۆ نادەنە ڕێبەر ئاپۆ. گەر بە ڕاستی دەیانەویت پرۆسەیەک پێشبخەن، دەبێت دەستبەجێ شەرت و مەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ فەراهەم بکەن و گۆشەگیری لا ببەن. ڕێبەر ئاپۆ دەبێت بتوانێت لە بارودۆخی ئازاد، ئاسایش و تەندروستی باشدا بێت. دەبێت بارودۆخێک لە ئارادابێت تا ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بەشداری پرۆسەکە ببێت. یانی دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت لەگەڵ ڕۆژنامەواناندا ڕوانگە و فکری خۆی بڵاوبکاتەوە. دەبێت بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ باش بکرێت تا ئەوەی بتوانێت گوتاری خۆی پێشکەشی ڕای گشتی بکات. یانی لەسەر ناوی ڕێبەر ئاپۆ هیچ شتێک نەماوە نەیڵێن. موخاتەبی ئەم پرسە ڕێبەر ئاپۆیە، کەچی ڕێبەر ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییدایە. بۆیە ئەم پرۆسەیە تەنها لەسەر گفتوگۆکردن بەڕێوەدەبێت. بە گوێرەی چوارچێوەی دەسەڵاتداری ئێستا، بە تایبەت ئاکەپە لەم بابەتەدا ڕوون نییە و هەڵوێستەکانی گوماناوییە. شاندەکەیش گوتی، دەوڵەت هێشتا ڕوون نییە. بۆ ئەوەی ڕوون بن لەم بابەتەدا و پەرە بە چارەسەری بدەن، دەبێت بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ سەرڕاست بکرێتەوە، زمانیان ڕاستبکەنەوە و ڕێز بنوێنن. بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە بگات بە ئەنجام دەبێت بە جددیەوە نزیک ببنەوە. چونکە هیچ دەرنجامێک لە قسەکردندا نییە و خزمەتی چارەسەری ناکەن. دەبێت لەدژی ئەمانە تێکۆشانی گەورە بەرێوەببرێت. دەبێت لە هەموو جێگەیەک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێندرێت. بە تایبەت لەسەر ڕۆژنامەوانان کە دەستگیردەکرێن، هەموو ئەو هێرشانەی سەر گەریلا، سەر ڕۆژئاوا بوەستێندرێت. دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری لا ببرێت. پارێزەر و بنەماڵەکان هەموو هەفتەیەک بتوانن دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام بدەن. لە ئێستادا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ هەڵمەتێک بەڕێوەدەبریت. ئەمە خواستی گەلە. دیسانەوە هەندێک کەس و لایەن نامەیان بۆ کۆنسەی ئەورووپا ناردووەتەوە و دوایان کردووە تا ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی ئازادی بەشداری پرۆسەکە ببێت. هەڵبەتە دەبێت هەموو ئەم تێکۆشانانە بەردەوام بێت. ئەوانەی لە ئارادان نابێت ببێتە هۆکارێک ساردی لە تێکۆشاندا بکرێت. هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی دووەمی تێکۆشانییدایە. هەندێک دەرنجامی بەدەستهێناوە، بەڵام گەر سستی لە تێکۆشاندا بنوێنین ئەوا دەرنجامێکی باشی نابێت. بە پێچەوانەوە دەبێت زۆر زیاتر تێکۆشان بەڕێوەببرێت و کاریگەری درووستکات. بۆ ئەوەی ناچار بە هەنگاونانیان بکرێت. دەبێت ئەم هەڵمەتە بەفراوانتر و بەهێزتر بکرێت.

