سۆزدار ئاڤێستا ئەندامنی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی ستێرک کرد و لەبارەی شەنگال و ژمارەیەک پرسی دیکە قسەی کرد.
سۆزدار ئاڤێستا هێرشی دژی مەروان بەدەل هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری شەنگال و منداڵەکانی وەک هێرشێکی ترسنۆکانە و نامەردانە لەقەڵەمدا و سەرەخۆشی لە شەنگالیەکان کرد.
'هێرشی دژی هەڤاڵ مەروان راستەوخۆ بە دەستی پەدەکە ئەنجامدراوە'
ئاڤێستا ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکەی دژی مەروان بەدەل زۆر پەیامی پێیە و وتی، "هێرشەکە زۆر پەیامی جیاواز هەڵدەگرێت. ئەوانەی هێرشیان کردووە و هاوکاریان کردووە حسابەکەی دەدەن. پێویستە بزانرێت کە ئەم هێرشە بێحساب نابێت. هێرشەکەی دژی هەڤاڵ مەروان راستەوخۆ بە دەستی پەدەکە ئەنجامدراوە. بەپێی زانیاریەکانمان، پەدەکە پێشەنگەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی وەک هەڤاڵ زەردەشت و مەروان و ئەوانەی دیکەی کردووەتە ئامانج. دەڵێن تاوەکو ڕێبەرانی ئەم کۆمەڵگایە نەکوژرێن و لەناونەبرێن، ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ شەنگال و بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆمان بدەین. پەدەکە پلانی بەم شێوەیەی داڕشتووە و لە رووی هەواڵگریەوە هاوکاری دەوڵەتی تورک و میت دەکات."
ئاڤێستا باسی ئەوەشی کرد کە هێرشەکە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵگەی ئێزدیە و وتی، " کۆمەڵگەی ئێزدیشمان باش دەزانێت، هێرشکردنە سەر ڕێبەرانیان، بە واتای بڵاوەپێکردنی کۆمەڵگای ئێزدی دێت، بۆ ئەوەی خۆسەر نەبن و مافی خۆیان بەدەست نەهێنن. لەبەرئەوەش ڕێبەر و پێشەنگەکانیان لەناودەبەن."
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامنی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە رایگەیاند، گرنگ وڵامی کۆمەڵگایە و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: چۆن رێگری لە هێرشەکان دەکرێت، هەڵوێستی کۆمەڵگەی ئێمە چۆن دەبێت. ئەمە گرنگە. کۆمەڵگا باش دەزانێت کە دوژمنیان کێیە؟ لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پلان لەسەر شەنگال هەیە. ئەو کاتە لەگەڵ چەتەکانی داعش رێککەوتن. پلانیان کرد کە چەتەکان شەنگال داگیر بکەن. بەڵام تەڤگەری ئازادیمان لە سایەی ئەو پێشەنگانەی کۆمەڵگای ئێزدی وەک هەڤاڵ مەروان و هەڤاڵانی دیکە، رێگریان لە هێرشەکان و قڕکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی گرت. نەیانهێڵا کە پلانی داعش سەربکەوێت. بەڵام ئێستا بەم هێرشانە بە داعش دەڵێن، ئەوەی ئێوە بە نیوەچڵی بەجێهێشت، ئێمە تەواوی دەکەین. بەم ئامانجە لە هەڵبژاردنی عێراقدا زیاتر لە هەموو جێگەیەک لە شەنگال ساختەکاریکرا."
"لە شەنگال کەسانێک هەن کە هاوکاری ئەوان دەکەن"
ئاڤێستا ڕایگەیاند، لە شەنگال کەسانێک هەن کە لە رووی هەواڵگریەوە هاوکاری پەدەکە و تورکیا دەکەن و هۆشداریدا و وتی: ئێمە دەزانین "لە شەنگال کەسانێک هەن کە هاوکاری ئەوان دەکەن. گوتەیەکی بەناوبانگی کورد هەیە کە دەڵێت، ئەگەر کرمی دارەکە لە دار نەبێت درەختەکە ناڕزێت. ئەگەر لە شەنگال خەڵکێک هاوکاریان نەکردایە، ئەگەر زانیاری و هەواڵگرییان بەوان نەدابا، ئەوا ئەم هێرشانە ئەنجام نەدەدران. هەندێک کەس هاوکاریان دەکەن و لە بەرامبەر بەرژەوەندیە بچوکەکانیان و چوار قروش، بەشداری پلانەکانیان دەکەن. ئەمە خیانەتێکی گەورەیە. لەشوێنێکی وەک خانەسۆر ئەگەر ناپاکی نەبێت ناتوانن ئەم هێرشە ئەنجام بدەن. دەبێت سەرەتا هەڵوێستی گەلەکەمان لە شەنگال دژی ئەو خاینانە بێت. دەبێت گەلەکەمان ئەو خاینانە لدەربکەن کە هاوکاری دەوڵەتی تورک و پەدەکە دەکەن. ئەم خاینانە چیتر نابێت لەنێو گەلدا بژین. پێویستە ئاشکرایان بکەن و لەبەرانبەریان هەڵوێست وەربگیرێت و هەڵبکوتە سەریان."
