تائێستا سلێمان ئەحمەد دەستبەسەرە

٢٢٨ رۆژە رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و لە زینداندایە.

هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز سلێمان ئەحمەد رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەمەبەستی سەردان چووبووە لای بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب. سلێمان رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی پێشخابور (سێمالکا) لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرابوو و دوای حەوت مانگ پاڕێزەران توانیبوویان دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن. رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد ماوەی ٢٢٨ رۆژە لە زیندانی پەدەکەدایە.

هەفتەیەک دوای شوێنبزرکردنی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد کە گوایە رفاندنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانیەوە نییە و بەم جۆرەی هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی لەو رۆژنامەنووسە کردبوو. سلێمان نزیکەی ٥ ساڵ دەبوو لە بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوزدا وەک هەواڵساز کاری دەکرد.

دواجار و لە ئەنجامی گوشاری مەدەنی رۆژنامەوانان، سەندیکا و رێکخراوەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی، رۆژی ٢٢ی ئایار رێگە بە پاڕێزەرانی سلێمانی ئەحمەد درا، کە لە زیندانی ئاسایشی دهۆک چاویان پێی بکەوێت.

رۆژی سێی حوزەیرانیش دادگای تاوانەکانی دهۆک رۆژی ٣٠ حوزەیرانی وەک رۆژی دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی سلێمان ئەحمەد دەستنیشان کرد.

هـ . ب