*لەماوەی پڕۆسەی ٢٠١٥دا دیسان هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەنجامدرا. لە ٢٧ی شوباتدا بەیاننامەیەک دەرچوو. هەرچەندە جێگری ئەردۆغان لەوێ بوو، بەڵام وتی هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نییە و هەڵیوەشاندەوە. ئێستا بێگومان بزوتنەوه بەردەوام ڕایدەگەیەنێت که گەلی کورد له هەموو کاتێک به هێزتر و ئاماده تره. بەڵام دەستور و یاسایەکی نوێ چەند گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر شتێکی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر کەس تێکی ​​نەدات؟ چۆن هەر کەسێک چۆن دەتوانێت لەوبارەیەوە دەست بە هەوڵدان بکات؟

وەک تەڤگەری ئازادی، نوێنەر و موخاتەبی ئێمە ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ لە هەڵوێستی خۆیدا ئەمەی نیشانداوە. وتی من ئامادەم. ئێستا بەیاننامەیەک کە لە ٧ خاڵ پێکهاتووە. بەڵام دەمانەوێ زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە چەندە ئامادەیە و پێویستە چی بکات. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ دۆلما باخچە لێدوانێکی دا. شاندەکە لەو کاتەدا هەدەپە بوون. وەک ئەوە وابوو هەر کەس دەیوت پرۆسەیە ئێستا بەرەو چارەسەری دەڕوات. هەروەها متمانەیەکی بەخشی. بەڵام ئەردۆغان تەنیا بیری لە بەرژەوەندی حزبەکەی خۆی دەکردەوە. ئێستا گرنگە چەند لەبواری چارەسەریەوە قسەدەکات. بە پێی گریمانە و کات قسە دەکات، بەڵام هێشتا لە ڕووی دەروونییەوە قەناعەتی خۆی نیشان نەداوە. هێشتا توانای ڕیسک کردنی نییە. ئەگەرچی تەنها ڕیسک کردن چارەسەری نییە. ئەگەر ئەم کێشە سەد ساڵەیە چارەسەر بکات، ئەو کات دەتوانێت ببێته بەڕێوەبەرێکی هەرێمی مەزن. ئەگەر ئاشتییەکی بەنرخ و شکۆمەندانە لە نێوان گەلی کورد و تورکیادا بەدی بێت، تورکیا و کوردستان دەبنە ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ ئەمەش بنەمایەک بوونی هەیە، بویە دەتوانرێت بکرێت. تەڤگەری ئازادی قەد بۆ گەلانی تورکیا نیازێکی خراپی نییە. سەرەڕای ئەو توندوتیژیانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هێنراوە، تەڤگەری ئازادی بەردەوام وەک بزووتنەوەیەکی گەل و نێونەتەوەیی ڕۆڵی هەبووە.

 بۆیە ئێستا جارێکی دیکە وا دەردەکەوێت ئەردۆغان لەبەرژەوەندی خۆی هەڵدەسووڕێت بەمەبەستی دووبارە هەڵبژاردنەوە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی گروپی حیزبەکەیدا وتارێکی پێشکەش کرد. چووە ئامەد و وتارێکی پێشکەش کرد. لەڕووی مێژووەوە هەندێک شتیان لەسەر گەلی کورد و تورکیا باس کرد. پاشان چووە ئورفا و لە ڕێگەی ئیبراهیم تاتلیساسەوە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکایەتیی وڵات دوبارە ڕاگەیاند. ئەو ئەوەندە بەرژوەندخوازە. ئەوەندە بیر لە خۆی دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەناو گەڵدا و ڕای گشتیدا نادڵنیایی دروست بێت. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە چەندە ئامادەن بۆ پرۆسەکە. ڕۆژانە ڕاپرسی ئەنجام دەدات، بزانێت دەنگی چەندە بەرز بووەتەوە یان دابەزیوە. بۆ نموونە پرۆسەکانی پێشووشی کردە قوربانی دەسەڵات و بەرژوەندی خۆی. ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی ٢٠١٥ نموونەیەکە. ئەمجارە دەڵێت من دەستوورم داوە و هاوڕێکانم کاری لەسەر دەکەن. پێویستە ڕوونی بکەینەوە، چونکە ئەم دەستوورەی ئەو باسی دەکات لە مێشکی گەلدا پرسیار دروست دەکات. ئایا دەستووری چارەسەرکردنی پرسەکەی داوە یان لە ڕێگەی کوشتن وکۆمەڵکوژییەوە دەیەوێت ئەنجام وەربگرێت؟ ئایا ئەوەی ئێستا بەسەر گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دێت پەیوەندی بەم دەستوورەوە هەیە؟ بە واتایەکی تر، فکر، بیرکردنەوە و کردار دەبێ یەک بن. ئەگەر بیرۆکەی کۆمەڵکوژی بێت، ئەوا عەقڵیەتیشی هەمان شتە. تا ئێستا هیچ شتێکی ڕوون لە پرۆسەکە دیار نییە. هاوکات لێرەدا ناکۆکییەکان زۆرە.

