'تاکە رێگای چارەسەری بیرۆکەی نەتەوەی دیموکراتیکی ئۆجالانە'

یەک لە بەشداربووانی دیداری بەیروت جوتیار رەشید رایگەیاند، "زۆرینەی بەشداربووان رۆشنبیرانی ئەفریقا، میسر، ئوردن و بەشێکی زۆر لە عەرەبەکانی عێراق بوون. لەپێناو بڵاوکردنەوەی رامانی ئۆجالان و دەستەبەرکردنی ئازادی ئەو دەبێت زیاتر کاربکرێت".

لە نێوان ١٣-١٤ی حوزەیران لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی هەمیشەیی فیدڕاڵی لوبنان بە هاوکاری کۆمەڵەی کولتوری نەورۆز، پلاتفۆڕمی فرەڕەنگی رۆژهەڵات، دیموکراتییا نۆڤوس ئۆرێئا سێکلۆروم و رەسایلێنت بەیروت بە دروشمی ' پێکەوە بۆ بە دیموکراتیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- رێگای ئاشتی" دیدارێک سازکرا.

یەک لە بەشداربووانی دیدارەکە جوتیار رەشید لەبارەی ناوەرۆک و بە تایبەتی روانگەی بەشداربووان لە بارەی بڵاوبوونەوەی ئەندێشە و بیرۆکەکانی ئۆجالان و مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی ئەو قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

'رێگەی چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک-کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکە'

خوتیار رەشید سەرنجی بۆ سەر هەڵوێست و روانینی بەشداربووانی دیدارەکە راکێشا و  وتی: " کۆی ئامادەبوانی کۆڕبەندەکە پێیان وابوو کێشەی سەرەکی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبونی دیموکراتی ڕاستەقینەیە و تاکە چارەسەریش بە دیموکراتی کردنی کۆمەڵگاکانی ناوچەکەیە،زۆرینەی ئامادەبوانیش'نەتەوەی دیموکراتیک' و 'کۆنفیدرالیزمی دیمەکراتیکیان' وەک تازەترین تێزی سەردەم و چارەسەر دەبینی، بەتایبەتیش ئامادەبوانی ئەفریقی و میسری و ئوردنیەکان سەرەڕای کوردەکان خۆمان."

'عەرەبەکان هزری نەتەوەی دیموکراتیکی ئۆجالان بە تاکە چارەسەر دادەنێن'

بەئاماژەدان بەوەی هیچ کوردێک لە هەولێر و دهۆکەوە بەشدارییان لە دیدارەکەی بەیروتدا نەکردووە،  جوتیار رەشید وتی، " ئەوەی جێگای داخ و تێڕامان بوو بۆمن هیچ کوردێک لە هەولێر و دهۆک ئامادەی کۆڕبەندەکە نەبوون،ئەوەش بۆمن مایەی دڵخۆشی قوڵ بوو ڕادەی قوڵی تێگەیشتنی بەشێکی زۆری عەرەبە ئامادەکان بو لە هزری بیرمەندی کورد ئۆجالان، وەک تاکە چارەسەریش 'نەتەوەی دیموکراتیک' یان دەناساند".

'هاوشێوەی عەرەبەکانی میسر و ئوردن عەرەبەکانی عێراقیش لەو بڕوایەدان دەبێت زیاتر کار بۆ ئازادی ئۆجالان بکرێت'

زۆرینەی ئامادەبووانی بە تایبەتی ئەفریقی و میسری و ئوردنیەکان و بەشیکی زۆر لە عەرەبە عێراقیەکانیش لە ئێمەی کورد زیاتر بەپەرۆشی بۆ بیرمەندی کورد ئۆجالان وەک جەستەی فیزیکی و وەک هزرەکەشی،بۆیە پێیان وابوو دەبێ کار و خەباتی بەردەوام لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات بکرێ بۆ بڵاوکردنەوەی هزرەکەی و تێکۆشان چڕبکرێتەوە بۆ ئازاد کردنی بەڕێزیان،بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی هزرەکەی بکا،پێشیان وابوو زیندانی کردنی بەڕێز ئۆجالان تەنها زیندانی کردنی سەرۆک و شۆڕشگێڕێکی کورد نیە وەک باقی سەرکردەکانی کورد بەڵکو زیندانی کردنی هزر و بیر و بیرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی و نێونەتەوەییە، ئەوەش لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵات و جیهان دەخوازێ پێکەوە کار و تێکۆشان بکەن بۆ ئازادکردنی.

'ئەندێشەکانی ئۆجالان تەنیا بۆ کوردان نییە، بۆ هەموو گەلانی جیهانە'

جوتیار رەشید باسی لەوەشکرد کە پێیوایە دەبێت دۆسیەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دۆسیەی سیاسی کوردەوە بکرێتە دۆسیەی هزری رۆژهەڵات و نێونەتەوەی و بەم جۆرە بەردەوام بوو: " من پێم وایە دەبێ هەوڵ بدرێ کەیسی بەڕێز ئۆجالان لە کەیسێکی سیاسی کوردیەوە بگۆڕدرێ بۆ کەیسێکی هزری ڕۆژهەڵاتی و نێونەتەوەیی،چەنکە هزری بەڕێزیان تایبەت نیە بە کورد بەڵکو تێزێکی مۆدێرنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە و موڵکی هەموو گەلانی دونیایە،زیندانی کردنەکەشی لەسەر ئەو هزرەیەتی بۆیە گەلانی هەموو دونیا ئەرکی ئەخلاقیان لەسەرە هەوڵ بۆ ئازادکردنی بدەن."

رەشید هێمای بۆ ئەوەش کرد کە هەموو ئەوانەی خاوەنداری لە رامان و فەلسەفەی ئۆجالان دەکەن و پەسەندی دەکەن و لەوپێناوەدا تێدەکۆشن، لە هەر ئایین، نەتەوە و زمانی جیاواز بن، دەبێت لەیەکتر نزیک ببنەوە و یەک بناسن و بەم جۆرە درێژەی پێدا: " پێویستە بەردەوام هەڵگرانی هزری بیرمەندی کورد ئۆجالان لەهەر ئاین و نەتەوە و زمانێکی جیهان بن لەیەک نزیک ببنەوە و یەکتری بناسن،چونکە لەهەر کوێیەک بن تاکێکن لە نەتەوەی دیموکراتیک،ئەم جۆرە کۆڕبەند و کۆبونەوانە گرنگی زۆریان هەیە بۆ یەکتر ناسین و پاڵدانە یەکتر و بیر و ڕاگۆڕینەوە و سود وەرگرتن لە تاقیکردنەوەکانی یەکتر".

جوتیار رەشید پێشنیازیشی کرد، 'تۆڕێکی جیهانی لە نێوان هەڵگرانی هزر و فەلسەفەی ئۆجالان دروستبکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە تواناکانی یەکتر سود وەربگرن و بە ئاسانی هەماهەنگی لە نێوانیاندا بکرێ".

هـ . ب