'ئازاری شەهیدکردنی هەڤاڵ مەروان پێویستە ببێتە بناغەی تێکۆشانێکی بەهێز'
سۆزدار ئاڤێستا، وتیشی: شەهیدکردنی مەروان بەدەل زۆر بە ئازارە، بەڵام دەبێت ئەم شەهادەتە بكرێتە هۆکاری تێکۆشانێکی گەورە و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: بێگومان شەهیدبوونی هەڤاڵ مەروان قورسە، لە نزیکەوە دەیناسین. بەڵام خاوەنداریکردن لە شەهیدان، بە خاوەنداریکردن لە ڕەنجیان دەبێت. وەک خۆی وتی، ئەگەر پێویست بێت، ئێمە ژیانمان دەبەخشین بە خۆسەریمان. هەڵوێستی گەلەکەمان دەبێت وەک هەڵوێستی هەڤاڵ دژوار (مەروان) بێت. ڕەنگە ئەم هێرشانە ئازارێکی زۆر ببەخشن، بەڵام دەتوانن پاڵەوانەکانی دیکەی وەک هەڤاڵ دژوار دروست بکرێن. دەتوانن لەسەر هێڵی دژوارەکان تێکۆشانێکی گەورە بخوڵقێنن. دەتوانن ئەم ئازارە بکەنە خەبات و ڕێکخستنێکی گەورە و شەڕی دژ بە خیانەت بەهێز بکەن"
"پەدەکە هەم دەیانکاتە ئامانج و هەم رەوایەتی بە هێرشەکان دەدات"
ئاڤێستا باسی ئەو هەواڵانە کرد کە لەبارەی هێرشەکە بڵاوکرانەوە و وتی: "سەرنجڕاکێشە کە هێرشەکان ئەنجام دەدرێن، ڕاستەوخۆ لە میدیاکانی پەدەکەدا بڵاودەکرێنەوە کە پێشتر ئامادەکراون. مەهما خەلیل لە ترسی خۆی شەنگالی بەجێهێشت کاتێک پارێزگاری شەنگال بوو و هەڵهات. هەروەها بەساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا خۆی کرد بە پەرلەمانتار. ئەو ڕۆژە لە تەلەڤزیۆندا هەڤاڵ دژواری وەک میلیتانی پەکەکە ناوزەد کرد. پەدەکە هەم دەیانکاتە ئامانج و دواتریش رەوایەتی بە هێرشەکان دەدات."
سۆزدار ئاڤێستا راشیگەیاند، شەهیدکردنی پێشەنگەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی هەرچەندە بۆشاییەکیش دروست دەکات، بەڵام هزری ئازاد و شۆرشگێر کە لەدوای فەرمانەکە دروست بوو، تێکۆشان فراوانتر دەکات.
وتیشی، مەروان بەدەل لەسەر داواکاری زۆری خەڵکی ناوچەکە بوو بە هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری خۆسەر و وتی، "هەڤاڵ دژوار هەر لەسەرەتاوە شان بە شاری ١٢ گەریلا کە فریای شەنگال کەوتن خەباتی کرد و لە چیای شەنگال لە سەنگەرەکاندا لەدژی داعش شەڕی کرد. لەسەر داوای کۆمەڵگەی شەنگال بۆ هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال هەڵبژێردرا."
"پێویستە دەوڵەتی تورک و پەدەکە باش بزانن کە ناتوانن لە شەنگال ببنە دەسەڵات"
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، نە پەدەکە و نە دەوڵەتی تورک بەم هێرشانە ناتوانن لە شەنگال ببنە دەسەڵات. هێرشەکان بۆ سەر ئیرادەی گەل شەنگال و خەڵكی مەدەنیە. بۆیەش پێویستە شەهادەت ببێتە بناغەی تێکۆشانێکی گەورە و خاوەنداریکردن. پێویستە هێزە ترسنوکەکان باش بزانن، نە پەدەکە و نە دەوڵەتی تورک ناتوانن ئیرادەی گەلی شەنگال بشکێنن و لە شەنگال ببنە دەسەڵاتدار. یان پێویستە یەک کەسی ئێزدی لەوێ نەهێڵن، یان ناتوانن وەک بەرلە فەرمانەکە لەوێ جێگیر ببن."
ف.ق