ئێمە وەک گەلی کورد، وەک تەڤگەری ئازادی، لێدوانی بزووتنەوەکەمان ڕوونە. بزووتنەوەکەمان وەک پەکەکە و کەجەکە لەو بارەیەوە لێدوانی داوە. ڕاگەیەندرا، ئێمە ڕێبەر ئاپۆ وەک موخاتەبی ئەم پرسەر دەبینین. سەیری ئەوانە بکەن دژایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەوانەی پێشتر ئەم پرۆسەیەیان هەڵوەشاندەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئێمە لەم بابەتەدا بە وریاییەوە نزیک دەبینەوە و هەندێک مامەڵەی گریمانەیییش لەم بوارەدا ڕۆڵ دەگێڕن. لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەتایبەت ڕووخانی ڕژێمی سوریا لە ٨ی کانوونی یەکەم. زۆرێک لە دەسەڵاتە هەژموونخوازەکانی ناوچەکە بە هاوسەنگی جیاوازەوە نزیک دەبنەوە. کورد لەناوچەکە ئەکتەرێکی سەرەکییە لە هاوسەنگیەکاندا. لەم دواییانەدا هەڵوێستی بزووتنەوەکەمان بە ڕوونی لە بەرنامەی هەڤاڵ جومعەدا هاتە ئاراوە. کورد بێ بەدیل نییە. کورد کوردێکی بێ چارەسەر نییە. یانێ ٤٠ ساڵە لەو بارەیەوە تێکۆشان دەکەن. ئەوان خاوەنی ئەزموونێکی ٥٢ساڵەن لە هێڵی ڕێبەر ئاپۆ. هەموومان زۆر باش دەزانین لە کوێوە هەتا کوێ هاتوون. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. کورد و تەڤگەری ئازادی قەد نەیدەویست چەک هەڵبگرێت. پەکەکە لە ساڵانی ١٩٨٠دا لە زیندانی ئامەد بوو. کەماڵەکان، مەزڵومان، عەلی، ئاکیف و ساراکان دەستیان بە مانگرتن کرد، ستەم و چەوسانەوە لە حەقیان دەکرا، ئایا چەکیان هەڵگرتبوو؟ ساڵانی ١٩٨٠ بوو بەڵام بە توندوتیژییەکی بێوێنە هێرشیان کردە سەریان و مافەکانیان پێشێل کرد. هەموویانیان کۆمەڵکوژ کرد. گەلی کورد بۆ پاراستنی خۆی مەجبوور بوو چەک هەڵبگرێت. لەسەر ئەو بنەمایە دەیانەوێت ڕێگەیەک بۆ بەدەست هێنانی چارەسەری ببینرێتەوە، بۆیە پێویستە خۆیان ڕاست بکەنەوە و بە جددیتر لە دۆخەکە نزیکببنەوە. ئەمەش بە هەڕەشە و ڕەشبگیری و لێدوانی توند ناکرێ. گەلی کورد بێزارە لەم شتانە، ئەم زمانە ٤٠ ساڵە بەکار دەهێنرێت. ٤٠ ساڵە بەمشێوەیە بەردەوامن، پێویست ناکات هەر جارێک کە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نرا یەکسەر دەست بەم هەڕەشانە بکرێت. ئەم هەڕەشانە هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە. تەڤگەری ئازادی و ڕێبەر ئاپۆش بە دروستی وەک خۆی پرۆسەی ئێستا دەخوێننەوە. ئەوان هیچ جیاوازییەکیان ناوێت. لەم هەنگاوە تایبەتەدا هەوڵ دەدرێت یەکێتی گەلان بەرەوپێش بچێت. لەهەمان کاتدا دەیانەوێت تورکیا دیموکراتیزە بکرێت و بەرەوپێش بڕوات. ڕێبەر ئاپۆ لە  ٧خاڵدا بە ڕوونی ئەمەی دەربڕیوە.

دیموکراتیزەکردنی تورکیا بە بنەما دەگیردرێت. دیموکراتیکبوونی تورکیا بەندە بە دانپێدانانی کوردەوە. بە جێبەجێ کردنی مافی کوردەوە دەکرێت. لە چوارچێوەی مافی گەلی بندەستەوە دەکرێت. لە گۆڕان و گۆڕانکاری کۆماردا دەکرێت. ١٠٠ ساڵە ئەم کۆمارە لە نکۆڵیکردنی کورد بەردەوامە. یەکەم شت کە دەبێت ڕووبەڕووی ئەو کارانە ببیتەوە کە پێشووتر کراوە. بەردەوام بوون بە هەمان عەقڵیەت سوودی بۆ کەس نییە. بە واتایەکی تر ناتوانرێت لەم ڕووەوە ئەنجامێک بەدەست بهێندرێت. وەک تەڤگەری ئازادی هەڵوێستی ئێمە ڕوونە. بێگومان بزووتنەوە و گەلی کورد لە پێناو ئازادیدا تێکۆشان دەکەن. بەڵام ئەگەر بڵێین هیچ شتێک نەگوتراوە، هەموو شتێک وتراوە بەتاڵە، ئەوەش ڕاست نییە. پێویستە گەلیش ئەمە ببینن. بێگومان ساڵی نوێ لەئارادایە، هەم لە دەرەوە پەیوەندی هەیە، هەم لە ناوەوە ئەمساڵ دەتوانێت ببێتە ساڵێک بۆ چارەسەری و لە هەموو ڕوویەکەوە ببێتە ساڵی سەرکەوتن بۆ هەمووان. چونکە ڕێبەر ئاپۆ دەرفەتێکی گەورەی بە ئێمە بەخشیوە. خاوەنداری کردنی گەل لە ڕێبەر ئاپۆ و بە موخاتەب گرتنی، واتە ڕوانگەیەکی ئەرێنییە، بەڵام دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە هەموو بۆشایییەکان پڕ بکرێنەوە. پێش ئەمە، ڕێبەر ئاپۆ وتی: "ئەگەر دەتانەوێت من ڕۆڵ بگێڕم، دەبێت گۆڕانکاری لە دەستووردا دەست پێ بکرێت، یانێ دەبێت لە لایەنی یاساییدا دەرفەت بڕەخسێندرێت کە منیش بتوانم تێدا ڕەوڵ بگێڕم. دەوڵەت باخچەلی تەلەفۆنی کرد و داوای لێکرد بێتە پەرلەمان و قسە بکات. بۆ ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، دەبێت پەرلەمان لەو بارەوە دەست بە هەوڵدان بکات پێشەوە بنێ و یاسایەک دەربکات. ئایا ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت لە حەوزێکی بێ ئاودا مەلە بکات؟ سەرەتا دەبێت حەوزەکە پڕ بکرێت لە ئاو.

 بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی ببینێت، پێویستە مەرجەکان ئامادە بکرێن. ڕێبەر ئاپۆ ڕێباز، پلان و نەخشەڕێگای ئامادە کردووە. بۆ چارەسەری بڕوای بە خۆی هەیە. حکوومەتی ئێستا دەبێ ڕۆڵ بە ڕێبەر ئاپۆ بدات و حیزب و پێکهاتە سیاسییەکانی دیکە و ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەش لە پرۆسەکەدا ڕوڵی ئەرێنی بگێڕن. بێگومان گفتوگۆ هەیە. ئەمە دوو سێ مانگە ئەم گفتوگۆیانە بەڕێوە دەچن. هەندێک دەیانەوێت پرۆسەکە لە جەوهەری دوور بخەنەوە. نابێت ڕێگە بەم کارە بدرێت و دەبێت لەبەرامبەریدا تێکۆشان بکرێت.

*بەڵێ ئێوەش باستان لە هێزی گەلی کورد کرد. لەهەمانکاتدا لەلایەک هەوڵدان هەیە، بەڵام کردەوەی هەڵەش هەیە کە لەگەڵ زمانی چارەسەریدا ناگونجێت. نموونەی ئەمەش هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە کە بەردەوام گەل دەکرێنە ئامانج لە بەنداوی تشرین. ئەم بەڕبەڕییە لەپێش چاوی جیهاندا ئەنجام دەدرێت. دەمانەوێت ئێوە دڕندەیی دەوڵەتی تورک لە دژی گەل و هەوڵی داگیرکاری و بەرخۆدانی گەل کە بە شێوەیەکی بێوێنە بەڕێوە دەچێت، هەڵسەنگێنن؟

جارێکی تر بەڕێزدارییەوە سڵاو لە بەرخۆدانی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەم. لە کەسایەتی شەهیدانی بەرخۆدانی تشرین دا بەمنەتدارییەوە هەموو شەهیدانی ئازادی بەبیر دێنمەوە. هێرشەکان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جیاواز نین لەو هێرشانەی داعش کە بە دڕندەییەوە لە کۆبانی و شنگاڵ ئەنجامی داون. ئەمڕۆش دەبینین هەمان بەڕبەڕییەت لە بەنداوی تشرین، لەبەرچاوی هەموو جیهان بەرامبەر گەلەکەمان دەکرێت. بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و دابینکردنی پێداویستییەکان، یەکێک لەو شتانەی کە پێویستی هەموو گەلانی ناوچەکەیە بەنداوی تشرینە. ئاو و کارەبا و پێداویستی ڕۆژانە لەو بەنداوە دابین دەکرێت. بە هێرشکردنە سەر بەنداوەکە، داوا لە گەل دەکرێت ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی ببنەوە. گەلانی هەموو چین و توێژەکانی ژیان، بە ژن و منداڵ و بەساڵاچووانەوە، دەیانەوێت لەوێ لە سەرمادا لە ئیشکگریی دان و پاراستنی بەنداوەکە دەکەن. لە دژیان هێرشی بێ ئەخلاقی ئەنجام دەدرێت. گەلان لەکاتی سەماکردندا دەکرێنە ئامانج. دەیانەوێت ئیرادەی گەلی بەکەرامەت بشکێنن. جارێکی تر لە تشریندا بە ڕوونی ئەوە دەرکەوت کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی گەلێکی بەڕێکخستنی بشکێنێت. ئیرادەی گەلێکی بەڕێکخستنی لە هەموو هێزێک گەورەترە. بۆ نموونە سەرەتا بابی تایار و گەلەکەمان لەوێ، چییان گوت؟ وتیان ئێمە لە مردن گەورەترین، ئەوان شکستیان بە مردن هێناوە.

ئەم گەلە بڕیاری خۆی بۆ ئازادی داوە، ئەم گەلە ترس و مردنیان تێپەڕاندووە. چ هێزێک دەتوانێت ئەم گەلە بشکێنێت؟ هەرچەندە دەزانن بەم شێوەیە ناتوانن ئەم گەلە شکست پێبهێنن، بەڵام درێژە بە کۆمەڵکوژی دەدەن و ڕای گشتیش لەوبارەیەوە بێدەنگە. بەڕواڵەت ئەردۆغان سەرۆک کۆماری فاشیست بۆ بەرقەراری ئاگربەست لە غەززە نێوەندگیری دەکات. جیاوازی گەلی فەلەستین و گەلی کورد لە گەڵ گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چییە؟ دیارە دەسەڵاتێک لە سوریا هاتۆتە سەرکار. گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبەرچاوی تەحریر شام دەکوژرێن، بەڵام سەرەڕای ئەمە، تەحریر شام پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆغان بەردەوامە و هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەداوە. واتە بەم شێوازە دەکرێت یەکێتی دروست بکەن؟ ئایا دەتوانن یەکێتی نێوان گەلی تورکیا بپارێزن؟ ئەوەی لێرەدا زۆرترین جیاکاری دەکات، عەقڵیەتی ئەوانە.

بەڕاستی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وێنەیەکی دیموکراسی و پێکەوە ژیانن. ئەوان نیشانیان داوە کە ژیانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر چ بنەمایەک بنیات بنرێت. لە نێو ئەو شەهیدانەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی زەنۆبیا، هەڤاڵ کەرەم شەهید کرا، ئەو لە گەلی عەرەبی ئێمەیە. کاتێک هێرشیان کردە سەر منبج، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ژنانی منبجیان ڕفاند. ئەمە تۆڵەسەندنەوەیە لە هێڵی ئازادیخوازی ژنان، یانێ ئەمە عەقڵیەتی داعشە. چەتەکانی داعش لەناو خۆیاندا بە دەڵێن، بۆ ئەوەی بچنە بەهەشت، دەبێت ئاگادار بن بە دەستی شەڕڤانانی ژن نەکوژرێن. واتە عەقڵیەتێکی وا تاریک لە سەریاندایە. هەر بۆیە ئێستا دەیانەوێت داعش بگەڕێننەوە سەر دەسەڵات.

لە بەرامبەر ئەمەدا بەرخۆدانی گەل زۆر گرنگە. وەک قەڵغانی مرۆڤی دەچنە ئەوێ و پاراستنی خاکەکەیان دەکەن و نایانەوی ئاوارە بن و خاوەنداری لە دەستکەوتەکانیان دەکەن. بەڕاستی شەڕی شۆڕشگێڕیی گەلیان دەستپێکردووە، پێشەنگی قارەمانیان بەرهەم هێناوە. گەل بۆ ئازادی تێدەکۆشن و دەچن لەوێ دەست بە ئیشکگریی دەکەن. بەسەدان هەزار کەس بەشداری پرسەی شەهیدان بوون. ئیرادەیەک دیاری کراوە. بەڵێنیان بە شەهیدانیان داوە. بەنداوەکەیان کردە بەنداوی شەهیدان. ئەمە زۆر گرنگە. گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە کردەوە وێنەیەکی سوریای دیموکراتیک نمایش دەکەن. یان ئەمە سەردەکەوێت، یان عەقڵیەتی داعش جارێکی تر سەردەکەوێت. بۆ ئەوەی عەقڵیەتی داعش دیسان دەسەڵات نەگرێتەوە دەست و کارەساتێکی دیکە لە ناوچەکەدا ڕوونەدات، هەروەک چۆن گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەوری شەڕڤانەکانیان کۆبوونەتەوە، هێزەکانی (قەسەدە) و شەڕڤانانی یەپەگە-یەپەژە و هێزە سەربازییەکانیان دەستیان بە تێکۆشان کردووە، بەهەمان شێوە دەبێت بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پشتیوانی و خاوەنداری بکەن.

لەم بوارەدا کەموکوڕی و کەمکاری هەیە. باکووری کوردستان سەرەتا بەڕاستی چالاکی گرنگی ئەنجامدا. بەڵام ئەمانە تێرکەر نین. پێویستە زیاتر بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە پشتیوانیەکانیان بەرز بکەنەوە و هەمووان لە سەر ئەم بنەمایە کۆببنەوە و تێکۆشانی خۆیان زیاتر بکەن. چەتەکانی دەوڵەتی تورک دەیانەوێت بە تەقاندنەوەی ئەو بەنداوە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تووشی کارەساتێکی گەورە بکەنەوە. بۆیە دەبێت کوردان لە هەموو شوێنێک ڕاپەڕن و دژی ئەمە بوەستنەوە و لە هەر کوێیەک دەژین، دەبێ هەڵوێستی خۆی ڕوون بەرز بکەنەوە. گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نابێ بەتەنها بمێننەوە. هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوێیە، ڕۆژانە لێدوان دەدەن. بەڵام لەبەر چاوی ئەوانەوە ئەم گەلە دەکوژرێن. ناتوانن هەرێمەکە بەڕووی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی قەدەغە بکات. دەتوانن بیکەنە هەرێمێکی تایبەت و ئاسمانەکەی قەدەغە بکەن. دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ناتوانن لە بەرامبەر شەڕڤاناندا بوەستنەوە، بۆیە لە ئاسمانەوە هێرش دەکەنە سەر گەل. ئەم هێزانە دەبێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. لەوێ ١٢هەزار شەهید لە پێناو ئازادییدا دراوە. هەمووان قارەمانیەتیەکانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زۆر باش دەزانن.

 بێدەنگی لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان کارێکی ئەخلاقی و ئینسانی نییە، هەروەها ویژدانیش نییە. لە لایەک دەوڵەتی تورک، هەوڵدەدات سوریا دابەش بکات و لە لایەکی تریش دەڵێت سوریایەکی دیموکراسیمان دەوێت. باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕاستی پێگەی شکۆمەندی و ئازادییە. هەڵوێستی ئازادی ئەمەیە. ژنانی تێکۆشەر ئەمانەن. کۆنگرەی ستار، هەروەها ئەنجومەنی ژنانی زەنۆبیا، خاوەنی ژنانی ڕێکخستنین. هێزەکانی پاراستنی یەپەژە و هێزی خۆپاراستنی ژنان پێگەیەکی شکۆمەندانەیان هەیە. ئێمە ڕێز لەم هەڵوێستە دەگرین. ئەمە تەنها گرێدراوی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نییە. بەڵکوو بە ناوی هەموو مرۆڤایەتییەوە لەوێ بەرخۆدان بەڕێوە دەبەن، بۆ ئازادی هەموو ژنان بەرخۆدان دکەن.

ئەگەر عەقڵیەتی گڵاو سەرکەوت کەس ئاسایشی ناپارێزرێت. بۆیە ​​دەبێت بەهێزەوە پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکرێت، بەتایبەتی گەلەکەمان لە تەمەنی ٧ هەتا ٧٠ ساڵیەوە، بەرخۆدان دەکەن، هونەرمەندان و ئەکتەرەکان بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە، بەڕاستی لە مێژووی شۆڕشەکاندا شتی وا دەگمەنن. کەسانی وەک بابی تەیار و هەڤاڵان مەنیجە، موزەفەر و کەرەم هەموویان شەهید بوون. گەل هێشتا تەرمی شەهیدەکانیان لەسەر زەوی هەڵنەگرتبووەوە، کە جارێکی دیکە هێرشیان کرایە سەر و دیسان شەهید و برینداریان لێکەوتەوە. گەل لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا هەڵوێستی پیرۆز دەگرنەبەر. بەم هەڵوێستە پیرۆزانەوە بە دڵنیاییەوە ئازاد دەبن. ئەم پێگە پیرۆز و بەنرخە بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکەی سەرکەوتنە.

*بە نزیکبوونەوەی مانگی شوبات کە بە دیل گرتنی ڕێبەرایەتی دەچێتە ٢٧ئەمین ساڵیەوە، دەمانەوێت جارێکی تر سەرەنج بخەیەنە سەر ئەم بابەتە. هەرچەندە ئێستا پرۆسەیەک دەستی پێکردووە، بەڵام ڕێبەرایەتی هێشتا لە گۆشەگیری توند و سەپێنراودایە. پێویستە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم تێکۆشانە کە گەیشتۆتە ئەم قۆناغە و لە سەرکەوتن نزیک بووەتەوە، بگاتە ئامانجەکەی و ئامانجی سەرەکیش کە ئازادی جەستەیی ڕێبەرایەتیە، پەیامی کۆتاییتان لەو بارەیەوە چیە؟

بەڵێ بەرەو ١٥ی شوبات دەچین، ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەییە کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دەستی پێکرد و ئێستا ٢٦ساڵی تێپەڕاند. ڕێبەر ئاپۆ ٢٦ ساڵە، لە دوورگەیەکدا لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا زیندانی کراوە. هۆکاری ئەم بەدیل گرتنە و پیلانگێڕییە ئەوەیە گەلی کورد وتورک ڕووبەڕووی شەڕێکی ١٠٠ساڵە بکەنەوە، هەروەها لەو کاتەدا ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم پیلانگێڕییە ڕاکێشانی گەلی کورد و تورکە بۆ ناو شەڕێکی ١٠٠ ساڵە. پیلانگێڕییەکە هاوکاتە لەگەڵ ١٠٠ئەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی شێخ سەعید و هاوەڵانی. بەوبۆنەوە بە ڕێزداریی و منەتدارییەوە یادیان بەرز ڕادەگرم. ڕێک ئەوە ١٠٠ ساڵە گەلی کورد بە شێواز و ڕێبازی جۆراوجۆر بۆ ئازادی خۆی تێکۆشان دەکات. پەکەکە و بزووتنەوەی ئازادیش لەسەر ئەو بنەمایە پێشکەوتن. کۆماری تورکیە ١٠٠ ساڵە بوونی هەیە، ١٠٠ساڵە بەهەمان شێوە گەلی کوردیش بۆ گەیشتن بەئازادی تێکۆشان دەکات. ئەم یادە تایبەتمەندییەکی جیاوازتری هەیە. لەم پرۆسەیەدا ڕێبەر ئاپۆ لە گۆڕەپانەکەدایە. وەک گەلی کورد، دۆستانی گەلی کورد، هەموو هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان، ژنان، گەنجان، ژنانی گەنج و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، پێویستە ئەم ١٥ی شوباتە بگەیەنینە لوتکەی تێکۆشان و دەستپێکی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. ئەمە زۆر گرنگە. دەبێت ڕۆژانی تاریک بکرێنە ڕۆژانی ڕووناکی. شێواز و ڕێبازەکانی ڕێبەر ئاپۆ یەکێکن. واتە کاتێک هیوا نەما، هیوا دەخوڵقێنێت وپەرەی پێدەدات. یانێ کاتێک دەوترێت هیچ نەماوە، ئەو دەرفەتی گەورە دەخوڵقێنێت. ئەمەیە ڕێباز و شێوازی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەمڕۆ سەرکەوتنی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. لەو باوەڕەم ساڵیادی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ، هەنگاوێکی جیاواز دەنرێت لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردستان، ژنان و هەموو گەلان بەگشتی. بەڵام نابێت چاوەڕێ بین، دەبێت تێکۆشان مەزنتر بکەین.

 بۆ ئەمەش ئامادەکاری چالاکیی بەرفراوان کراوە، پێشتر پلانی بۆ دانراوە. لە ئەوروپا بەساڵانە ڕێپێوانی درێژمەودا لەلایەن گەنجان و ئینترناسیوناڵە پێشەنگەکانەوە ئەنجام دەدرێت. ٢٦کەس لە ٢٦ شارەوە بۆ ماوەی ٢٦ ڕۆژ بەردەوامی بە ڕێپێوان دەدەن. هەر لە ئێستاوە سڵاوی خۆم ئاراستەی ئەو چالاکوانانە دەکەم. ئەم چالاکییە هەمەچەشنانە گرنگن. بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ پێویستە هەمووان پشتیوانی هەڵمەتی ئازادی بکەن و زیاتر تێکۆشان بکەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. هەروەها ئەوانەی پێشەنگایەتی دەکەن، بێگومان گەریلاکانی ئازادی و گەلە تێکۆشەر و دۆستانمان بەردەوامن لە تێکۆشانی خۆیان. پێویستە لە ئێستاوە لە هەموو بوارەکاندا ئامادەکاری بکەین و چالاکی جیاواز ئەنجام بدەین. بێگومان ئامانجەکانی پیلانگێڕییەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، هەر بۆیە دەبێت لە دژی پیلانگێڕیدا سەرکەوین. ئەوان دەیانویست ئەم ١٠٠ساڵە بکەنە سەدەی کۆمەڵکوژی هەموو مرۆڤەکان. بەڵام به پێچەوانەی ئەوانەوە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت بیکاته سەدەیەکی سەرکەوتن و ئاسایش بۆ گەلان و تێدا ئاهەنگی ئازادیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ژن بەڕێوە بچێت. لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێم ئەم پرۆسەیە دەتوانێت لێکەوتەی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم ڕۆڵی خۆیان لەم پرۆسەیەدا بگێڕن و هەتا کۆتایی ژنان و گەنجان پێشەنگایەتی بکەن."